Zana Natık Kerem
30 تەمووز 2019•نوێکردنەوە: 01 ئاب 2019
ئەنقەرە ــ AA
ژمارەیەك لە رۆژنامەوانانی نێودەوڵەتی بەشداربوو لە خولی پەیامنێری جەنگدا، ستایشی بەڕێوەچوونی خولەكەیان كرد كە لە لایەن ئاژانسی ئانادۆڵو-وە رێكخراوە و رایانگەیاند كە لە میانی بەشدارییكردنیان لە خولەكەدا، سوودی زۆر باشیان بینووە، ئاماژەیان بەوەشدا لە میانی خولەكەدا فیری ئەوە كراون كە چۆن لە میانی رۆماڵكردنی هەواڵەكانی جەنگدا بە شێوەیەكی مەیدانی، خۆپان لە مەترسییەكان بپارێزن.
١٥هەمین خولی پەیامنێری جەنگ لە ٢٢ی ئەم مانگەوە لە شاری ئەنقەر دەستی پێكراوە.
خولەكە كە بۆ یەكەمجارە بە زمانی عەرەبی بەڕێوەدەچێت و بە هاوكاری ژووری ئەكادیمیای هەواڵیی ئاژانسی ئانادۆڵو و ئاژانسی توركیا بۆ هاوكاری و هەماهەنگی "TİKA" رێكخراوە و ٢١ رۆژنامەوان لە ١١ وڵاتەدا تیادا بەشداری دەكەن.
لەمبارەیەوە رۆژنامەوانی سوودانی، ئەمانی بەشیر ستایشی خولەكەی كرد و گوتی: "لە خولەكەدا فیری زۆر شتی باش كراوین لەوانە، چۆن لە میانی رۆماڵكردنی هەواڵی جەنگدا بە شێوەیەكی مەیدانی خۆمان بپارێزین".
ئەمانی بەشیر باسی لەوەشكرد كە هەر لە میانی خولەكەدا فێری ئەوەیش كراون كە چۆن لە مەیدانی جەنگدا، رێوشوێنی پێویست بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەكان بگرنە بەر و گوتی: "لە خولەكەدا، جەخت لەوەكراوەتەوە كە لە مەیدانی جەنگدا، پاراستنی گیانی رۆژنامەوان، كاری لەپێشنەیە لە گواستنەوەی رووداوەكان بە شێوەیەكی راستەوخۆ".
ناوبراو گوتیشی: "لە میانی بەشداریكردنم لە مەشق و راهێنانی خولەكەدا، زیاتر متمانەم بە خۆم لا دروستبوو كە ئەویش پەیامنێر لە میانی رۆماڵكردنی هەواڵدا لە مەیدانی جەنگدا، پێویستیەتی".
لای خۆیەوە رۆژنامەوانی تونسی، ویداد مەدفەعی سەبارەت بە مەشق و راهێنانی خولەكە گوتی: "مەشق و راهێنانی خولەكە بەجۆرێک زۆر قورس بوون، وەك ئەوە وابوو كە تۆ لە جەنگدا بێت و هەواڵ دەگوازیتەوە".
ویداد مەدفەعی ئاماژەی بەوەشدا كە لە میانی بەشداریكردنی لە خولەكەدا، سوودی زۆر باشی بینیوە.
هاوكات رۆژنامەوانی عێراقی، مستەفا ساعدی كە لە خولەكەدا بەشداریی كردووە رایگەیاند لەو مەشق و راهێنانەی كە لە میانی خولەكەدا ئەنجامیداوە، رەنگدانەوەی باشتر دەبێت لەسەر كار و پیشەكەی و گوتی: "مەشق و راهێنانەكانی خولەكە بەجۆرێک قورسبوون كە كەس پێشبینی ناكات لەگەڵ ئەوەشدا، فێر زۆر شتی باش بووم كە لە داهاتوودا لە میانی ئەنجامدانی كارەکەم رەنگ دەداتەوە".
لای خۆیەوە رۆژنامەوان لە باشووری سوودان، ئیبراهیم نیكیر باسی لەوەكرد بە درێژایی ١٠ ساڵی رابردوو كە كاری رۆژنامەوانی دەكات، ئەوە یەكەمجارە بەشداری لە خولێكی لەو شێوەیە دەكات و رایگەیاند كە سەرجەم بەشداربووانی خولەكە، سوودی زۆر باشیان بینووە.
١٥ی هەمین خولی پەیامنێری جەنگ بۆ ماوەی ٢١ رۆژ بەردەوام دەبێت كە لە میاندا پەیامنێران مەشق و راهێنانیان پێ دەكرێت لەسەر چۆنیەتی خۆ بەدوورگرتن لە مەترسییەكان لە میانی رۆماڵكردنی هەواڵدا لە مەیدانی جەنگدا.
مەشق و راهێنانی خولەكەش بەسەرپەرشتی ژمارەیەك لە دامەزراوە گرنگەكانی توركیا بەڕێوەدەچێت لەوانە فەرماندەیی هێزە چەكدارەكان، پۆلیس، مانگی سوور و كارگێڕی فریاكەوتن و كارەساتەكان.