Dlshad Saifaalddin Ahmed
03 حوزەیران 2018•نوێکردنەوە: 04 حوزەیران 2018
سلێمانی ـ AA
كۆبوونەوەكە دووەم كۆبوونەوەی سەركردایەتی ئەو حزبەیە كە لەماوەی ئەم دوو رۆژەدا لە بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە شاری سلێمانی و بەسەرپەرشتی جێگری سكرتێری گشتی حزبەكە، كۆسرەت رەسول عەلی بەڕێوە دەچێت.
دوای كۆبوونەوەكە، گوتەبێژی فەرمی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان، سەعدی ئەحمەد پیرە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی بۆ دەزگاكانی راگەیاندن ئاشكرا كرد.
سەعدی ئەحمەد پیرە گوتی: "لە دوێنێ شەممەوە سەركردایەتی یەكێتی لە كۆبوونەوەیەكی چڕ و پڕدایە و گفتوگۆی هەیە لەسەر بابەتی جیاجیا، لە سەركردایەتی یەكێتی پڕۆژەیەک ئامادە كراوە كە رێبازی یەكێتی دەبێت بۆ چوارچێوە و رێبازی یەكێتی بۆ گفتوگۆ لە پێشدا لەگەڵ لایەنە كوردستانییەكان بۆ ئامادەكردنی پڕۆژەیەكی كاری هاوبەش كە بەیەكەوە لەسەر بنەمای ئەو وەرەقە و پڕۆژەیە لە بەغدا لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان گفتوگۆ بكەن بۆ دامەزراندنی حكوومەتی عێراقی فیدراڵ بۆ چوار ساڵی ئایندە".
سەعدی پیرە گوتیشی: "ئەو پڕۆژەیە هەموو بابەتێكی تێدایە لە پشكی هەرێمی كوردستان و بابەتی پێشمەرگە و گوزەرانی خەڵك و مادەی 140 و كێشەی پارێزگای كەركووک و پێگەی پێشمەرگە لەناو هێزی عێراقی فیدراڵ، دوا قۆناغیش بیركردنەوە و قسەكردن لەسەر رێژەی بەشداری خەڵك لە هەڵبژاردن كە نزیكەی 60 لەسەد لە عێراق و 50 لەسەد لە هەرێمی كوردستان نەچوونەتە سەر سندووقەكانی هەڵبژاردن، ئەوەش زەنگێكی مەترسیدارە و پێویستە گفتوگۆی لەسەر بكرێت و هۆكارەكان چارەسەر بكرێن".
گوتەبێژی یەكێتی هەروەها گوتی:"ئێمە پێكەوە كاركردنی لایەنە كوردستانییەكان بە بەردی بناغەی سەركەوتن دەزانین لە عێراق و لەگەڵ لایەنەكان تائێستا گفتوگۆمان لەگەڵ نەكردوون، ئاساییە هەندێک ناكۆكی هەیە لەسەر ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، كە ئێمە وەک یەكێتی بەهیچ شێوەیەک نكوڵیمان نییە لەوەی هەموو رێكارێكی یاسایی لە چوارچێوەی دەستووری عێراق بگرێتە بەر بۆ دڵنیایی هەموو لایەنەكان لەسەر ئەوەی ئەگەر خوا نەكردە لە سلێمانی یان هەولێر و هەر شوێنێكی تر یەكێتی لە بابەتی تەزویر دەستی هەبووبێت".
بەرپرسەكەی یەكێتی ئاماژەی بەوەشكرد، تەوەرەیەكی دیکەی كۆبوونەوەی سەركردایەتی حزبەكەی گفتوگۆی چڕ بووە لەسەر بابەتی كۆنگرەی گشتی حزبەكە كە زۆرترین قسەوباسی لەسەرە لە ناوخۆی ئەو حزبەدا، سەعدی پیرە لەو بارەیەوە گوتی: "بە گفتوگۆی چڕوپڕ هەموو لایەنەكانیمان لێكدایەوە و هەموولایەك یەك بووین لەسەر بابەتی كۆنگرە، بەڵام ئەوە خراوەتە بەردەم هەیئەتێك كە گفتوگۆی لەسەر دەكات لە چەند رۆژی داهاتوو بۆ دیاری كردنی رۆژەكەی".
سەعدی پیرە ئەوەشی گوت، لە سبەی دووشەممەوە دەرگای گفتوگۆكانیان لەگەڵ لایەنە كوردستانییەكان دەكەنەوە و چاوەڕوانی ئەو لایەنە دەكەن وەڵامی داواكەیان بدەنەوە.
سەعدی پیرە لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسان و لە بارەی هەڵوێستی حزبەكەی لە سەر هاتنی سوپای توركیا بۆ بەشێك لە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دوا و گوتی: "ئەو بابەتە بابەتێكی سیادییە و پەیوەندی بە حكوومەتی فیدراڵی عێراقەوە هەیە و لەسەر ئەوە قسە لەگەڵ حكوومەتی عێراق دەكەین، هەموو برینداركردنی سەروەرییەک بۆ سەر خاكی عێراق و هەرێمی كوردستان مەحكووم دەكەین".