Abdullah Shukur
21 ئەیلوول 2018•نوێکردنەوە: 22 ئەیلوول 2018
ئەنقەرە - AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان بەمەبەستی بەشداریکردن لە ٧٣یەمین کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانی ئەمریکا دەکات.
بەپێی ئەو راگەیەنراوەی لە ناوەندی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا بڵاوکراوەتەوە، ئەردۆغان بەمەبەستی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ٢٣-٢٧ی ئەم مانگە سەردانی ئەمریکا دەکات.
ئەردۆغان پێش بەشداری لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی دووشەممەی ٢٤ی ئەیلول بەشداری لە کۆبوونەوەکانی رێککەوتنی پەنابەرانی جیھانی لە ئاستی باڵا دەکات.
سەرکۆمار ئەردۆغان لە رۆژی یەکەمی کۆبوونەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان کە دەکاتە ٢٥ی ئەیلول، وتارێک لە ئەنجوومەنەکە پێشکەش دەکات.
ئەردۆغان ھەمان رۆژ بەشداردەبێت لە ئێوارە خوانێکی ھاوبەش کە لەلایەن سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گوتیرێس رێکدەخرێ.
پێشبینی ئەوەش دەکرێ ئەردۆغان لە پاڵ گوتیرێس لەگەڵ ژمارەیەکی زۆری سەرکردە و سەرۆکوەزیرانی وڵاتانی جیھان کۆبوونەوەی دووقۆڵی ئەنجام بدات.
ھاوکات چاوەڕێی دەکری سەرکۆماری تورکیا لەگەڵ ژمارەیەکی زۆری بەرپرسی باڵا و نوێنەرانی کۆمەڵگای تورک و مووسڵمان لە ئەمریکا و نوێنەرانی دەزگاکانی راگەیاندن کۆببێتەوە.