Abdullah Coşkun
10 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 22 تەمووز 2020
قۆنیا - AA
باڵندەی فلامینگۆ گەشت بە زۆرێک لەو وڵاتانەدا دەکات کە ئاووهەوای دەریای ناوەڕاست-یان هەیە، یەکێکیش لە گرنگترین وێستگەکانی گەشتی ئەم باڵندەیە دەریاچەی "توز"ە کە دەکەوێتە پارێزگای قۆنیاوە و دووەم گەورە دەریاچەی تورکیایە.
لە زۆربەی شوێنەکاندا قوڵایی دەریاچەکە لە نیومەتر کەمترە و لە وەرزی بەهاردا بەهۆی زیادبوونی ئاوەکەیەوە رووبەرەکەی دەگاتە ١٦٤ هەزار و ٢٠٠ هێکتار.

ناوی ئەم دەریاچەیە بە مانای "خوێ" دێت و نزیکەی سەدا ٧٠ی پێویستی خوێ لە تورکیا دابین دەکات، بەهۆی هەڵکەوتەی سروشتیی وبەها مێژووییەکەیەوە لە لیستی کاتی شوێنەوارە مێژووییەکانی رێکخراوی یونیسکۆدایە.
دەریاچەی "توز" لەسەر ئاستی جیهانیش دووەم سوێرترین دەریاچەیە و بەپێی بنەما نێودەوڵەتییەکان لە پۆلی "A"دا پۆلێن دەکرێت، ساڵانە ژمارەیەکی زۆر گەشتیار لە ناوەوە و دەرەوەی تورکیاوە سەردانی ئەم دەریاچەیە دەکەن.

دەریاچەکە لەڕووی دەوڵەمەندی بە باڵندەی سروشتیی یەکێکە لە دەوڵەمەندترین ناوچەکانی تورکیا و ساڵانە هەزاران باڵندەی فلامینگۆ روو دەکەنە ئەم دەریاچەیە و ساڵانە نزیکەی ١٠ هەزار بێچووی باڵندە لە دەوری ئەم دەریاچەیە دێنە دونیاوە و لەلایەن تیمی تایبەتی ڤێتەرنەرییەوە بەشێوەیەکی باش لە نزیکەوە چاودێری دەکرێن.
جگە لە فلامینگۆ چەندین جۆری دەگمەنی باڵندەی کێوی وەک مراوی فەرودار، تەنجە، باڵندەی دەنوک خەنجەر، هەڵۆ و نەورەس لە نزیکی دەریاچەکە هەن.
