Halil İbrahim Sincar
14 تەمووز 2016•نوێکردنەوە: 17 تەمووز 2016
لە شارۆچکەی مازیداغی سەر بە پارێزگای ماردین سەرۆکی شارەوانی شارۆچکەکە نەجلا یڵدرم کە سەر بە دەبەپەیە و ئەندامێکی ئەنجوومەنی شارەوانی لە کارەکانیان دوورخرانەوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەستکەوتوون، پەیوەست بە هێرشەکەی رۆژی نۆی تەمووز لە شارۆچکەی ئارتوکڵو کە تێیدا دوو سەرباز گیانیان لەدەست دا، لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکانی سەرۆکایەتی داواکاری گشتیی لەبارەی دۆسییەکەوە، وەزارەتی ناوخۆ بەپێی ماددەی ١٢٧ی دەستوور بڕیاری دوورخستنەوەی هەریەک لە سەرۆکی شارەوانی شارۆچکەی مازیداغی نەجلا یڵدرم و ئەندامێکی ئەنجوومەنی شارەوانی هەمان شارۆچکەی 'وک رێوشوێنێکی کاتیی' داوە.
ئەوەش زانراوە کە لێکۆڵینەوەکان لەگەڵ فەرماندەی پۆلیس لە شارۆچکەکە کە لە ئێستادا دەستبەسەرە، بەردەوامە.
- لە هێرشەکەدا ئۆتۆمبیلەکانی شارەوانی بەکارهێنرابوون
رۆژی نۆی تەمووز لەلایەن چەکدارانی پەکەکەوە و لە رێگەی بۆمبێکی بۆمبڕێژکراوەوە هێرش کرابووە سەر بارەگای فەرماندەیی جەندرمە لە شارۆچکەی ئارتوکڵ، لە ئەنجامی هێرشەکەدا دوو سەرباز و کەسێک گیانیان لەدەست دابوو، ١٢ سەربازی دیکەش بریندار ببوون.
لەدوای هێرشەکەوە و لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکاندا ١٢ کەس دەستبەسەر کرابوون کە هەریەک لە سەرۆکی فەرمانگەی تەندروستی لە شارەوانی ماردین، بەڕێوەبەری هۆبەی دەرمان لە سەرۆکایەتی تەندروستی و فەرماندەی پۆلیس لە شارۆچکەی مازیداغیان تێدابوو. لەو ١٢ گومانلێکراوەش دوو کارمەندەکەی شارەوانی بڕیاری دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووبوو، چواری دیکەیان بەمەرجی ماوە لە ژێر چاودێریدا و پێنج کەسەکەی دیکەش بەشێوەیەکی ئاسایی، ئازاد کرابوون.
ئەوە زانراوە کە ئەو ئۆتۆمبێلەی تەقینەوەکەی پێ ئەنجامدراوە هی شارەوانی مازیداغییە و چەکدارەکانیش دوای ئەوەی کارەکەیان ئەنجامداوە بە ئۆتۆمبیلێک هەڵاتوون کە هی کۆمپانیایەکە کە کاریان لەگەڵدا کردووە و بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتی هۆبەی دەرمان لە سەرۆکایەتی تەندروستی، بەکاریان هێناوە. هەر بۆیە پارێزگار بڕیاری ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی کارگێڕی لەگەڵ هەریەک لە شارەوانی ماردین و مازیداغی دابوو.