Esin Işık
22 کانوونی یەکەم 2023•نوێکردنەوە: 23 کانوونی یەکەم 2023
ئەنقەرە - AA
وەزارەتی بەرگریی تورکیا، شەهیدبوونی سێ سەرباز و برینداربوونی چوار سەربازی دیکەی لە هێرشێکی ڕێکخراوی تیرۆریستیی جوداخوازدا لە باکووری عێراق ڕاگەیاند.
لە ڕاگەیەندراوێکدا کە لەلایەن وەزارەتەکەوە بڵاوکراوەتەوە هاتووە: "ئەمڕۆ لە باکووری عێراق لە ئەنجامی هێرشی ئەندامانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی جوداخواز و پاشان ئەو ڕووبەڕووبوونەوەیەی دروست بوو سێ هاوڕێی قارەمانمان شەهید بوون، چوار هاوڕێی قارەمانی دیکەمان برینداربوون. لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆن بۆ سەر ڕێکخراوی تیرۆریستیی جوداخواز لە ناوچەکەدا، ڕووبەڕووبوونەوە درێژەی هەیە. هێرشی ئاسمانیی لەناکاو کرایە سەر ئەو ئامانجانەی لە ناوچەکە دیاریکرابوون لەگەڵ ئەو ئاڕاستەیەی تیرۆریستان بۆی هەڵدەهاتن. بەپێی ئامارە بەراییەکان چوار تیرۆریست لەچالاکی خراون".
هەروەها لە ڕاگەیەندراوەکەدا داوای لێخۆشبوون لە خودا بۆ شەهیدەکان و، سەرەخۆشی لە خێزانی شەهید و سوپا و گەلی تورکیا کراوە ، شیفای بەپەلەش بۆ بریندارەکان خوازراوە.