Mazın Asad
01 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 02 ئادار 2016
جێگری سەرۆكوەزیرانی توركیا نومان كورتوڵموش، ئاماژەی بەوە دا كە لە دوای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە شارۆچكەی سلۆپی، كەشی دەست پێ كردنی خوێندن و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری تەندروستی هاتووەتە ئاراوە و گوتی: "دوای تەواوبوونی تیرۆر لە سلۆپی، لە ئێستادا خوێندن لە قوتابخانەكان دەستی پێ كردەوە. تەنها هەندێك قوتابخانە نەبێت كە زیانیان پێگەیشتووە و قوتابی ئەو قوتابخانانەش بۆ قوتابخانەكانی دیكەی سلۆپی گواستراونەتەوە. خوێندنی قوتابخانەكانی سلۆپی بە تەواوی دەستی پێ كردووە. لە هەمان كاتیشدا خزمەتگوزاری تەندروستی و خزمەتگوزارییەكانی دیكەش درێژەیان هەیە".
لەبارەی روونكردنەوەكانی سەركۆماری توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەبارەت بە پرسی ئازادكردنی هەردوو رۆژنامەنووس جان دوندار و ئەردەم گول، كورتوڵموش رایگەیاند "بەڕێز سەركۆمار لەبارەی بڕیاری دادگای دەستووری، پێگەی شەخسی خۆی خستەڕوو و هەموو كەسێك بۆی هەیە بۆچوونی خۆی لەسەر بڕیاری دادگایەك رابگەیەنێت. بەڕێز سەركۆمار لە پێش بڕیاردانی دادگا نا، بەڵكو دوای بڕیاری دادگا بۆچوونی خۆی خستەڕوو. بۆیە ئاشكراكردنی بۆچوونی خۆی لەسەر بڕیاری دادگایەك لە رووی پێگەی خۆیەوە شیاوە. ئەگینا بۆچوونێك نییە بەرامبەر هەڵپەساردنی بڕیاری دادگای دەستووری".
كورتوڵموش ئاماژەی بەوە دا كە ئاكپارتی تاوەكو كۆتایی هەوڵ بۆ بونیاتنانی دەستوورێكی نوێ دەخاتەڕو و گوتی: "دەمانەوێت هەموو كەسێك بە راستگۆیی یارمەتیدەر بێت لە بونیاتنانی قۆناغی دەستووری نوێ. ئەگەر لەسەر خاڵیك رێك نەكەوین ئەوە هەنگاو دەنێین بۆ پێشكەشكردنی بە پەرلەمان".
جێگری سەرۆكوەزیرانی توركیا هەروەها گوتی: "توركیا ناچارە دەستوورێكی نوێ پێك بهێنێت. پێویست بە دەستوورێكی نوێی دیموكراسی و بەیەكەوەیی هەیە. دوای كودەتای 1980 مشتومڕەكان لەبارەی دەستوور دەستی پێ كردووە. ئەوان وا دەزانن كە توركیا ئێستا دەستی بە مشتومڕی دەستووری نوێ كردووە. بۆیە پێویستە بە بیرۆكەیەكی وا جموجۆڵ نەكرێت كە گوایە یەكەمجارە رووبەڕووی دەبنەوە. ئەگەر پەرلەمان دەستوورێكی نوێ بونیات نەنێت ئەوا هەر یاسایەك هەموار بكات یاخود لە نێو هەر چالاكییەكی یاسادانان بێت، لە رووی سیاسییەوە واتا هیچی نەكردووە".
كورتوڵموش لەپێناو بەشداریكردن لە قۆناغی دەستووری نوێ بانگەوازی بۆ گشت پارتەكان كرد و گوتی: "بە راشكاوی دەیڵیم ئەگەر هەر لایەك جا بە هەر بیانوویەك بێت خۆی لە قۆناغەكە دوور بخاتەوە ئەوە گەل ئەوان بە خۆدزینەوە لە دەستوور لەقەڵەم دەدات. بەو هۆیەوە داوا لە گشت پارتەكان دەكەم بە راستگۆیی بەشداری لە قۆناغی دەستووری نوێ بكەن".