Yusuf Aydın Deniz,Abdullah Shukur
31 ئادار 2019•نوێکردنەوە: 01 نیسان 2019
ئیستانبوڵ - AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لەبارەی ئەنجامی هەڵبژارنی شارەوانییەکانی تورکیاوە رایگەیاند: "ئەم ئەنجامانە، ئەوەی دەرخست کە برا کوردەکانمان ئیرادەی خۆیان رادەستی رێکخراوی تیرۆریستی و ئەو کەسانە ناکەن کە پشتیان بە تیرۆر بەستووە".
سەرۆکی گشتی ئاک پارتی و سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لەبارەی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن لێدوانی دا و هەڵسەنگاندنی بۆ ئەنجامەکان کرد.
رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتی: "تورکیا لە کەشێکی دیموکراسیی پێگەیشتوودا ھەڵبژاردنەکانی ٣١ی ئاداری تەواوکرد".
ئەردۆغان راشیگەیاند: "لەو شوێنانەی بردوومانەتەوە چووینەتە دڵی میللەتەوە، لەوانەشی کە لەدەستمان داوە وەک پێویست سەرکەوتوو نەبووین دەبێت قبووڵی ئەمە بکەین، بەو پێیەش ھەڵسوکەوت بکەین".
ئەردۆغان ھەر لەبارەی ھەڵبژاردنەکان گوتی: "گەلەکەمان بۆ جارێکی دیکە بە بەشداری رێژەیەکی بەرز ئیرادەی خۆی لەسەر سندووقەکانی دەنگدان نیشاندا".
سەرکۆماری تورکیا گوتیشی: "پاش کەمێکی دیکە بەرەو شاری ئەنقەرە بەڕێدەکەوم، لە ناوەندی پارتەکەمان گوتاری بالکۆن پێشکەش دەکەم و ھەڵسەنگاندن بۆ ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن دەکەین".
رەجەب تەیب ئەردۆغان باسی لە ھاوپەیمانی جمھوور کرد و گوتی: "لەگەڵ مەھەپەدا بەیەکەوە لەسەر ئاستی ھاوپەیمانییەکان یەکەم بووین".
ئەردۆغان راشیگەیاند: "ئەو پەیامەی لەبارەی پرسی مان و نەمان داومانە، زۆر بەباشی لە لایەن گەلەوە وەرگیراوە".
رەجەب تەیب ئەردۆغان زیاتر گوتیشی: "وەک ئاک پارتی، ھاوشێوەی ھەڵبژاردنی ٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٠٢ ەوەتا ئێستا وەک ھەموو جارێک بەجیاوازیەکی زۆر بووینەتەوە بە پارتی یەکەم".
ئەردۆغان باسی لە ئەنجامدانی چاکسازی زیاتر کرد و گوتی: "پرۆگرامێکی زۆر گرنگی ریفۆرم ھەیە لە بەرنامەماندا".
سەرکۆماری تورکیا باسی لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر کرد و گوتی: "بەتایبەتی بە بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوە تیرۆریستییەکان بەردەوام دەبین لەسەر کارکردن بۆئەوەی وڵات و ناوچەکەمان بکەینە دوورگەی ئارامی".
ئەردۆغان گوتیشی: "زۆر رێگای دیکەمان ھەیە بیبڕین، زۆر ئارەقە ھەیە بیڕژین بۆ ئەم گەلە".
ئەردۆغان ھیوای خواست ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن ببێتە مایەی خێر بۆ گەلی تورکیا و گوتی: "لە خوا داواکارم، ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن ببێتە مایەی خێر بۆ وڵاتەکەمان، گەلەکەمان، شار و گەڕەکەکانمان".
رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتیشی: "ھەڵبژاردنەکانی داھاتوو لە وڵاتەکەماندا لە مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٣ دەبێت".
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان راشیگەیاند: "وەک ئاک پارتی و ھاوپەیمانی جمھوور ھەڵبەت شارەوانی ھەیە کە بردوویەتییەوە یان لەدەستی داوە. ھەر قازانج و لەدەستدانێک تەقدیری گەلە. ھەڵبەت ئەمەش پێویستییەکی دیموکراسیە. پێویستە قبووڵ بکرێت".
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان ھەر لەبارەی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن گوتی: "ئەم ئەنجامانە، ئەوەی دەرخست کە برا کوردەکانمان ئیرادەی خۆیان رادەستی رێکخراوی تیرۆریستی و ئەو کەسانە ناکەن کە پشتیان بە تیرۆر بەستووە".
ئەردۆغان لە درێژەی گوتاکانیدا گوتی: "ئێمە وەک ھاوپەیمانی جمھوور، کە پێکەوە ھاوشان بووین لەم رێگایەدا، بە تایبەتی سوپاسی بەڕێز باخچەلی و ھاوکارانی و ھاوکات ھاوکارانی خۆم دەکەم".