Erbil Başay,Ramal Abdullah Mahmood
07 تشرینی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 07 تشرینی یەکەم 2017
بەرلین – AA
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو رایگەیاند وێڕای گرژی تێکەوتنەکانی ساڵی پار، هۆکارێک نییە بۆ ئەوەی کێشە لە نێوان تورکیا و ئەڵمانیا دروست بێت.
چاوشئۆغڵو لە میانی هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ گۆڤاری Der Spiegel-ی ئەڵمانی لە بارەی پەیوەندییەکانی تورکیا و ئەڵمانیا دوا.
لە وەڵامی پرسیاری ئەوە کە بەر لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی ئەڵمانیا چاوشئۆغڵو پێی وابوو کە دوای هەڵبژاردنەکان پەیوەندییە دووقۆڵییەکانیان ئاسایی دەبنەوە، ئێستاش هەر لەو باوەڕەدایە و هەوڵیان داوە بۆ ئەمە. چاوشئۆغڵو گوتی: "وێڕای گرژی تێکەوتنەکانی ساڵی پار کە هەر چۆنێکیش بووبێت، هۆکارێک نییە بۆ ئەوەی کێشە لە نێوان تورکیا و ئەڵمانیا دروست بێت".
چاوشئۆغڵو ئاماژەی بەوەدا کە جیاوازی بیروبۆچوونیان لەسەر ئەنجامدانی گشتپرسیی تایبەت بە هەمواری دەستووری تورکیا دروست بووە، گوتی: "هەراسان بووین بە رێگە نەدان بە سیاسەتمەدارانی حکوومەتی تورکیا تاکو لە ئەڵمانیا گوتار بدەن. بەڵام من بەر هەڵبژاردنەکانیش بە زیگمار گابرێل-ی دۆستم گوت 'با پێکەوە بۆ پێشەوە بڕوانین. ئەگەر ئێوە یەک هەنگاو بەرەو ئێمە بنێن. ئێمەش دوو هەنگاو بەرەو ئێوە دەنێین".
چاوشئۆغڵو تیشکی خستە سەر ئەوەی کە تاکو ئێستا سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان دەستی وەرنەداوەتە هیچ هەڵبژاردنێکی ئەڵمانیا. لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی کە بۆچی لە هەڵبژاردنی ئەڵمانیا ئەردۆغان دەستوەردانی کردووە، چاوشئۆغڵو گوتی: "سەرکۆمار ئەردۆغان لە ساڵی ٢٠٠٢ەوە هاتووەتە سەر دەسەڵات. لەو کاتەوە هیچ دەستوەردانێکی لە هەڵبژاردنەکانی ئەڵمانیا نەکردووە. لە کاتی ئەنجامدانی گشتپرسییەکە بە لایەنگری کردن ئەڵمانیا دەستی وەردایە کاروباری ناوخۆمان. ئەڵمانیا هەڵمەتێکی لە دژی سیستەمی سەرۆکایەتی دەست پێکرد. ئەمەش وەڵامی درایەوە".
وەزیری دەرەوەئ تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو ئاماژەی بەوەشدا کە چەندین ساڵە تورکیا هەڵوێستی نەگۆڕاوە سەبارەت بە بوونە ئەندامی لە یەکێتیی ئەورووپا، گوتی: "یەکێتیی ئەورووپا بڕیار دەدات لەسەر بەردەوامی دانوستانەکان. هەرچۆنێک بێت ئێمە بەردەوام دەبین لەسەر رۆیشتن بە رێگای خۆماندا".