Muhsin Arslan
20 تەمووز 2023•نوێکردنەوە: 21 تەمووز 2023
بیلەجیک - AA
لە پارێزگای بیلەجیک باکووری خۆرئاوای تورکیا گەورە شارەوانیی قۆنیا و دەزگای گەشتیاریی قۆنیا چالاکییەکی هاوبەشیان بە ناوی "٢٠٢٣ ساڵی مەولانا و ٧٥٠هەمین یادکردنەوەی حەزرەتی مەولانا" رێکخست.
لە میانی چالاکییەکەدا کە بە هاوکاریی پارێزگای بیلەجیک و وەزارەتی کولتوور و گەشتیاریی تورکیا لە ناوەندی رۆشنبیریی و کۆنگرەی شێخ ئەدەبالی بەڕێوەچوو، نمایشێکی سەمای ئایینی بەڕێوەچوو.
لە میانی چالاکییەکەدا، سەرۆکی گرووپی سەماکاران، محەمەد عەلی شاهین گوتارێکی پێشکەش کرد و گوتی: "بیروبۆچوون و بەرهەمەکانی زانای ئیسلامی مەولانا جەلالەددین رومی کە جێگەی خۆی لەناو دڵدا کردووەتەوە و بووەتە هەوێنی خۆشەویستی و بەزەیی و بە زانست و ئامۆژگارییەکانی تۆوی یەکێتیی و برایەتیی چاند و رێبازی مرۆڤایەتیی رۆشن کردەوە".
گوتیشی: "لە میانی ئەم چالاکییەدا، مۆسیقای عیرفانیی تورکی و سەمای ئایینیمان پێشکەش کرد، هاوکات لە ٧٥٠هەمین یادکردنەوەی حەزرەتی مەولانا، خۆشەویستی و سڵاومان لە قۆنیای شاری مەولاناوە بۆ هێناون".
لە کۆتایی چالاکییەکەدا، شاهین کڵاوی مەولانای پێشکەش بە جێگری پارێزگاری بیلەجیک، ڤەدات یڵماز کرد.
سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی بیلەجیک، مەهمەت ئەرگون، بەڕێوەبەری کولتوور و گەشتیاری پارێزگای بیلەجیک، سەرکان بیرجان و بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی پارێزگای بیلەجیک، جەمال کایا و ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان بەشدارییان لە چالاکییەکەدا کرد.