لە سەدا ٧٥ی دیزاین ولێکۆڵینەوەکانی رێگای "گەشەپێدان"ی نێوان عێراق و تورکیا تەواو کراوە
بەڕێوەبەری پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان لە کۆمپانیای ڕاوێژکاری ئیتاڵی (BTB)، ویدۆ بۆنینی ڕایگەیاند کە پڕۆژەی "ڕێگای گەشەپێدان"، ١٠٠ بۆ ١٥٠ ھەزار دەرفەتی کار دەڕەخسینێت.
Iraq
عێراق ــ AA
بەڕێوەبەری پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان لە کۆمپانیای ڕاوێژکاری ئیتاڵی (BTB)، ویدۆ بۆنینی ڕایگەیاند لە سەدا ٧٥ی دیزاین ولێکۆڵینەوەکانی رێگای "گەشەپێدان"ی نێوان عێراق و تورکیا تەواو کراوە و ئاماژەی بەوەشدا کە پڕۆژەکە ١٠٠ بۆ ١٥٠ ھەزار دەرفەتی کار دەڕەخسینێت.
ویدۆ بۆنینی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ھەواڵیی فەرمی عێراقی (INA)، گوتی: "کۆمپانیاکەمان لە ساڵی ٢٠٢٣ەوە بەشداری لە پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێداندا کردووە و لەگەڵ ھاوبەشەکانمان لە دەستەی ھێڵی ئاسنینی عێراق دەستمان بە لێکۆڵینەوە لە پڕۆژەکە کردووە".
ئاماژەی بەوەشدا کە پڕۆژەکە، پڕۆژەیەکی گرنگە، چونکە نەک لە ڕووی نێودەولەتییەوە کە جیھان بەیەکەوە دەبەستێتەوە، بەڵکو لە ناوخۆشدا بەشێک لە پارێزگاکانی عێراق بەیەکەوە دەبەستێتەوە ڕوونیشیکردەوە کە کۆمپانیاکەیان بایەخێکی زۆر بەو وێستگەیانە داوە کە لە بەسرە، ناسرییە، دیوانییە، نەجەف، کەربەلا، بەغدا، سامەڕا، تکریت، بێجی و مووسڵ دروست دەکرێن.
باسی لەوەش کرد کە کۆمپانیاکەیان بایەخێکی زۆریشی بە دیزاینە ناوخۆییەکان، بەتایبەتیش ئەوەی کە تایبەتە بە پڕۆسەی گواستنەوە لە بەندەری فاوەوە بۆ دەرەوەی عێراق و گوتی : "پڕۆژەکە تەنھا لە ھێڵی شەمەندەفەر پێک نەھاتووە، بەڵکو ڕێگایەکی (ھایوەی)یش دەبێت کە لە ئوم قەسرەوە بە ناوچەی باکوور و سنووری تورکیاوە دەبەسترێتەوە بۆ گواستنەوەی کاڵاکان".
ئاماژەی بەوەدا کە "چەندین وڵات گرنگییان بە پڕۆژەکە داوە، لە سەرووی ھەموویانەوە تورکیا، چونکە ئەو وڵاتە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە ڕێگای گەشەپێدانەوە ھەیە، سەرەڕای وڵاتانی کەنداو لەوانە قەتەر و ئیمارات و سوڵتاننشينی عومان کە ئارەزووی خۆیان دەربڕیوە بۆ ئەوەی ببن بە بەشێکی چالاک لە پڕۆژەکەدا، ھەروەھا چاوەڕوان دەکەین سعوودیە دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان، بەشداری لە پڕۆژەکەدا بکات".
ئاماژەی بەوەدا کە "پڕۆژەکە لە قۆناغی یەکەمیدا پڕۆژەیەکی گواستنەوەی کاڵا و ھێڵی شەمەندەفەر و (ھایوەی) و بەستنەوەی شەمەندەفەرە لەگەڵ تورکیا، بەڵام پلانی داھاتووی دەوڵەت دروستکردنی پڕۆژەی گەشەپێدان و کارگە و یەکە پیشەسازییەکان لەسەر درێژایی ڕێگاکە لە سەرجەم پارێزگاکان دەگرێتەوە کە گونجاوبن لەگەڵ سروشتی ھەر پارێزگایەک، بۆ نموونە لە پارێزگای بەسرە کارگەی نەوت و پترۆکیمیایی دەبێت".
گوتیشی: "پڕۆژەکە لە نێوان ١٠٠ بۆ ١٥٠ ھەزار ھەلی کار دەڕەخسێنێت، و بەشداری لە بووژانەوەی ئابووری نیشتمانیدا دەکات".
باسی لەوەش کرد کە پڕۆژەکە لە قۆناغی دووەمی پڕۆژەکەدا، سەرنج دەخرێتە سەر دروستکردنی کارگە و یەکە پیشەسازییەکان و شارە ئابوورییەکان و گوتی: "ئەم پڕۆژە ئابوورییانە بەدوای یەکدا جێبەجێ دەکرێن، ئەوەش بەپێی ئەو پلانەی کە دانراوە ماوەکەی ٢٥ ساڵە".
جەختی لەوەش کردەوە کە کۆمپانیاکە تا ئێستا لە نێوان ٧٠ بۆ ٧٥ی لە سەدای دیزاین و لێکۆڵینەوەکان و جێبەجێکردنی کرداری لە شوێنی پڕۆژەکە تەواو کردووە".
گوتیشی: "وەزارەتی گواستنەوەی عێراق نیازی ھەیە سەکۆیەکی جیھانی بۆ پێشکەشکردنی داواکاری و لێکۆڵینەوە بۆ کۆمپانیا جیھانییەکان ڕابگەیەنێت، بۆ کارە جێبەجێکارییەکان دوای وەرگرتنی سەرجەم دیزاینە کۆتاییەکان و پشکنینەکان و کارە جیۆلۆجییەکان بە وردی و دیزاینەکانی پڕۆژەکە کە بۆ ماوەی دوو ساڵ درێژ بووەتەوە".
ھاوکات سەرۆکی کۆمەڵەی بازرگانی عێراقی - تورکی، خالید ئاجار لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆلو ڕایگەیاند کە پڕۆژەی "ڕێگای گەشەپێدان"، پڕۆژەی "ڕێگای گەشەسەندن" بوژانەوەیەکی بەرچاو لە ڕووی بازرگانییەوە لەنێوان ئەنقەرە و بەغدا دەبەخشێت.
جەختی لەوەش کردەوە کە تورکیا تەنھا لە ڕوانگەی رێڕەوی لۆجستیکی سەیری پڕۆژەکە ناکات، بەڵکو ھەوڵ دەدات بەشداری لەو وەبەرھێناناندا بکات کە لە ناوچەکانی عێراق جێبەجێ دەکرێن.
