نامەی ئەمینە ئەردۆغان بۆ مێلانیا ترەمپ سەبارەت بە کۆتاییهێنان بە قەیرانی مرۆیی لە غەززە: "دەمێکە کاتی هاتووە"
ئەمینە ئەردۆغان، هاوسەری ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرکۆماری تورکیا، نامەیەکی ئاڕاستەی مێلانیا ترەمپ، هاوسەری دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا کرد و، داوای لێدەکات هەمان هەستیاری کە بۆ جەنگی ئۆکراینا نیشانی داوە، بۆ قەیرانی مرۆیی لە غەززەش نیشانی بدات.

ئەنقەرە - AA
لە نامەکەیدا، ئەمینە ئەردۆغان بە سڵاوێکی دۆستانە بۆ مێلانیا ترەمپ دەستیپێکردووە، تیایدا ئاماژەی بەوە کردووە کە سەرەڕای تێپەڕبوونی شەش ساڵ بەسەر دیدارەکەیان لە کۆشکی سپی لە واشنتۆن، هێشتا گفتوگۆی دڵسۆزانە و میواندارییە ناوازەکەی مێلانیا ترەمپ لە یادیدا نوێیە.
ئەمینە ئەردۆغان لە نامەکەیدا باسی لەوە کردووە کە لەو باوەڕەدایە مێلانیا ترەمپ هەمان ئەو هەستیارییەی بۆ جەنگی ئۆکراینا نیشانی دا بۆ غەززەش نیشانی دەدات و، رایگەیاند: "لەو باوەڕەدام ئەو هەستیارییە گرنگەی بۆ ٦٤٨ منداڵی ئۆکراینی کە لە جەنگدا گیانیان لەدەستدا نیشانتاندا، بەشێوەیەکی بەهێزتر بۆ غەززەش نیشانی دەدەیت کە لە ماوەی دوو ساڵدا ٦٢ هەزار هاووڵاتی مەدەنی بێتاوان کە ١٨ هەزاریان منداڵن، دڕندانە کوژران''.
هەروەها لە نامەکەیدا ئەمینە ئەردۆغان دەڵێت: "ناردنی نامەیەک بۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بنیامین ناتانیاهو کە بانگەوازی بەهێزتان لەخۆبگرێت بۆ وەستاندنی قەیرانی مرۆیی لە غەززە، زۆر واتادار دەبێت. لەم ڕۆژانەدا کە جیهان بەئاگا دێت و داننان بە فەڵەستیندا بووەتە ئیرادەیەکی جیهانیی، لەو باوەڕەدام بانگەوازێک لەلایەن ئێوەوە بۆ غەززە، جێبەجێ کردنی بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی دەبێت بۆ گەلی فەڵەستین''.
لە نامەکەیدا بۆ مێلانیا ترەمپ سەبارەت بە قەیرانی مرۆیی لە غەززە، ئەمینە ئەردۆغان دەڵێت: "هێشتا دەرفەتمان هەیە بۆ زیاتر لە یەک ملیۆن منداڵی غەززە کە توانیویانە لە ژیاندا بمێننەوە. دەمێکە کاتی هاتووە"
