Rewa Mahmood Hasan
16 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 17 تشرینی دووەم 2020
سلێمانی-AA
بەمەبەستی بەرزڕاگرتنی یادی بنیاتنانی شاری سلێمانی و پاکڕاگرتنی ژینگە و سەوزکردنی چیای گۆیژە، "کۆمەڵەی شاخەوانی سلێمانی" هەڵمەتێکی پاککردنەوە و نەمام ناشتنی لە سەر چیاکە دەستپێکرد.
١٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٠ و بەبۆنەی یادی بنیاتنانی شاری سلێمانی-یەوە، "کۆمەڵەی شاخەوانی سلێمانی" بەشداری زیاتر لە ٧٠ وەرزشدۆست، هەڵمەتێکی چاندنی نەمامی لەسەر چیای گۆیژە بەڕێوەبرد و تیایدا زیاتر لە ١٥٠ نەمام روێندران.
سەرپەرشتیاری کۆمەڵەی شاخەوانی سلێمانی، فاتیح ساڵح رۆستەم لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژەی بەوەدا کە ئەوان بەردەوام هەفتانە دوو رۆژ بەمەبەستی وەرزشی شاخەوانی دەچنە سەر چیای گۆیژە و گوتی: "بۆ پاکڕاگرتن و سەوزکردنی ئەو ژینگەیەی کە بەردەوام وەرزشی لێدەکەین، ئەمڕۆ بە بەشداری زیاتر لە ٧٠ وەرزشدۆستی کۆمەڵەکەمان، هەڵساین بە ناشتنی ١٥٠ نەمام لە بەڕوو، گێلاس و سنەوبەر بۆ ئەوەی ناوچەکە زیاتر ئاوەدان بکرێتەوە".
ناوبراو ئاشکرای کرد کە جگە لە هەڵمەتی نەمام چاندنەکە، هاوکات چەندین کیسە خۆڵیان لە ناوچەکە کۆکردۆتەوە کە گەشتیاران لەکاتی گەشتکردنیان بۆسەر چیاکە بەجێیانهێشتبوو.
نیان ئەحمەد کە لەگەڵ هاوسەرەکەی و منداڵەکەیدا هاتبوویە سەر چیای گۆیژە بۆ سەوزکردنی چیاکە، ئاشکرای کرد کە ئامانجیان لەو کارە ئەوەیە پەیامی سەوزکردن و پاکڕاگرتنی ژینگەی سلێمانی بگەیەنن بە هەموو لایەک و گوتی: "کاتەکانی تریش لە مانگێکدا هەوڵ دەدەین کاتێک سەردانی ئەم شوێنە دەکەین پاکی بکەینەوە، ئەمڕۆ هاتووین تاوەکو چیاکە سەوز بکەین و ژینگەی پاک بگەڕێنینەەوە بۆی".
ئیلیان-ی تەمەن ١٥ ساڵ کە بچووکترین بەشداربووی هەڵمەتەکەبوو، ئاماژەی بەوەدا کە ئەویش لەگەڵ دایک و باوکیدا هاتووە تاوەکو بەڕوو لەسەر چیاکە بڕوێنن و ژینگەی سلێمانی سەوزتر بکەن.
ئەو باس لەوە دەکات کە رۆژانی یەکشەممە و چوارشەممەی هەموو هەفتەیەک لەگەڵ "کۆمەڵەی شاخەوانی سلێمانی" دەچنە سەر چیای گۆیژە و گوتی: "راستە شاخەوانی وەرزشێکی قورسە، سەرەتا هیلاک دەبیت، بەڵام دواتر رادێیت، ئەمرۆ هاتین ئەو شوێنە سەوز بکەین کە بەردەوام سەردانی دەکەین. ئەمڕۆ پێنج دار بەڕووم چاند".