Abdullah Shukur
03 حوزەیران 2018•نوێکردنەوە: 04 حوزەیران 2018
دیاربەکر - AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە گوتارێکدا لە شاری دیاربەکر گوتی: "لە ساڵی ٢٠١٨دا لە تورکیا ئیتر کێشەیەک نییە بە ناوی کێشەی کورد".
سەرۆکی گشتی ئاک پارتی و سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە دوای کۆبوونەوەی جەماوەری پارتەکەی لە شاری دیاربەکر بەشداری لە خوانێکی بەربانگدا کرد و لەمیانیدا گوتارێکی پێشکەش کرد.
ئەردۆغان رایگەیاند کە لە سەردەمی حوکمڕانی ئاک پارتیدا کێشەی کوردیان چارەسەر کردووە و کۆتاییان بە سیاسەتەکانی رەتکردنەوە بەرامبەر بە کوردەکان ھێناوە، گوتی: "لە ساڵی ٢٠١٨دا لە تورکیا ئیتر کێشەیەک نییە بە ناوی کێشەی کورد.تاکە کێشەی بەردەممان، کێشەی تیرۆرە. خوایاربێت ئیتر چارەسەری ئەوەش دەکەین".
ئەردۆغان راشیگەیاند: "لە یەک بستی ٧٨٠ ھەزار کیلۆمەتری خاکی وڵات، مافی ژیان بە کۆمەڵەی بکوژانی دەست بە خوێن نادەین".
ئەردۆغان راشیگەیاند کە سیاسەتی جیاکاری لە تورکیا کۆتایی ھاتووە، لەمبارەیەوە زیاتر گوتیشی گوتیشی: "ئیتر ئەو بۆچوونەی دەوڵەت نەماوە کە جیاکاری لەبارەی نەتەوە، زمان، جلوبەرگ و ردێن و جوبەی خەڵکی دەکرد".
ئەردۆغان باسی لە ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکەی کرد و گوتی: "ھەرچەندە ئۆپۆزسیۆن ھەست بە بێزاری بکات بەڵام ئەمڕۆ بەراورد بە ١٦ ساڵ پێش ئێستا، تورکیایەکی ئازادتر ھەیە".
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لەبارەی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنی ٢٤ی حوزەیرانی داھاتوو لە تورکیا گوتی: "٢٤ی حوزەیران دەبێتە شەقێک بە رووی ئەو سەردەستانەی تیرۆر کە لە قەندیل گەنجانی دیاربەکر بە ئاشکرای بەرەو پیلی مەرگ دەبەن".