Mazın Asad
02 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 03 کانوونی دووەم 2017
ئەنقەرە - AA
جێگری سەرۆکوەزیرانی تورکیا نومان کورتوڵموش لەبارەی ھێرشە تیرۆریستییەکەی ئیستانبوڵ گوتی: "لەگەڵ ئەم کردەوە تیرۆریستییە، ھەوڵدەدرێت لە نێو گەلی تورکیا جیاکاری لە سەر ئاستی جیاوازی باوەڕ و شێوازی ژیان و مەزھەب، بکرێت. بە داخەوە چینێکی دیاریکراویش ھەوڵدەدەن لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە پروپاگەندەی ئەم جوداکارییە بکەن. با ئەوە بزانن کە ئەم گەلە زۆر ھۆشدار و بە ئەزموونە. دەزانێت کە تیرۆر ئایین و باوەڕ و ئەقڵی نییە".
کورتوڵموش دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران لێدوانێکی دا بە رۆژنامەوانان.
جێگری سەرۆکوەزیرانی تورکیا ئاماژەی بەوە دا کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیدارەی عێراقدا بۆ قۆناغێکی نوێ تێپەڕ بووە و راشیگەیاند سەرۆکوەزیران بینالی یڵدرم سەردانی عێراق دەکات و چەند کۆبوونەوەیەکی فەرمی لەو وڵاتە ئەنجام دەدات.
کورتوڵموش لەبارەی ھێرشە تیرۆریستییەکەی ئیستانبوڵ رایگەیاند: "ئەنجامدانی ئەو ھێرشە لە یەکەم خولەکەکانی ساڵی ٢٠١٧ پەیامێکی گرنگمان پێدەدات. ساڵی ٢٠١٦ ساڵێکی سەخت بوو بۆ تورکیا و ناوچەکە. رێکخراوانی تیرۆریستی بە بەکارھێنانی ھاوبەشە ستراتێژییەکانیان، ژمارەیەکی زۆر ھێرشی تیرۆریستییان بۆ سەر تورکیا ئەنجامدا. لەکاتێکدا ھیوامان خواست و گوتمان '٢٠١٧ دێت و ئینشەڵڵا رۆژانی خۆش دێت و تورکیا بە خۆشی و برایەتی و ئاشتییەوە ٢٠١٧ بەسەر دەبات'، بەداخەوە بە ئەنجامدانی ئەم ھێرشە ناپاکە، پەیامێک دەدەن و دەڵێن 'لە ٢٠١٧شدا بەڵا دەبین بۆ سەر تورکیا'. ئێمە بەوان دەڵێین کە لە ٢٠١٧ لە ھەر کوێیەک بن، لەناوتان دەبەین. بێ جیاوازیکردن لە نێو رێکخراوانی تیرۆریستی، بە ئیزنی خوا و پشتگیری گەل، بە بەکارھێنانی گشت تواناکانی گەلەکەما، چۆک بە ھەموویان دادەنێین و وەڵامی پێویستی گشتیان دەدەینەوە".
جێگری سەرۆکوەزیرانی تورکیا گوتیشی: "پەیامی دووەمی ئەم ھێرشە پەیامێکە ئاراستەی ئۆپەراسیۆنەکانی دەرەوەی تورکیا کراوە. بە تایبەتی ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فوڕات، کە لە سووریا لە دژی تیرۆریستان بە سەرکەوتووانە بەڕێوەدەچێت. ئەمەش پێدەچێت رێکخراوانی تیرۆریستی و پشتیوانانی ئەو رێکخراوانەی بێزار کردووە. بە تایبەتی ئەو ھێزانەی کە بەم سەرکەوتووانەی دوایی ئێمە ناڕەحەت بوون، روویان لە کاری تیرۆریستی کردووە".
کورتوڵموش راشیگەیاند: "لەگەڵ ئەم کردەوە تیرۆریستییە، ھەوڵدەدرێت لە نێو گەلی تورکیا جیاکاری لە سەر ئاستی جیاوازی باوەڕ و شێوازی ژیان و مەزھەب، بکرێت. بە داخەوە چینێکی دیاریکراویش ھەوڵدەدەن لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە پروپاگەندەی ئەم جوداکارییە بکەن. با ئەوە بزانن کە ئەم گەلە زۆر ھۆشدار و بە ئەزموونە. دەزانێت کە تیرۆر ئایین و باوەڕ و ئەقڵی نییە".
جێگری سەرۆکوەزیرانی تورکیا لە بەشێکی قسەکانیدا گوتیشی: "ھەر چ پیلانەکیش دابڕێژن، تورکیا لە دژی تیرۆر ھەم لە ناوەوەی سنوور و ھەمیش لە دەرەوەی سنوور رێوشوێنی پێویست دەگرێتەبەر و پێداگرین لەسەر درێژەدان بە ئۆپەراسیۆنەکانی دەرەوەی سنوور بۆ سەر رێکخراوانی تیرۆریستی تاوەکو ئەو خاڵەی کە ناتوانرێت زیان بە تورکیا بگەیەندرێت. تاوەکو خاڵی نەمانی ھەڕەشەی رێکخراوانی تیرۆریستی بۆ سەر تورکیا، ئۆپەراسیۆنەکانی دەرەوەی وڵات و ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فورات لە جەرابلوس، ئەلباب و منبج و ھەر شوێنێکی دیکە بە پێداگری درێژەی دەبێت".
کورتوڵموش گوتیشی: "پێویستە ئەوە لەبیر نەکرێت کە رەخنەگرتن لەسەر شێوازی ژیان دەبێتە ھۆی جەمسەرگیری و خزمەتکردن بە تیرۆر. لەم رۆژانەدا زیاتر پێویستمان بە یەکریزی نەتەوەیی ھەیە".