Ramal Mahmood
14 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 15 ئادار 2017
ئەنقەرە – AA
جێگری سەرۆکوەزیران و گوتەبێژی حکوومەتی تورکیا، نومان کورتوڵموش ئاماژەی بەوەدا کە بڕیاریانداوە بەقەدەغەکردنی هاتنی دیپلۆماتکاران و فڕۆکە دیپلۆماتییەکانی هۆڵەندا بۆ تورکیا و گوتی: "وەک دەسپێک، بڕیاردرا بەقەدەغەکردن و مۆڵەتنەدان بەگەڕانەوەی باڵیۆزی هۆڵەندا لە ئەنقەرە کە ئێستا لە مۆڵەتدایە و لە دەرەوەی وڵاتە".
هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی تورکیا بەسەرۆکایەتی سەرۆکوەزیرانی تورکیا، بینالی یڵدرم لە کۆشکی چانکایا، جێگری سەرۆکوەزیران و گوتەبێژی حکوومەتی تورکیا، نومان کورتوڵموش لێدوانی بۆ رۆژنامەوانان دا و وەڵامی پرسیارەکانیانی دایەوە.
نومان کورتوڵموش تیشکی خستە سەر ئەوەی لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی گرتنەبەری رێوشوێنەکان بەتایبەتی رێوشوێنی سیاسییان کردووە بەرامبەر هۆڵەندا، سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا کە وەزارەتی دەرەوە هۆشداریینامەی داوەتە هۆڵەندا کە تیایدا هاتووە ئەم هەڵسوکەوتەی هۆڵەندییەکان قبووڵ ناکرێت و ئیدانەی ئەو کارەی کردووە و بەپێویستیشی زانیووە کە لەبەرامبەر ئەمەدا هۆڵەندا داوای لێبوردن بکات.
لەبارەی گرتنەبەری رێوشوێنەکانی تورکیاش بەرامبەر هۆڵەندا، جێگری سەرۆکوەزیران و گوتەبێژی حکوومەتی تورکیا، نومان کورتوڵموش گوتی: "وەک دەسپێک، بڕیاردرا بەقەدەغەکردن و مۆڵەتنەدان بەگەڕانەوەی باڵیۆزی هۆڵەندا لە ئەنقەرە کە ئێستا لە مۆڵەتدایە و لە دەرەوەی وڵاتە. هەنگاوی دووەم بڕیاردرا تاکو هۆڵەندا بەجۆرێک لە جۆرەکان هەڵەکەی راست نەکاتەوە پەیوەندییەکان لە ئاستی باڵادا و کۆبوونەوە بەرنامە بۆ دانراوەکان، کۆبوونەوەی وەزیرەکان و بەرپرسە باڵاکان هەڵپەسێردرێن و تا ماوەیەک دوا بخرێن. هەنگاوی سێیەمیش رێگە نادرێت گەورە بەرپرسانی هۆڵەندا سەردانی تورکیا بکەن و کایەی ئاسمانی تورکیا بەمەبەستی دیپلۆماتی لەلایەن هۆڵەنداوە بەکاربهێنرێت. تاکو هۆڵەندا واز لەو کارە هەڵانەی نەهێنێت و پیایاندا نەچێتەوە تورکیا رێگە بەگەشتە دیپلۆماتییەکانی هۆڵەندا نادات. هەنگاوی چوارەمیش بڕیار درا پێشنیاز بکرێت بۆ پەرلەمانی تورکیا کۆبوونەوەی گرووپی دۆستایەتی پەرلەمانی تورکیا و هۆڵەندا لەلایەن پەرلەمانی تورکیا هەڵبوەشێنرێتەوە".
کورتوڵموش ئاماژەی بەوەشدا کە ئەگەر ئەو رێوشوێن و بڕیارە سیاسییانە بەهەند وەرنەگیرێن و هۆڵەندا هەنگاوی پێویست بۆ چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە نەگرێتە بەر، تورکیا لە بوارەکانی دیکەش رێوشوێنەکانی دەگرێتەبەر، بۆ ئەوەی وا لە هۆڵەندا بکات بەهەڵەکانی خۆیدا بچێتەوە.