Sangar Hamad Azeez
04 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 04 ئەیلوول 2016
سەرۆکوەزیرانی تورکیا بینالی یڵدرم بە مەبەستی هەڵمەتی پرۆگرامی پشتیوانی ناوچە کوردییەکان سەردانی دیاربەکری کرد.
یڵدرم لە میانی گوتارێکیدا لە کۆبوونەوەی جەماوەری دیاربەکر گوتی: "هەرچی رێکخراوی تیرۆریستی هەیە لەناویان دەبەین، رێکخراوە تیرۆریستییەکان لەناو گەلەکەمان ناهێڵین، ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت وڵاتەکەمان دابەش بکەن، یەکڕیزی و نیشتمانمان دابەش بکەن، بەشێک نابن لە چارەسەر. میللەت بەشێک دەبێت لە چارەسەر. هاووڵاتی بەشێک دەبێت لە چارەسەر".
سەرۆکوەزیران هاتە سەر باسی ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فورات و گوتی: "هەرکاتێک رێکخراوە تیرۆریستییەکانی داعش، یەپەگە، پەیەدە، نەیانتوانی زیان بە وڵاتەکەمان بگەیەنن، ئەوکات دەگەڕێینەوە، بەپێچەوانەوە یەکێک لەکارە گرنگەکانی ئێمە پارستنی ئاسایشی وڵات و سەروماڵی هاووڵاتیانمانە. هەر بۆیە هەموو کارێک دەکەین. هەرگیز رێگەنادەین بە پرۆژەیەک کە کار بۆ دروست کردنی دەوڵەتێکی دەستکرد دەکەن و خزمەتی بارزگانانی تیرۆری نێودەوڵەتی دەکەن".
ناوبراو گوتی: "رووبەڕووی هەڕەشەیەکی گەورەبووینەتەوە. ئەم هەڕەشەیە هەوڵێکە بۆ تێکدانەی یەکڕیزی وڵات و دابەش کردنی تورکیا. هەرگیزاو هەرگیز رێگە بەمە نادەین. ئۆپەراسیۆنەکان بەردەوام دەبن تا ئەو کاتەی ئاسایشی هەموو تاکێکی ئەم وڵاتە دەپارێزرێت. چارەسەر و مارەسەر و شتی وا نییە، چارەسەریی لەگەڵ میللەتدا دێتە ئاراوە، نەک لەگەڵ رێکخراوی تیرۆریستی".
سەرۆکوەزیرانی تورکیا تیشکی خستە سەر دورخستنەوەی ژمارەیەک کاربەدەستی شارەوانییەکان و دانانی کەسانی دیکە لە شوێنیان و گوتی: "لە کاتێکدا ئێمە رووبەڕووی تیرۆر دەبینەوە، هەرکەسێکمان هێنابیتە سەرکار، یاساییە. بەرپرسانی شارەوانی ناچارن مافی تەواوی هاووڵاتییان بدەن، نابێت بە ئیرادەی دەوڵەت یارمەتی رێکخراوی تیرۆریستی بدرێت، ئەو کەسانەی کارێکی لەو شێوەیە دەکەن بە دڵنیایەوە دەبێت باجەکەی بدەن، ئەو سەرۆک شارەوانی و ئەندامەی ئەنجوومەن کە لە کاری تیرۆریستی تێوە نەگلاوە پێویست ناکات هیچ دوودڵ بێت، لەبەر ئەوەی هیچ رێکارێک لە دژیان ئەنجام نادرێت، بەڵام ئەو کەسانەی بە سامانی میللەت و دەوڵەت یارمەتی رێکخراوی تیرۆریستیان داوە باجەکەی دەدەن".
بینالی یڵدرم جەختی کردەوە لەوەی کەوا هۆشیاری هاووڵاتیان زیاد بووە، گوتی: "هەواڵێکی دڵخۆشکەرتان پێ رابگەیەنم. بە بەراورد بە ساڵی رابردوو ژمارەی ئەو گەنجانەی کە دەچوونە شاخ ١٠ جار کەمی کردووە واتە لە ٤ هەزارەوە بۆ ٤٠٠ کەس کەمبۆتەوە، ئێستا پەشۆکاون و دەڵێن گەنج نابینینەوە تا بە کوشتنیان بدەین و لە ناوخۆیان دەمەقاڵی دەکەن، هێشتا زۆر زیاتر دەمەقاڵی دەکەن، رێگا نادەین رۆڵەی ئەو میللەتە ببەن و بە کوشتنیان بدەن".