پەرلەمانی تورکیا - AA
هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان هەدەپە، سەڵاحەدین دەمیرتاش رایگەیاند کە لەماوەی ٧ مانگدا ، لە ٢٠ شارۆچکە ٥٦ جار یاسای قەدەغەی هاتوچۆ راگەیەندراوە، سەرجەم ٣٥٠ رۆژ یاسای قەدەغەی چوونە دەرەوە راگەیەندراوە.
دەمیرتاش رایگەیاند کە لە ٢٤ ی کانوونی دووهەمەوە هەتا ئێستا لە شارۆچکەی جزیرە چەند بریندارێک لە ژێرزەمینێکدا ماونەتەوە و بەپێی ئەو زانیاریانەی دەستیان کەوتووە، لە بەشی پێشەوە بیناکەیان پۆلیس هاتوچۆ دەکات بەڵام رێگە نادرێت بە تێپەرینی ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن.
دەمیرتاش گوتی: "هەرچەندە لەوێ چەند بریندارێک هەن بەڵام هیچ پاڵپشتێکی ئەخلاقی و سیاسی هەیە بۆ رێگریکردن لە چوونی ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن؟ دەسەڵاتێک ئەمە بکات، هەموو شتێکی لەدەست دێت".
دەمیرتاش لە درێژەی گوتەکانیدا ئاماژەی بەوە دا کە دەسەڵات لە تورکیا وادەزانێت بڕیارەکانی سیاسیی ئێستایان بە سەرکەوتن کۆتایی دێت و گوتی: "من کوردم بەڵام خوازیارم بانگەواز بۆ گەلی تورک بکەم. ئەوەی ئێستا روو دەدات هیچ کاتێک بەقازانجی گەلی تورک نابێت. ئەگەر کەسێک هەیە دەڵێت دەسەڵاتی کۆشکەکە لە گیانی من بە بەهاترە، با بەئاشکرا بیڵێت.با نەڵێن ئێمە هەوڵ دەدەین وڵات دابەش نەبێت و بۆ نیشتیمان هەوڵ دەدەین. داخوازییەکی لەو چەشنە بوونی نییە. بۆ ئەوە نایڵێم کە نابێت دەنگ بە ئاکەپە بدەن یان بڵێم دژی ئاکەپە بن. ئێستا لە جزیرە ،سوور، سلۆپی، شرنەخ، هەکاری ئەوەی روو دەدات، هۆکارێکە بۆ لێکترازانی دنیای کورد. هەر باڵەخانەیەک لە سوور کە بۆردومانی دەکەن، لە ئیزمیر و ئیستانبوڵ دەبێت هۆی لێکترازانی هەستەکان. بۆ داهاتووی هاوبەشی وڵاتەکەمان دەبێت دەنگ بەرزبکەنەوە. ئەو دەستانەی درێژ دەکرێن بۆ ئاشتی دەگەڕێنرێنەوە. مێزەکانی گفتوگۆ تێک دەشکێندرێت. کورد بوونی هەیە لە هاریکاری ستراتیژی سەد ساڵی داهاتووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ئەگەر هاوبەشین لە نیشتیماندا، با بەیەکسانی بژین، با زمانی منیش ئازاد بێت و منداڵەکەم بە زمانی خۆی بخوێنێت. زمانی هاوبەشمان با تورکی بێت، کەس کێشەی لەمەدا نییە".
دەمیرتاش بانگەشەی ئەوەی کرد کە فشار لەسەر میدیا هەیە و گوتی: ''کارمەندانی میدیا و بەرپرسانیشیان پێویستە ئەوە لەبەرچاو بگرن کە دەکرێت باجی کارەکەیان بدەن. پێویستە خاوەندارێتی لە رۆژنامەکانی ئۆپۆزسیۆن بکرێت. پێویستە گەل و زەحمەتکێشان بزانن چۆن خاوەندارێتی لەم ئۆرگانانەی میدیا دەکەن. پێویستە ئۆپۆزسیۆن زیاتر پێکەوە و دەست لەناو دەست بن''.
دەمیرتاش سەبارەت بە گوتەکانی سەرۆکوەزیرانی تورکیا ئەحمەد داودئۆغڵو کە رایگەیاندبوو 'ناوچەی سووری دیاربەکر بەشێوەیەک بنیات دەنێینەوە کە هاوشێوەی تۆلێدۆ بێت لە رووی بیناسازییەوە و هەمووان بێن بۆ سەیری'، رایگەیاند: ''تۆلێدۆ ناوچەیەکە کە لەشەڕی ناوخۆدا بەرگری کردووە. دوای ئەوەی کە تۆلێدۆ دەکەوێت رژێمی فاشیستیی فرانکۆ دێتە سەر حوکم. بەو پێیەی کە تۆلێدۆی وەک نموونە نیشان داوە، وادیارە سەرۆکوەزیران دەیەوێت خۆی بە فرانکۆ بچوێنێت''.
سەلاحەدین دەمیرتاش رایگەیاند ئەو رووداوانەی هاتوونەتەئاراوە لە یاسای نێودەوڵەتیدا تاوانی گەورەن و گوتی: "رۆژی دێت، ئەو بەکر بۆزداغە کە ئیستا ئێمە وەک تێرۆریست دەناسێنێت و دەمانکاتە ئامانج. کاتێک دەزانن بەتۆمەتی هاوکاریکردنی رێکخراوەکانی تیرۆریستی و حەواندنەوەیان براوەتە بەردەم دادگای تاوانی نێودەوڵەتی. شتێک نییە ناوی مەحاڵ بێت. ئەو چەکانەی کە بۆ داعش نێردراون رۆژێک دێت لەگەڵ بەڵگەکانیان، دەبنە دۆسیەی دادگا''.
دەمیرتاش سەبارەت بە داواکارییەکەی پەرلەمانتاری ئاگری هەدەپە، لەیلا زانا بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەییب ئەردۆغان رایگەیاند:
''ئێمە پێویستە دەرگاکانمان بەڕووی ئەوانەدا بەکراوەیی جێبهێڵین کە دەیانەوێت قسەمان لەگەڵ بکەن. بابەتی کۆبوونەوەی لەیلا زانا و سەرکۆمار هەبوو. داواکارییەک نەبوو بەناوی پارتەکەمانەوە بۆ کۆبوونەوە بەڵام لەیلا زانا سیاسەتمەدارێکە کە لە خەمی ئاشتیدایە. دەتوانێت چاوی بە سەرکۆمار بکەوێت، هیوادارین شتێک لە کۆبوونەوەکە سەوز بێت. زۆر دڵخۆش نین بەڵام پارتەکەشمان دژی ئەم کۆبوونەوەیە نییە. وەڵامەکەتان دیت کە دەبێت سوێند بخواتەوە و نابێت باسی هەندێک شت بکات. ئەمە هەموو تێگەیشتنیانە لە دیالۆگ. بۆچی ئەگەر کەسێک سوێند نەخوات ناتوانێت باسی ئاشتی بکات. ئەوەی کە لە کۆشکەکەی تۆدا قسە دەکات هەمووی هەر سوێندی خواردووە. ئایا ئەنجوومەنەکان سوێندیان خواردووە؟ ئەوەی کە لەیلا زانا سوێند دەخوات یان نا ئەوە پەیوەندی بەخۆیەوە هەیە. ئێمە رێز لە بۆچوونی لێ دەگرین و بەتەواوەتی پشتیوانی دەکەین. خۆیشی دەڵێت کە 'من سوێندەکەم بە کەم و کورتی نەخواردووە بەڵکو بەزیادەوە خواردوومە' ئێمە دیسان هەر پشتیوانی دەکەین''.
news_share_descriptionsubscription_contact
