Ankara
ئەنقەرە - AA
وەزارەتی بەرگریی تورکیا بڵاوی کردەوە، له ههفتهی ڕابردوودا، دوو تیرۆریستی دیکەی پەکەکە خۆیان ڕادەست کردووە. ههڵمهتی دۆزینهوه و لەناوبردنی مین و تەقەمەنی، ئەشکەوت، حەشارگە و پەناگەکانی تیرۆریستان لە ناوچەکانی ئۆپەراسیۆن بەردەوامە.
ڕاوێژکاری ڕاگەیاندن و پەیوەندییە گشتییەکانی وەزارەتی بەرگریی تورکیا و گوتەبێژی وەزارەتەکە، ئەدمیراڵ زەکی ئاکتورک لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیی هەفتانەی وەزارەتەکەدا، بۆ ڕۆژنامەنووسان دووا.
ئاکتورک ئاماژهی بهوه كرد كه هەموو یەکە و دامەزراوەکانی وەزارەت، بۆ بەرگریی و ئاسایشی تورکیا لە ڕووی چۆنایەتی و چەندایەتییەوە زیاتر بەهێز دەبن و بەردەوامن لە جێبەجێ کردنی هەموو ئەو ئەرکانەی بە سەرکەوتوویی گرتوویانەتە ئەستۆ.
ئاکتورک جەختی لەسەر ئەوە کردەوە سوپای تورکیا پێداگرانە بەردەوامە لە بەرەنگاربوونەوەی ئەو مەترسی و هەڕەشانەی لە سەر مانەوە و ئاسایشی وڵات لەسەر سنوورەکان و ئەودیو سنوورەکان هەن و، ڕایگەیاند: "لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنە بەردەوامەکان و هەڵمەتەکانی گەڕان و پشکنیندا، لە ماوەی هەفتەیەکدا دوو تیرۆریستی دیکەی پەکەکە خۆیان ڕادەست کردووە. کارەکانی دۆزینهوه و لەناوبردنی مین و تەقەمەنی، هەروەها ئەشکەوت، حەشارگە و پەناگەکانی تیرۆریستان لە ناوچەکانی ئۆپەراسیۆن بەردەوامە".
هەروەها ئاکتورک ئاماژەی بەوە کرد کە بە سیستمی ئەمنی پلەبەندی و ڕێوشوێنی پاڵپشتیکراو بە تەکنەلۆجیا، بێوچان بەرەنگاربوونەوەی تێپەڕبوونی نایاسایی و قاچاخچێتی بەردەوامە.
گوتیشی: "لە ماوەی هەفتەیەکدا لەسەر سنوورەکانمان ١٧١کەس دەستگیرکراون کە دووانیان ئەندامی ڕێکخراوی تیرۆریستین. لە یەکی کانوونی دووەمەوە تا ئەمڕۆ ژمارەی ئەو کەسانەی لە کاتی هەوڵدان بۆ تێپەڕبوونی نایاسایی دەستگیرکراون گەیشتووەتە ههزار و ٦٩٥ کەس. لەگەڵ ڕێگریی کردن لە هەزار و ٩٦٨ کەسی دیکە لە ماوەی هەفتەکەدا، کۆی ئەو کەسانەی ئەمساڵ ڕێگرییان لێکراوە گەیشتە ١٨ هەزار و ٨٩٧ کەس".
ئاکتورک باسی لهوه كرد كه تورکیا لە چوارچێوەی ئەرکە نێودەوڵەتییەکان و بەتایبەت ناتۆ، لە قوبرس، ئازەربایجان، لیبیا، سۆماڵ، قەتەر، بۆسنە و هەرزەگۆڤینا و کۆسۆڤۆ بەردەوامن لە پشتیوانی كردنی وڵاتانی دۆست و هاوپەیمان بۆ چەسپاندنی ئاشتیی و سەقامگیریی. ههروهها تورکیا بەردەوام دەبێت لە جێبەجێ کردنی بەرپرسیارێتییەکانی لەناو ناتۆدا.
