Abdullah Shukur,Sarmand Hameed
06 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 07 ئاب 2016
قۆنیا
کۆبوونەوەی یەكێتی جیهانی زانایانی مسوڵمان کە لە شاری قۆنیا بە بەشداری ٦٣ زانا لە ٦٣ وڵاتی جیھان بەرێوەدەچێت، سکرتێری گشتی یەکێتیەکە دكتۆرعەلی قەرەداغی بەیاننامەی کۆتایی خوێندەوە.
دكتۆر عەلی قەرەداغی گوتی: "ئیدانەی ھەوڵی کودەتا دەکەین و پشتیوانی دەسەڵاتی ھەڵبژێردراو دەکەین. ئەم کودەتایە نەک تەنھا تورکیا بەڵکو گشت ئوممەی ئیسلامی کردووەتە ئامانج".
قەرەداغی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا بەیاننامەی کۆبوونەوەکەی خوێندەوە، کە تیایدا ھاتووە " ئیدانەی ھەوڵی کودەتای دەکەین و پشتیوانی دەسەڵاتی ھەڵبژێردراو دەکەین. ئەم کودەتایە نەک تەنھا تورکیا بەڵکو گشت ئوممەی ئیسلامی کردووەتە ئامانج، ستایشی ئیرادەی گەلی تورکیا لەمەڕ خواستییان بۆ ئازادی دەکەین. داوا لە گشت وڵاتان بە تایبەتی وڵاتانی ئیسلامی دەکەین کە بواری دیموکراسی خۆیان پێشبخەن و پەرەی پێ بدەن. پشتیوانی لە ھەوڵ کودەتای سەربازیی کە رێگری لە پێشکەوتنی گەل دەکات، رێگەپێدراو نییە".
قەرەداغی لەبارەی پێشھاتەکانی سووریا رایگەیاند کە سەرچاوەی تیرۆری ئەو وڵاتە رژێمی ئەسەدە.
دكتۆر عەلی قەرەداغی ئەمینداری گشتی یەكێتی جیهانی زانایانی مسوڵمان گوتیشی: "لەگەڵ مانەوەی رژێمی سووریا، تیرۆر لەو شوێنە بەردەوام دەبێت. داوا لە وڵاتانی خاوەن ویژدان دەکەین کە پشتیوانی گەلی سووریا بکەن. داوا دەکەین کە ئۆپۆزسیۆنی سووریا بەمەبەستی لەناوبردنی بکوژان یەکریز بن. داواش دەکەین کە ئەو وڵاتانەی تا ئێستا ھاوکاری رژێمی سووریا دەکەن ھاوکارییەکانیان بوەستێنن. داوا لەو وڵاتانە دەکەین کە پەنابەرانی سوورییان لە باوەش گرتووە، پێداویستییەکان دەستەبەر بكەن. سوپاسی گەلی تورکیا دەکەین بەھۆی میوانداریکردنی پەنابەرانی سووریا".