Hemın Othman Mohammed
16 شوبات 2016•نوێکردنەوە: 17 شوبات 2016
وەزارەتی دەرەوەی توركیا، بە توندی ئیدانەی هێرشە ئاسمانییەكانی رووسیای كرد لە سووریا و جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە ئەو هێرشانە بە ئاشكرا تاوانێكی جەنگە و دژ بە یاساكانی نێودەوڵەتییە.
لە روونكردنەوەیەكدا كە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەوی توركیا بڵاوكراوەتەوە، ئەوە وەبیرهێنراوەتەوە كە لە كۆبوونەوەكەی 11ی ئەم مانگەی کۆنگرەی میونیخ گرووپی پشتیوانی نێودەوڵەتی لە سووریا، بڕیار دراوە بە راگرتنی شەڕ و پێكدادانەكانی سووریا.
لە روونكردنەوەكەدا هاتووە "پاش ئەو بڕیارەی رووسیا، بە داخەوە بینیمان لەبری راگرتنی هێرشە ئاسمانییەكانیان لە سووریا، هێرشەكانیان زیاتر كردووە و بەتایبەتی هاووڵاتییانی مەدەنی، نەخۆشخانە و قوتابخانەكان دەكەنە ئامانج. بەو جۆرە لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا لە شارۆچكەی عەزازی باكووری حەلەب دوو قوتابخانە و نەخۆشخانەیەك، لە شارۆچكەی مەعرەت ئەنوعمانی سەربە پارێزگای ئیدلب، نەخۆشخانەیەكی رێكخراوی پزیشكانی بێ سنووریان كردۆتە ئامانج. لە ئەنجامی ئەو هێرشانەی رووسیا كە بە فڕۆكە و مووشەك ئەنجامی داون زیاتر لە 30 هاووڵاتی مەدەنی بێ تاوان كە زۆربەیان ژن و منداڵن كوژراون، زیاتر لە 100 كەسی دیكەش بریندار بوون.
- "ئەو هێرشانە بە ئاشكرا تاوانێكی جەنگە دژ بە یاساكانی نێودەوڵەتی"
لە روونكردنەوەكەدا بە توندی ئیدانەی هێرشەكان كراوە و هاتووە "بە توندی ئیدانەی ئەو هێرشانە دەكەین، وەك چۆن بەهیچ شێوەیەك لەگەڵ مرۆڤایەتی و ویژداندا یەك ناگرنەوە، بە ئاشكرا تاوانێكی جەنگە و دژ بە یاساكانی نێودەوڵەتییە. بەهۆی ئەو تاوانانەی كە رووسیای فیدراڵ ئەنجامی داون، جەنگی ناوخۆی سووریا قووڵتر بۆتەوە و ناوچەكەی رووبەڕووی مەترسی كردۆتەوە. گەر رووسیای فیدراڵ دەستبەجێ كۆتایی بەو هێرش و هەڵمەتانە نەهێنێت كە تادێت سووریا لە ئاشتی و سەقامگیری دووردەخاتەوە، ئەوا رووبەڕووی كێشەی گەورەتر و جددی دەبێتەوە".