Zana Natık Kerem
30 ئاب 2023•نوێکردنەوە: 31 ئاب 2023
ھەولێر – AA
نێردەی تایبەتی سەرکۆماری تورکیا بۆ کاروباری ئاو، فەیسەڵ ئەرئۆغڵۆ کە ئیستا بەسەردانێک لە بەغدایە لەگەڵ سەرکۆماری عێراق، عەبدولـلەتیف ڕەشید کۆبووەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماریی عێراق، عەبدولـلەتیف ڕەشید پێشوازیی کردووە لە نێردەی تایبەتی سەرکۆماری تورکیا بۆ کاروباری ئاو، فەیسەڵ ئەرئۆغڵۆ و شاندی یاوەری کە لە ژمارەیەک پسپۆڕان و ڕاوێژکارانی تایبەت بە بواری ئاو، بەنداوەکان، ئاودێری، کشتوکاڵ، وزەی ژینگەیی پێکھاتبوون.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەدراوە کە لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، فەیسەڵ ئەرئۆغڵۆ سڵاو و پێزانینی سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان-ی گەیاندووەتە سەرکۆماری عێراق و لە بەرامبەردا عەبدولـلەتیف ڕەشید ، سڵاو و پێزانینی خۆی بۆ سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان ناردووە و جەختی لەوە کردووەتەوە کە پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵات قووڵ و مێژووییە و کێشەکانی پەیوەست بە دۆخی ئاو دەتوانرێت چارەسەر بکرێن و پێویستیان بە بڕیاری جیددی ھەیە تا کار بۆ جێبەجێکردنیان بکرێت کە لە بەرژەوەندی ھەردوو وڵاتیش دایە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە لە کۆبوونەوەکەدا، ھەردوولا جەختیان کردووەتەوە لە گرنگی پەرەپێدان و بەھێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان عێراق و تورکیا، بەتایبەتی لە بواری ھەماھەنگی ھاوبەش لە دۆسێی ئاودا و کارکردن بۆ نوێکردنەوەی لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتنە ھاوبەشەکان لەم بارەیەوە بۆ بەدیھێنانی بەرژەوەندییەکانی ھەردوو وڵات و گەلی دۆست.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا، ئەوە خراوەتەڕوو کە لەوبارەیەوە سەرکۆماری عێراق ئاماژەی بەوەداوە کە حکومەتی عێراق ھەوڵەکانی بە چڕی خستووەتەگەڕ بۆ بەھێزکردن و پەرەپێدان و باشترکردنی بەڕێوەبردنی ئاو لە سەرانسەری وڵاتدا.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە ھەر لە دیدارەکەدا، عەبدولـلەتیف ڕەشید جەختی لەوە کردووەیەوە کە ھەموو جیھان بەتایبەتی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست ڕووبەڕووی قەیرانی ئاو بوەتەوە، ئەوەیش لە ئەنجامی دیاردەی گۆڕانی کەشوھەوا و کاریگەرییە گەورەکانی بەھۆی وشکەساڵی و بە بیابانبوون و گوتوویەتی: "عێراق لەو بارەیەوە بەدەست کێشەیەکی گەورەوە دەناڵێنێت، ھەروەھا کەمی باران کاریگەریی لەسەر بوارەکانی ژیان و کشتوکاڵ لە عێراق دروست کردووە".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا باس لەوەیش کراوە کە لای خۆیەوە نێردەی تایبەتی سەرکۆماری تورکیا بۆ کاروباری ئاو، فەیسەڵ ئەرئۆغڵۆ خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بۆ کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکۆماری عێراق و ڕاگەیاندووە کە وڵاتەکەی بە پەرۆشەوە بۆ ھەماھەنگییەکی جیددی و بەرھەمدار لە دۆسیەی ئاودا بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێکی ئەرێنی کە خزمەت بە بەرژەوەندییە باڵاکانی ھەردوو وڵاتی دراوسێ بکات و جەختی کردووەتەوە لە گرنگیدان بە پێداویستییە ئاوییەکانی عێراق.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، فەیسەڵ ئەرئۆغڵۆ ڕاپۆرتێکی وردی دەربارەی ئەو کار و پڕۆژانە پێشکەش کردووە کە تورکیا دەتوانێت لە بواری ھاریکاری لەگەڵ عێراقدا ئەنجامی بدات لە بابەتی ڕووبە ڕووبوونەوەی قەیرانی ئاو، بە بیابانبوون و پەرەپێدان بە شێوازەکانی بەڕێوەبردنی ئاو و ئاودێری.
لەئێستادا، بەرپرسانی تورکیا و عێراق بە سەردانیکردنی یەکتر لەسەر ئاستی باڵا، ھەوڵدەدەن پەیوەندییەکانی نێوانیان بەھێزتر بکەن.