Tuğba Altun,Gökhan Çeliker
13 نیسان 2025•نوێکردنەوە: 14 نیسان 2025
ئەنقەرە - AA
وەزیری دەرەوەی تورکیا هاکان فیدان لەبارەی هەڵوێستی عێراق لەمەڕ ڕێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە ڕایگەیاند: "هەنووکە عێراق مامەڵەی ڕێکخراوێکی تیرۆریستی لەگەڵ پەکەکەدا دەکات. لە ئێستادا وەک ڕێکخراوێکی قەدەغەکراو دەناسرێت، لە ئاکامدا قەدەغەکراو و یان تیرۆریستی جیاوازییەکی نییە، ئەوەیکە لە دەرەوەی یاسایە تەواوە. ئەوەی گرنگە هەڵوێست وەرگرتنە (لە دژی ڕێکخراوەکە)".
لە میانی چوارەمین کۆڕبەندی دیپلۆماسی ئانتاڵیا، ئەمڕۆ پێنجەمین کۆبوونەوەی باڵای میکانیزمی ئاسایشی لە نێوان عێراق و تورکیا بەڕێوەچوو.
بە سەرپەرشتی هەریەکە لە وەزیری دەرەوەی تورکیا هاکان فیدان و جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوە فوئاد حوسێن و بەرپرسانی دامودەزگاکانی بەرگریی و هەواڵگری هەردوو وڵات، پێنجەمین کۆبوونەوەی باڵای میکانیزمی ئاسایشی لە نێوان عێراق و تورکیا ئەنجام درا.
وەزیری بەرگریی تورکیا یاشار گولەر، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی (میت) ئیبراهیم کاڵن و جێگری وەزیری ناوخۆی تورکیا مونیر کاراڵئوغڵو ئەندامانی شاندی تورکیا بوون کە بەشدارییان لە کۆبوونەوەکەدا کرد.
دوای کۆبوونەوەکە، وەزیری دەرەوەی تورکیا هاکان فیدان قسەی بۆ ڕۆژنامەنووسان کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە کۆبوونەوەیەکی بەسوودیان ئەنجام داوە و لەم بارەیەوە ڕاگەیاندراوێکی هاوبەش ئامادە دەکرێت و جەختی لەوەش کردەوە کە هەردوولایەن بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتی و پاکییەوە هەڵوێستی خۆیان لەبارەی پرسە ئەمنییەکانەوە خستووەتە ڕوو.
فیدان جەختی لەوەش کردەوە کە هەم عێراق و هەم تورکیا لە نزیکەوە چاودێری دۆخی ناوچەکە دەکەن و ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا پرسە ئەمنییەکان و لەسەرووی هەموویانەوە تیرۆر و هەروەها پێشهاتە ئەمنییەکان کە ڕەنگە لە داهاتوودا بێتە پێشەوە، قسەیان لەبارەوە کراوە.
وەزیری دەرەوەی تورکیا هاکان فیدان لەبارەی هەڵوێستی عێراق لەمەڕ ڕێکخراوی تیرۆریستی پەکەکە ڕایگەیاند: "هەنووکە عێراق مامەڵەی ڕێکخراوێکی تیرۆریستی لەگەڵ پەکەکەدا دەکات. لە ئێستادا وەک ڕێکخراوێکی قەدەغەکراو دەناسرێت، لە ئاکامدا قەدەغەکراو و یان تیرۆریستی جیاوازییەکی نییە، ئەوەیکە لە دەرەوەی یاسایە تەواوە. ئەوەی گرنگە هەڵوێست وەرگرتنە (لە دژی ڕێکخراوەکە). عێراقیش چاوەڕوانی ئاکامی بانگەوازەکەیە (چەکدانان). ئەو بانگەوازە لەوێش کاریگەری هەبووە. ئەو بانگەوازە لە لایەن تورکیا و ئیمراڵییەوە کراوە و پێویستە ڕێکخراوەکە چەک دابنێت و چی زووە خۆی هەڵوەشێنێتەوە. لە هەمانکاتدا پێویستە لە سووریاش ڕێککەوتن لەگەڵ دیمەشق زوو ئەنجام بدرێت و چی زووە سەقامگیری بۆ ئەو وڵاتەش بگەڕێتەوە. هەم عێراق و هەم تورکیا لە چاوەڕوانی ئەوەدان و ئەوەمان هەم لە کۆبوونەوەکەدا باس کرد و هەم لە ڕاگەیاندراوی هاوبەشیشدا باسی دەکەین".
هاکان فیدان هەروەها باسی لەوەش کرد کە لە کۆبوونەوەکەدا باسیان لە نیگەرانییەکانی خۆیان لەهەمبەر دۆخی شنگال کردووە و ئەوەیان بە شاندی عێراقی ڕاگەیاندووە و جەختیان لەوەش کردووەتەوە کە لە نزیکەوە چاودێری دۆخەکە دەکەن.