شرناخ
شاندێک لە کۆمەڵەی (بێت حەسەنا)ی چالاکوان لە بەلجیکا بە یاوەریی پەرلەمانتاری (بەدەپە) (ئەرۆڵ دۆڕا) و قەشەی سریانی (سلێمان ئۆز)، سەردانی پارێزگاری شرناخ (حەسەن ئیپەک)یان کرد.
ئیپەک دوای گوێگرتن لە کێشەی خەڵکی حەسەنا، کە دەیانەوێ بگەڕێنەوە شوێنی جارانیان گوتی "سریانی کەمایەتی نین لە تورکیا، ئەوان رەسەنن لەم وڵاتە. خۆشحاڵدەبین بە گەڕانەوەیان بەرەو زێدی باووباپیرانیان. پەنا بەخوا چرای پێکەوەژیان دادەگیرسێنینەوە. حکومەتی تورکیا لەم ١٠ ساڵەی دوایی دا کارێکی باشی کردووە لەمەڕ سەقامگیرکردنی ئاشتەوایی. باپیرانمان سەدان ساڵ پێکەوە بێ کێشە ژیان. ئینشالڵا ئەوە دووبارە دەبێتەوە".
ئەرۆڵ دۆرا پەرلەمانتاری بەدەپە گوتی "ھەر لە سەرەتای دەستپێکردنی پرۆسەکە ئاسوودەیی باڵی بەسەر وڵاتدا کێشا. پێویستە ھاوڵاتیان ھەوڵی بەردەوامبوونی پرۆسەکە بدەن. ئامانجی ئێمە پێکەوەژیانە لەم وڵاتە".
ئەرۆڵ پێی وایە تورکیا لەساڵی ١٩٩٩ەوە زۆر گۆڕاوە، گوتی "ئەو گۆڕانکاریانە زۆر باشن و پشتگری ئەو ھەنگاوانە دەکەین، ئەم وڵاتە ھی ھەموومانە، بەشی ھەموومان دەکات".
سلێمان ئۆز قەشەی سریانی لەبارەی پرۆسەی ئاشتی گوتی "بە پەرۆشەوە چاوەڕێی چارەنووسی پڕۆسەکە دەکەین. نزا دەکەین بۆ سەرکەوتن و درێژبوونەوەی ماوەی پڕۆسەکە".