Aylin Dal,İsmet Karakaş
10 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 10 کانوونی دووەم 2023
ئەنقەرە – AA
سەرۆکی داواکاری کۆماریی سەربە دادگای باڵای تێهەڵچوونەوە، بەکر شاهین بە ئاماژەدان بەوەی کە راستییەکی زاندراوە، هەدەپە پەیوەندی لەگەڵ رێکخراوی تیرۆریستیدا هەیە، رایگەیاند: "باسمان لەوە کرد کە بە بەڵگەی تەواو، دەرکەوتووە چالاکییەکانی پارتی سکاڵا لەسەر تۆمارکراو دژبە یەکڕیزی و یەکگرتوویی گەل و وڵاتە".
بەکر شاهین دوای ئەوەی لە هۆڵی دیوانی باڵا لێدوانی دا بۆ تیمی دادگای دەستووریی لەبارەی داواکارییەکەی بۆ داخستنی هەدەپە، بە میدیاکارانی راگەیاند، لەبارەی داواکارییەکەیان بۆ داخستنی هەدەپە و بلۆککردنی هاوکارییە خەزێنەییەکانی پارتەکە بۆ تیمی دادگای دەستووریی دواوە و گوتی: "باسمان لەوە کرد کە بە بەڵگەی تەواو، دیارە چالاکییەکانی پارتی سکاڵا لەسەر تۆمارکراو دژبە یەکڕیزی و یەکگرتوویی گەل و وڵاتە. راستییەکی زاندراوە هەدەپە پەیوەندی لەگەڵ رێکخراوی تیرۆریستیدا هەیە و هەموو کەس ئەوە دەزانێت. بە نزیکەیی تەواوی هاووڵاتییان(ی تورکیا) دەزانن کە هەدەپە لە رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە جیا نییە و سەربەخۆ نییە و هەدەپە وەک ئۆرگانێکی پەکەکە لەقەڵەم دەدەن".
سەرۆکی داواکاری کۆماریی سەربە دادگای باڵای تێهەڵچوونەوە بە ئاماژەدان بەوەی کە تاکوو ئێستا کەس نەیبیستووە پارتی سکاڵا لەسەر تۆمارکراو رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە سەرکۆنە بکات، گوتی: "بەرپرسانی پارتی سکاڵا لەسەر تۆمارکراو پەکەکە وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی نابینن، بەڵکو وەک 'بزووتنەوەی چەکداریی گەل' دانی پیادا دەنێن. ئەمەیش لەسەر شاشەی تەلەڤیزیۆنەکان بیندراوە و تۆمار کراوە. پارتی سکاڵا لەسەر تۆمارکراو وەک فەرمانگەی بەناو وەرگرتنی سەرباز بۆ رێکخراوی تیرۆریستی چالاکی ئەنجام دەدات. باشترین بەڵگەیش بۆ ئەمە گردبوونەوەی دایکانی دیاربەکرە لە بەردەم باڵەخانەی لقی دیاربەکری هەدەپە کە زیاتر لە سێ ساڵە بەردەوامە بۆ شادبوونەوە بە منداڵە هەڵخەڵەتێندراو و رفێندراوەکانیان. دەڵێی ئەو پارتە وەک لقی وەرگرتنی سەرباز بۆ رێکخراوی تیرۆریستی کار دەکات. هەرچەند بە یەکتریان ناچووێنم و ناهەقی بەرامبەر فەرمانگەی سەربازیی ناکەم، بەڵام ئەو پارتە وا چالاکی ئەنجام دەدات".
بەکر شاهین بە سەرنج خستنە سەر ئەوەی کە دوای تۆمارکردنی دۆسیەیش، هێشتا گردبوونەوەی دایکانی دیاربەکر بەردەوامە، گوتی: "لە دوای کردنەوەی دۆسیەکەوە، ٢٨٧ خانەوادەی دیکە بەشدارییان لە گردبوونەوەکەدا کردووە. ئەمەیش سەلمێنەری ئەوەیە کە پارتی سکاڵا لەسەر تۆمارکراو، پەیوەندییەکانی نەپچڕاندووە لەگەڵ رێکخراوی تیرۆریستی".
سەرۆکی داواکاری کۆماریی سەربە دادگای باڵای تێهەڵچوونەوە، بەکر شاهین لە وەڵامی پرسیاری "ئایا تاکوو کاتی هەڵبژاردن پێڤاژۆکە تەواو دەبێت؟"، گوتی: "ئەمە بۆ دادگای باڵا دەگەڕێتەوە، کاری ئێمە لەمبارەیەوە لەمڕۆوە تەواو دەبێت. تەواوی بەڵگەکانمان خستوونەتە روو و دۆسیەکەمان پێشکەش کردووە".