Hakan Burak Altunöz
21 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 22 ئادار 2021
ترابزۆن - AA
لە ماوەی دوو مانگی سەرەتای ساڵدا، بە بەهای چوار ملیۆن و ١٤٣ هەزار و ٥٧٩ دۆلار، هەنگوین لە تورکیاوە هەناردەی ٢٧ وڵات کراوە.
بەپێی ئەو زانیارییەی کە لە یەکێتیی هەناردەکارانی خۆرهەڵاتی دەریای رەش دەست ئاژانسی ئانادۆڵو کەوتووە لە مانگەکانی کانوونی دووەم و شوباتدا، بڕی هەزار و ٣٩ تۆن هەنگوین بە ٢٧ وڵات فرۆشراوە، لەوەیەش چوار ملیۆن و ١٤٣ هەزار و ٥٧٩ دۆلار دەستکەوتووە.
ریزبەندی ئەو وڵاتانەی زۆرترین هەناردەی هەنگوینیان بۆ ئەنجامدراوە:
ئەڵمانیا یەک ملیۆن و ٣٠٤ هەزار و ١١٤ دۆلار، ئەمریکا یەک ملیۆن و ١٤٨ هەزار و ٩٨٩ دۆلار، کوێت ٢١٥ هەزار و ٥٣٧ دۆلار.
لە ماوەی ئەو دوو مانگەدا لە خۆرهەڵاتی دەریای رەشەوە بە بەهای ٣١٦ هەزار و ٢٧٧ دۆلار هەنگوین هەناردەی ئەڵمانیا، بەریتانیا، بەحرێن، پاکستان، چین، قەتەر، کوێت و ئیمارات کراوە و لەوەیش ١٨١ هەزار و ٨٩١ دۆلار قازانج بەدەستهاتووە کە ئەوەیش بە بەراورد بە هەمان قۆناغی ٢٠٢٠ سەدا ٧٤ زیادیکردووە.
سەرۆکی یەکێتیی هەناردەکارانی خۆرهەڵاتی دەریای رەش، سافەت کالیۆنجو لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، باسی لەوە کرد کە هەناردەکردنی هەنگوین لەمساڵدا بە ژمارەیەکی باش دەستیپێکردووە.
سافەت کالیۆنجو باسی لەوە کرد کە لە سەرانسەری جیهاندا، هەنگوین وەک خۆراکی وزەبەخش دژبە پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ بەکاردەهێندرێت و گوتی: ''ساڵی رابردوو هەناردەی هەنگوینمان بە ژمارەیەکی باش کۆتایی پێهێنا، ئەمساڵیش دوو مانگی سەرەتا بە ژمارەیەکی باش تێپەڕی. بە بەراورد بە هەمان قۆناغی پار ساڵ هەناردەی هەنگوین رووی لە زیادبوون کردووە. لەو باوەڕەداین کە ئەو بەرزبوونەوەیە لەمساڵدا بەردەوام بێت''.
ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو کە مەرجی سەرەکی هەناردەکردن، رەسەنی بەرهەم و جۆرەتی باشە و گوتی: "ئەگەر بەرهەمهێنەران گرنگیی زیاترە بەوە بدەن ئەوا دەتوانرێت بەرزبوونەوەی زیاتر لە هەناردەکردندا تۆمار بکرێت".