Muhammet Ali Kemal
16 شوبات 2016•نوێکردنەوە: 17 شوبات 2016
وەزیری دادی توركیا بەكر بۆزداغ سەبارەت بە بوودجەی وەزارەتی داد كە لە لیژنەی پلان و بوودجە لەپەرلەمان تاوتوێ دەكرێت، وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانانی دایەوە.
لەبارەی پرسی سەردانی ئیمڕاڵییەوە کە لە میانی کۆبوونەوەکەدا هاتە ئاراوە بەكر بۆزداغ وەڵامی پرسیارەكانی سەبارەت بە سەردانی پەرلەمانتاران بۆ گرتووخانەكان دایەوە و ئاماژەی بەوە كرد كە ئەو سەردانانەی لە لەچوارچێوەی یاساكاندا ئەنجام دەدرێن و وەزارەتی دادیش رێگەی بەهەموو ئەو سەردانانە داوە كە بەو جۆرەن.
بۆزداغ رایگەیاند كە تا مانگی تەمووز رێگەمان بە سەردانكردن بۆ ئیمڕاڵی لەو چوارچێوەیەدا داوە، بەڵام لەدوای مانگی تەمووزەوە، بەهۆی هەڵكشانی رووداوەكانی توندوتیژی، مافی بڕیاردان لەوبارەوەیە لەلای وەزارەتی دادە و وەزارەتیش ئەو مافەی خۆی بەكارهێناوە''.
لەوەڵامی پرسیاری پەرلەمانتارانی هەدەپەدا بەوەی 'ئێوە مافی رێگەنەدانتان بەكارهێنا، ئایا ئەم كارەتان پاڵپشتی یاسایی هەیە؟' وەزیری داد رایگەیاند: ''بەڵێ بەوجۆرە بەكارمان هێناوە. دەسەڵاتەكە لەدەستی مندایە و من بەكاری دەهێنم. لەكاتێكدا لە هەموو لایەك خوێن دەڕێژرێت، هێرش دەكرێتە سەر پۆلیس و سەرباز، من وەك وەزیری داد خاوەنی ئەو مافەم كە بڕیاربدەم، لەبەر ئەوەش رێگەم نەداوە''.
لەدوای ئەوەش كە پەرلەمانتاران جەختیان لەسەر ئەوە كردەوە كە 'بۆچی رێگەی نەداوە' بۆزداغ گوتی: ''باسی ئەوە دەكەم، لە دوای ٢٠ی تەمووزەوە بەهۆی دەست پێكردنی هێرشە تیرۆریستییەكانەوە، وەڵامی ئەرێنی داواكاری پەرلەمانتارانم بۆ بینینی ئەندامانی گرووپی تیرۆریستی نەداوەتەوە. من بەم شێوەیە ئەو مافی بڕیاردانە بەكاردەهێنم كە لەدەستم دایە. پێشم وایە بەو شێوەیە بەرژەوەندی گشتیم پاراستووە''.
وەزیری داد وەڵامی ئەو بانگەشانەی دایەوە كە باس لەوە دەكەن كە ماوەی ١٠ ساڵە عەبدوڵڵا ئۆجەلان پەراوێز خراوە و گوتی: ''ئۆجەلان سەركردەیەكی سیاسیی نییە. ئۆجەلان دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری رێكخراوی تیرۆریستییە. هەر بەم هۆیەوە دادگایی كراوە، سزای بەسەردا سەپێنراوە و سزاكەی یەكلایی بووەتەوە، ئەو ئێستا مەحكوومە بە تێپەڕاندنی سزاکەی. جێبەجێ كردنی سزاكەی درێژەی هەیە. ئەو دوو كەسەی كە لەلای بوون، هەروەك چۆن پێشتر لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتیی سزا و دەستبەسەركردنەوە بۆ لای ئەو نێردرابوون، بەو شێوەیەش بڕیار لەسەر ئەوە دراوە كە بۆ گرتووخانەی دیكە بگوازرێنەوە. سەبارەت بە یەكتربینینەكان، من مەبەستم یەكتربینین و سەردانی پەرلەمانتاران بوو. ئەگەرنا، پارێزەران و كەسوكاری مافی ئەوەیان هەیە سەردانی بكەن. ئەوانیش بەهۆی كێشەی گواستنەوەوە نەیانتوانیوە ئەو مافەیان بەكاربهێنن''.
لەدوای رەخنەی پەرلەمانتارانی هەدەپە بەوەی 'كەسوكاری ناتوانن سەردانی بكەن، چوار ساڵ و نیوە پارێزەرەكان نەچوون بۆ لای، ١٠ مانگە خانەوادەكەی ناتوانن سەردانی بكەن. بەدرێژایی دوو ساڵ و نیو دەسەڵاتدارانی حكوومەت چۆن سەردانیان كردووە؟' بۆزداغ گوتی: ''دەگوترێ كە كێشەی گواستنەوە بوونی هەیە و منیش ئەوەتان پێ دەڵێم''.