Mesut Varol
31 ئاب 2019•نوێکردنەوە: 02 ئەیلوول 2019
وان - AA
بەمەبەستی نیشاندانی جوانی مێژوویی و سرووشتی دەریاچەی وان، چالاکی مەلەکردن بە رێگەیەکی ئەنتیکی (شوێنەواریی) ژێر ئاو بەرەو دوورگەی چارپاناک رێکخرا.
لە چوارچێوەی ئەو چالاکییەی کە لە لایەن دەزگای چالاکوانانی دەریاچەی وان، شارەوانی توشبا و ناوەندی پەروەردەی رزگارکردن و گەڕان رێکخرا، چالاکوانان بە رێگەی بەلەم و ئۆتۆمبێل ھاتنە شوێنێکی نزیک لە دوورگەکە.
لە دوای ئامادەکارییەکان، چالاکوانان چوونە نێو دەریاچەی وان و دەستیان بە مەلەکردن کرد.
مەلەوانەکان نزیکەی یەک کیلۆمەتریان بە مەلەوانی بڕی و ئەو شوێنانەیشی کە ئاستی ئاوی تیادا نزمبوو، بە پێ رۆیشتن و لە ماوەی دوو کاتژمێردا گەیشتنە دوورگەکە.
سەرۆکی شارەوانی توشبا، ساڵح ئاکمان لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنووسان رایگەیاند کە ئەمساڵ بۆ دووەم جارە ئەم جۆرە چالاکییە ئەنجام دەدەن و وێنەیەکی جوانی خستووەتە بەر دیدی خەڵک.
ئاکمان رایگەیاند کە ئەوان دەیانەوێت دەرگای کەرتی گەشتیاری بۆ دوورگەی چارپاناک و ئەو شوێنەوارەی لەسەریەتی، بکەنەوە. گوتیشی: "دەریاچەی وان گەورەترین بەھای شارەکەمانە. بە ھۆی فراوانییەکەیەوە ئێمە بە دەریا ناوی دەبەین. ئاوەکەی شیفایە. ھەموو ساڵێک ھەزاران کەس لێرەدا مەلەوانی دەکەن، بۆیە پێویستە دەریاچەکەمان بە پاکی رابگرین".
لەلایەکی دیکەش، سەرۆکی دەزگای چالاکوانانی دەریاچەی وان، ئەردۆغان ئۆزە رایگەیاند کە بە گرووپێکی ٥٠ کەسی چالاکی مەلەوانیان ئەنجامداوە.