Çiğdem Alyanak,Rewa Mahmood Hasan
20 ئاب 2019•نوێکردنەوە: 21 ئاب 2019
ئیستانبوڵ - AA
گوتەبێژی ئاکپارتی عومەر چەلیک لەبارەی بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی تورکیاوە بۆ دوور خستنەوەی سەرۆک شارەوانییەکانی دیاربەکر، ماردین و وان رایگەیاند، "جارێکی تر ئەم سەرۆک شارەوانیانە لەبری مامەڵە کردن بە یاسا، خۆیان بەستەوە بەرێگەی هەڵەوە" و گوتی "دواجار بەبەکارهێنانی ئەو دەسەڵاتەی دەستوور پێی داون، رێوشوێنێک گیراوەتە بەر تاکو رێگری بکرێت لەوانەی دەسەڵاتیان لەخەڵک وەرگرتووە و هەوڵ دەدەن بەرێگەی خزمەتکردن بە تیرۆر پیسی بکەن".
لەلێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، چەلیک باسی لە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا کرد بۆ دوورخستنەوەی هەریەک لە سەرۆکی گەورەشارەوانییەکانی دیاربەکر، ماردین و وان.
چەلیک ئاماژەی بەوەدا کە ئەم پرسە پێشتریش لە تورکیا روویداوە و گوتی، "بەداخەوە لەکاتی رووداوی چاڵ هەڵکەندنەکاندا و پێشتریش هەندێک لە شارەوانییەکان دامودەزگا و توانا و دەسەڵاتەکانی شارەوانیان خستبوویە خزمەت رێکخراوی تیرۆریستانەوە و پشتگیری لۆجیستی تیرۆریستیانیان دەکرد لەو ڕێیەوە. زۆر بانگەواز کرا تاکو ئەمە دووبارە نەکرێتەوە. خۆی دەبێت لەبنەڕەتدا ئەوانەی بە دەنگی خەڵک هەڵبژێردراون، لەچوارچێوەی یاساکانی دەوڵەتی یاسادا خزمەت بە خەڵک بکەن. بەڵام هەمان ئەو دەنگۆیانەی لەبارەی تیرۆرەوە دەکران و پێشتر روویاندابوو، بەداخەوە دیسان لەلایەن سەرۆک شارەوانییەکانەوە دووبارە دەکرێتەوە. هەربۆیە بە لەبەرچاوگرتنی بنەماکانی دەوڵەتی یاسا، ئەم کەسانە لە ئەرکەکانیان دووردەخرێنەوە".
چەلیک ئاماژەی بەوەدا کە ئەو دەسەڵاتانەی دەستوور داوێتی بە وەزارەتی ناوخۆ روون و ئاشکرایە و گوتی: "لێرە مشتومڕێک دەکرێت، دەگووترێت 'ئەمانە بە هەڵبژاردن هاتوون، بۆیە راست نیە لە ئەرکەکانیان دووربخرێنەوە. دەبێت بە هەڵبژاردن لەکارەکانیان دووربخرێنەوە'. هەڵبەت ئەوانەی بە هەڵبژاردن هاتوون، پرۆسەیەک هەیە لێرەدا لە دیموکراسیدا ئەوەیە، مامەڵە کردن لەسەر بنەمەکانی دەوڵەتی یاسا و دواتر بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو ئەگەر هەڵبژێردرێنەوە شوێنەکانیان دیاری دەکرێت".
گوتەبێژی ئاکپارتی لەم بارەیەوە زیاتر دوا و گوتی: "دیموکراسی دەرژێتە رووباری یاساوە. هەربۆیە ئەوانەی لەرێگەی دیموکراسییەوە هاتوون، دەبێت پرەنسیپەکانی دەوڵەتی یاسا جێبەجێ بکەن. وڵاتێکی وەک تورکیا کە بە شێلگیرانە سەرقاڵی بەرەنگاری تیرۆرە و ساڵانێکی زۆرە باجی داوە لەبەرامبەر تیرۆردا، بەرەنگاری تیرۆر یەکەم مەرجی بەرگرییە لە دیموکراسی. ئەگەر کەسێک لە بەرەی بەرەنگاری تیرۆردا بەهەر شێوەیەک پێگەیەکی دروستی وەرنەگرتبێت، ئەوا هەرگوتەیەک لەسەر دیموکراسی بیڵێت واتای نابێت و شەرعیەتی نابێت".
چەلیک دووپاتی کردەوە کە چەندین دەیەیە تیرۆر ئازاری بە تورکیا گەیاندووە و هێرشی کردۆتە سەر دیموکراسی و دەوڵەتی یاسا، هەربۆیە هاوشانی ئەوەی ئەمە پرسێکی ئەمنییە، هاوکات پەیوەستە بە پاراستنی دەوڵەتی یاسا و دیموکراسییەوە.
لەبەشێکی تری گوتەکانیدا چەلیک وەڵامی ئەو رەخنانەی دایەوە کە ئاماژە بەوە دەکەن لەرێی ئەم بریارەوە رێگەی بەشداری سیاسیی لە کوردەکان دەگیرێت و لەو بارەیەوە رایگەیاند، پێش دەسەڵاتی ئاکپارتی زمانی هاووڵاتیان، ناسنامەکانیان قەدەغە بوو، خەڵک لەرێی شوێنی لەدایک بوونیتەوە جیا دەکرایەوە، ئەمەش کێشەیەکی گرنگ بوو لەبەردەم داخستنی رێگەکانی بەشداری سیاسی و گوتی: "سەردەمی دەسەڵاتی ئاکپارتی مەودا و بواری دەسەڵات و سیاسەتی سڤیل بەرفراوانکراو، لەرووی بەشداری پێکردنی قوڵی بەرفراوانی سیاسیی دیموکراسییەوە بە بەرهەمدارترین سەردەمی تورکیا هەژمار دەکرێت. ئەم بەڵگەیە بۆ ئەوە بەکاردەهێنن، لە بنەڕەتدا هەر بەشێکی ئەتنیکی هاووڵاتیمانن کوردەکانیش بەهەمان شێوە لە چەندین رووی سیاسییەوە بە ئازادانە و سەربەستانە سیاسەت دەکەن. بەڵام ئەگەر یەکێک بێتو هەنگاوێک بنێت دژ بە رێکخراوی تیرۆریستی، یەکسەر پرسەکە دەبەستنەوە بە هاووڵاتیانی کوردمان. لێرە هەڵەیەک هەیە. نیشاندانی رێکخراوی تیرۆریستی وەک نوێنەری هاووڵاتیانی کوردمان. ئەوە درۆیەکی گەورەیە بەدەم هاووڵاتیانی کوردمانەوە دەکرێت وەک هەندێک سیاسی بەردەوام بەکاری دەهێنن. دووهەمینیان ئێمە باس لە رێگەکانی بەشداری سیاسی ناکەین. دیسانەوە رێگەکانی بەشداریی سیاسی کراوەیە. ئەوەی گرنگە راپەڕاندنی ئەرکەکانە لەسەر بنەماکانی دەوڵەتی یاسا و دیموکراسی. ئەگەر دەخوازین بوارەکە نەرم بکەین، ئەوکات شتێک نامێنێت بەناوی شیرازەی کۆمەڵگە و دەوڵەتی یاسا. هەربۆیە بەشداری سیاسی کەناڵێکە دەبێت بۆ بەهێز کردنی دەوڵەتی یاسا و دیموکراسی".
لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی ئاماژە بەوە دەکەن کە لە سەرۆکایەتی گەورە شارەوانی وان وێنەی ئەتاتورکی لابردووە چەلیک رایگەیاند کە وەک بنەمای پرۆتۆکۆڵەکە ئەوەی لەسەر ئەو کورسیە دادەنیشێت دەبێت لەلای راستییەوە ئەتاتورک، لەلای چەپیشەوە وێنەی سەرکۆمار هەڵبواسێت.