Barış Kılıç
21 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 22 ئادار 2021
ئەنقەرە - AA
سەرۆکایەتی داواکاری گشتیی کۆماریی ئەنقەرە رایگەیاند کە عومەر فاروق گەرگەرلیئۆغڵوی هەدەپەیی کە لە کاری پەرلەمانتاری دوورخراوەتەوە لە پاش وەرگرتنی ئیفادە لە ئاسایش، ئازاد کراوە.
لە راگەیەندراوێکدا کە لەلایەن سەرۆکایەتی داواکاری گشتیی کۆماریی ئەنقەرەوە بڵاوکراوەتەوە، ئەوە وەبیرهێنراوەتەوە، عومەر فاروق گەرگەرلیئۆغڵو کە لە ئەنجامی سکاڵای سکرتاریەتی گشتیی پەرلەمانی تورکیا و ئەو زانیاری و بەڵگانەی لە راگەیاندنەوە دەستکەوتووە لە ١٧ی ئاداری ٢٠٢١دا لە ئەنجوومەنی گشتیی پەرلەمانی تورکیادا بڕیاری بڕاوەی دادگا لەبارەیەوە خوێندرایەوە و مافی پەرلەمانتاری لێسەندرایەوە، بەڵام ناوبراو بینای پەرلەمانی جێنەهێشت و لە رێگەی میدیای کۆمەڵایەتییەوە بڵاویکردەوە کە بیناکە جێناهێڵێت.
لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوەکراوە، عومەر فاروق گەرگەرلیئۆغڵو کە پەرلەمانتاری پێشووی کۆجائەلی-یە بەهۆی ''جێنەهێشتنی بینای پەرلەمانی تورکیا، سەرەڕای لێسەندنەوەی مافی پەرلەمانتاری لە پەرلەماندا وەک پەرلەمانتار جووڵەی کردووە و لە ١٧ی ئاداردا کاتێک ئەنجوومەنی گشتیی پەرلەمانی جێهێشتووە لە کاتێکدا چووە بۆ نهۆمی فراکسیۆنی هەدەپە لەو گرووپەی لەگەڵیدا بوون هوتافی 'بژی سەرۆک ئاپۆ' گوتراوەتەوە، بەو هۆیەشەوە بەتۆمەتی ''گرتنەئەستۆی ئەرکی گشتیی بەشێوەیەکی ناڕەوا''، ''پێشێلکردنی پارێزبەندی نیشتەجێبوون'' و ''پرۆپاگەندەکردن بۆ رێکخراوی تیرۆریستیی'' لێکۆڵینەوە لەبارەیەوە دەستیپێکردووە.
لە راگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتی داواکاری گشتیی کۆماری ئەنقەرەدا هاتووە؛ ''لەو لێکۆڵینەوەیەی دەستیپێکردووە، بە فەرمانی سەرۆکایەتی داواکاری گشتیی کۆماریی، گومانلێکراو عومەر فاروق گەرگەرلیئۆغڵو لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ئەنقەرە ئیفادەی لێوەرگیراوە و دواتر ئازاد کراوە''.
بەپێی زانیاری دەستکەوتوو، عومەر فاروق گەرگەرلیئۆغڵو لە ئیفادەکەیدا باسی لەوە کردووە کە بەبێ چاوەڕوانی بڕیاری دادگای دەستووریی لە کاری پەرلەمانتاری دوورخراوەتەوە و رایگەیاندووە ''ئایا بوونی تاکێکی گەل لە پەرلەمانی گەلدا بووەتە تاوان؟ پەرلەمانی تورکیا لانکەی دیموکراسییە و شوێنی نوێنەرایەتی گەلە. وەک پەرلەمانتارێکی پێشوو و هاووڵاتییەک لە پەرلەمان شتێکی سروشتیی نییە لە پەرلەمان بم و روونکردنەوە بدەم''.
عومەر فاروق گەرگەرلیئۆغڵو ئەوەشی خستووەتەڕوو کە ئەو دیمەنەی لەبارەی تۆمەتی ''پرۆپاگەندەکردن بۆ رێکخراوی تیرۆریستیی'' هەیە خۆی هیچ پەیوەندییەکی بەو گرووپەوە نییە کە لەنێویاندایە و راشیگەیاندووە ''ئەوانە تۆمەتانی ساختەی چەواشەکارین''.