Sarp Özer
10 تشرینی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 11 تشرینی دووەم 2022
ئەنقەرە – AA
چەند خولەکێک بەر لەوەی خامۆشییەکی ناکۆتا باڵ بکێشێت لە رێڕەوەکانی کۆشکی دۆڵمەباهچە گوتەکانی "سەیر بکە، مێژوویەک کۆچ دەکات..." دەنگی دەدایەوە، ئەم رۆژە ١٠ی تشرینی دووەمی ١٩٣٨ بوو و کاتیش کاتژمێر ٠٩:٠٥.
٨٤ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر کۆچی دوایی و چاو لێکنانی یەکجارەکی رابەری مەزن مستەفا کەمال ئەتاتورک کە گەلێکی لە دیلێتی رزگار کرد و وەک "کاراکتەری ئازادی و سەربەخۆیی" لەقەڵەم دراوە.
ئەتاتورک لە ١٨٨١ لە سێلانیک لە دایک بووە، یەکەم قۆناغی خوێندنی لە قوتابخانەی گەڕەکی حافز مەهمەت ئەفەندی دەست پێ کردووە و قۆناغی سەرەتاییشی لە قوتابخانەی شەمسی ئەفەندی خوێندووە.

ئەتاتورک کە لەسەر ویستی خۆی وازی لە قوتابخانەی ناوەندی مولکییەی سێلانیک هێناوە کە بە مەبەستی خوێندنی قۆناغی ناوەندی رووی لەوێ کردبوو لە قوتابخانەی ناوەندی سەربازیی سێلانیک بەردەوامی بە خوێندن دا، عەریف مستەفا ئەفەندی کە لەم قوتابخانەیەدا مامۆستای بیرکاری بوو بۆ جیاکردنەوەی ئەتاتورک لەو کەسانەی دیکە کە ناویان مستەفایە ناوی دووەم بە ئەتاتورک دەبەخشێ کە "کەمال"ە و بە واتای خاوەن توانای بەرز دێت.
ئەتاتورک دوای تەواوکردنی قوتابخانەی ناوەندی سەربازیی سێلانیک بە پلەی دووەم لە فەرمانگەی سەربازیی ماناستر دەردەچێت، ئەتاتورک کە جگە لە فێربوونی سەربازیی، هەروەها سەرقاڵ دەبێت بە فێربوونی زمانی بیانییش لە هاویناندا لە سێلانیک دەست دەکات بە فێربوونی زمانی فەڕەنسی.

دواتر ئەتاتورک دەچێتە ئیستانبوڵ لە ١٨٩٩ و قوتابخانەی جەنگیی لە ١٩٠٢ بە پلەی مولازم تەواو دەکات، هەروەها لە ئەکادیمیای جەنگییش لە ١٩٠٥ بە پلەی نەقیب دەردەچێت.
دوای ١٧رۆژ لە کردنەوەی پەرلەمانی تورکیا لە شەشی نیسانی ١٩٢٠ لەسەر راسپاردەی ئەتاتورک ئاژانسی ئانادۆڵو دادەمەزرێندرێت، ئاژانسی ئانادۆڵو کە بە مەبەستی "گەیاندنی دەنگی تورکیا بە جیهان" دامەزرێندرا، یەکەمین ئەو یاسایانەی بڵاو کردەوە کە لە پەرلەمان دەرچوون و بووە گەواهیدەری تەواوی قۆناغەکانی خەباتی نیشتمانیی و جەنگی رزگاریخوازیی.
دوای شەڕی رزگاریخوازیی، کۆماری تورکیا لە ٢٩ی تشرینی یەکەمی ١٩٢٣ لەلایەن پەرلەمانی تورکیا راگەیەندرا و مستەفا کەمال ئەتاتورک بە سەرکۆمار هەڵبژێردرا، ئەتاتورک کە چوار جار لەسەریەک بە سەرکۆمار هەڵبژێردرا لە مێژووی کۆماری تورکیادا درێژترین ماوە لە پۆستی سەرکۆمار ماوەتەوە.

گازی مستەفا کەمال لە ٢٤ی تشرینی دووەمی ١٩٣٤ بە یاسای ژمارە ٢٥٨٧ پاشناوی "ئەتاتورک"ی پێبەخشرا و بەکارهێنانی ئەم پاشناوە لەلایەن کەسانی دیکەوە قەدەغە کرا.
مستەفا کەمال ئەتاتورک کە بە لێهاتوویی سەربازیی و سیاسیی خۆی ناوی لە مێژووی تورکیا و جیهاندا نووسیوە لە ١٠ی تشرینی دووەمی ١٩٣٨ ساڵیدا کاتژمێر ٠٩:٠٥ لە تەمەنی ٥٧ ساڵیدا لە کۆشکی دۆلمەباخچە کۆچی دوایی کرد.
لە ١٦ی تشرینی دووەم تەرمی ئەتاتورک لە هۆڵی مەراسیمی کۆشکی دۆلماباخچە خرایە سەر سەکۆی دارتەرم.

سێ رۆژ دواتر و لە ١٩ی تشرینی دووەمی تەرمی ئەتاتورک کە لەلایەن جەماوەرێکی زۆرەوە ماڵئاوایی لێکرا رەوانەی ئیزمیت کرا، دواتر ئێوارەی هەمان رۆژ بەو شەمەندەفەرەی کە بۆ هەموو گەشتەکانی وڵاتەکەی بەکاری دەهێنا، رەوانەی ئەنقەرە کرا.
تەرمەکە کە لە ٢٠ی تشرینی دووەمی لە ئەنقەرە لەلایەن بەرپرسانی دەوڵەتەوە پێشوازی لێکرا لە بەردەم پەرلەمانی تورکیا خرایە سەر سەکۆ. تەرمی ئەتاتورک کە لە مۆزەخانەی ئێتنۆگرافی ئەنقەرە لە ٢١ی تشرینی دووەمی ١٩٣٨ لە مەراسیمێکی گەورەدا بەخاک سپێردرابوو لە ١٠ی تشرینی دووەمی ١٩٥٣ گواسترایەوە بۆ مەنزڵگەی هەمیشەیی خۆی کە ئانتکابیرە.
