Sezgin Pancar,Muhammet Ali Kemal
02 ئەیلوول 2018•نوێکردنەوە: 03 ئەیلوول 2018
مێرسین- AA
لە پارێزگای مێرسین کە لە رووی بەرهەمهێنانی لیمۆوە بەیەکەم پارێزگای سەر ئاستی تورکیا دادەنرێت، دەست بە کۆکردنەوەی نۆبەرەی لیمۆ کرا و لەو کارەدا زۆرترین ئەرک دەکەوێتە سەر ژنان.
لیمۆ کە یەکێکە لە گرنگترین سەرچاوەکانی داهاتی دانیشتوان لە شارۆچکە ئەردەمل سەربە پارێزگای مێرسین، لەگەڵ هاتنی مانگی ئەیلوولدا، دەست بە کۆکردنەوەی بەرهەمی لیمۆ دەکرێت.
ئەو لیمۆیانەی کۆدەکرێنەوە نرخی هەر کیلۆیەکیان بەپێی کوالیتییان لە نێوان لیرە و نیوێک بۆ دوو لیرە و نیودایە.
لەو شارەی کە ساڵی رابردوو بە بەرهەمهێنانی ٦١٤ هەزار لیمۆ لە پلەی یەکەمدا لەسەر ئاستی تورکیا دێت، هەر لە بەرهەمهێنانەوە بگرە تا بە پاکەتکردن و رەوانەکردنی بۆ پارێزگاکانی دیکە، ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان کاریان دەستکەوتووە.
ژنان زۆرینەی کرێکارەکان پێکدەهێنن و هەر لەگەڵ دەستپێکردنی وادەی کۆکردنەوەی لیمۆدا، بە مەبەستی دابینکردنی بژێویی ژیانیان، لەگەڵ یەکەم تیشکی رۆژدا رێگەی باخەکانی لیمۆ دەگرن.
دوای ئەوەش کە ئەو لیمۆیانەی لە بەرزاییەکی مامناوەنددان و دەستیان دەیگاتێ، لێدەکەنەوە، ژنان بە مەبەستی لێکردنەوەی ئەو لیمۆیانەی چەندین مەتر بەرزن، پەیژە بەکاردەهێنن.
پاش ماندووبوونی زۆر و لە کەشێکدا کە پلەی گەرما لە ٣٥ پلە نزیک دەبێتەوە، ژنان بۆ رەواندنەوەی ماندوێتییان لە نێوان دار لیمۆکاندا سفرە رادەخەن و نانێک دەخۆن، هەقدەستی ماندووبونیان تا ئێوارەش بریتییە لە ٦٥ بۆ ٧٠ لیرە.
یەکێک لە کرێکارەکان، ئەلیف ئالیمی تەمەن ٣٨ ساڵی دایکی چوار منداڵە، ئەو بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی گوت کە دوای ئەوەی سەر لە بەیانی زوو هەڵدەستێت و نانی بەیانی بۆ منداڵەکانی ئامادە دەکات، بە مەبەستی دابینکردنی بژێوی بۆ خێزانەکەی روو لە باخەکانی لیمۆ دەکات.
ئەلیف باسی لەوەکرد لە تەمەنی ٢٣ ساڵییەوە ئەم کارە دەکات و گوتی: "بەو پارەیەی کە دەستم دەکەوێت، خەرجیی منداڵەکانم دابین دەکەم و پێداویستییەکانی ماڵەوە پڕدەکەمەوە. پێگەیاندن و کۆکردنەوەی لیمۆ کارێکی قورسە. کەشوهەوا زۆر گەرمە. کارکردن لەم گەرمایەدا هیچ ئاسان نییە. ئەمە جگە لەوەی ئێمە زۆر زوو لەخەو هەڵدەستین. منداڵی بچووکیشمان هەیە کە لە ماڵەوە جێیان دەهێڵین، قورسە بەڵام ناچارین ئەم کارە بکەین".