Mesut Karaduman
20 تەمووز 2023•نوێکردنەوە: 21 تەمووز 2023
تەکیرداغ – AA
لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، شاڵاوی کولـلە بۆسەر کێڵگە کشتوکاڵییەکان لە قەزای موراتڵی سەربە پارێزگای تەکیرداغ بەچڕی دەستی پێ کردووە.
سەرۆکی ژووری کشتوکاڵ لە قەزای موراتڵی، ئەندەر بۆڕوجو بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە بەهۆی شاڵاوی چڕی کولـلە لە کێڵگە کشتوکاڵییەکانی نزیک لە گەڕەکی هانئۆغڵو دووچاری کێشەی زۆر بوونەتەوە و یەکەمجارە قەزاکە رووبەڕووی دۆخێکی لەو شێوەیە دەبێتەوە، گوتیشی: "کولـلە لەسەرەتای دەکەوتنیدا ژمارەیان کەم بوو و زیاتر لە تەنیشت کێڵگەکانەوە دەبینران. دواتر ژمارەیان رووی لە زیادبوون کرد و هاتنە ناو کێڵگەکانی گوڵەبەڕۆژەوە. لەئێستادا زیانێکی ئەوتۆییان نییە. تیمەکانی بەڕێوبەرایەتی کشتوکاڵ و دارستانمان لە دۆخەکە ئاگادارکردەوە. تیمەکان هاتن و لێکۆڵینەوەی پێویستیان کرد".
موختاری گەڕەکی هانئۆغڵو، تورگای گونگۆر رایگەیاند، هۆشداریی پێویستی بە دانیشتوانی گەڕەکەکە داوە و کولـلە زیانی بە کێڵگەکان گەیاندووە و گوتی: "لەگەڵ تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵ و دارستانەکانی قەزاکە رێوشوێنی پێویستمان گرتووەتەبەر".
تورگای گونگۆر جەختی لەوە کردەوە کە لە چەند رۆژی رابردوودا، ژمارەی کولـلە زۆر زیادی کردووە و گوتی: "هەفتەیەک بوو هیچ زیانێکیان نەبوو، بەڵام لە یەک دوو رۆژەی دواییدا دەستیان کردووە بە زیان گەیاندن. لە کێڵگەکانی گوڵەبەڕۆژەدا بەچڕی دەبینرێن. تیمەکانی بەرێوەبەرایەتیی کشتوکاڵ و دارستانەکانی تەکیرداغ، کێڵگەکان بەزووترین کات دەرمان رێژ دەکەن. من پێشتر رووداوی لەم شێوەیەم نەبینیووە. کێڵگەکان کە دوو هەزار و ٣٠٠ دێکار دەبن، پێویستییان بە رشاندن هەیە".