Merve Yıldızalp Yormaz
19 ئاب 2025•نوێکردنەوە: 20 ئاب 2025
ئەنقەرە - AA
سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕایگەیاند: "بە هەموو توانامانەوە بەردەوام تێدەکۆشین لە پێناو ئەوەی گەلی فەڵەستین بەداهاتوویەکی ئازاد، شکۆمەندانە و خۆشگوزەران بگات".
سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکان لە سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، بورهانەددین دوران لە ڕاگەیاندراوێکدا کە لە نێکست سۆشیاڵ بڵاویکردەوە، ئاماژەی بەوە کرد سەرکۆمار ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، بە ناونیشانی "بەزەیی سنوورەکان دەبەزێنێت: هاوپەیمانی شارستانییەکان و دیپلۆماسی مرۆیی"، گوتارێکی بۆ ڕۆژنامەی ئێل پایسی ئیسپانی نووسیوە، کە یەکێکە لە ڕۆژنامە دیارەکانی ئیسپانیا.
گوتارەکە لە ماڵپەڕی سەرۆکایەتی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیادا بڵاوکراوەتەوە و، سەرکۆمار ئەردۆغان لە یادی ١٩ی ئاب "ڕۆژی جیهانی هاوکاری مرۆیی"دا گوتارێکی نووسیوە.
سەرکۆمار ئەردۆغان لە گوتارەکەیدا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئاشتیی و ئاسایش و خۆشگوزەرانیی هاوبەش تەنیا بە تێگەیشتنی هاریکاریی لەسەر بنەما ڕێزگرتنی دوولایەنە، دادپەروەریی و دڵسۆزی لە نێوان گەلاندا بەدی دێت.
"پشتیوانی دڵسۆزانەی ئیسپانیا بۆ پرۆسەی ئەندامبوونمان لە یەکێتیی ئەورووپا، قوڵایی ئامانجە هاوبەشەکانمان دەردەخات" سەرکۆمار ئەردۆغان وای گوت و، ڕایگەیاند: "ئێمە بڕیارمان داوە ئەم هاوبەشییە ستراتیجییە بە هەنگاوی بەهێز کە پێکەوە بەرەنگاری ئاڵنگارییە هەرێمی و جیهانییەکان دەبینەوە شکۆدار بکەین".
هەروەها سەرکۆمار ئەردۆغان ئاماژەی بە دۆخی غەززە کرد و، ڕایگەیاند: "گەمارۆدانی نامرۆڤانەی ئیسرائیل لە غەززە لەم دواییانەدا و، سیاسەتی برسیکردن و سزادانی بەکۆمەڵ، نەک تەنیا یاسا نێودەوڵەتییەکان، بەڵکو ویژدانی مرۆڤایەتیشی پێشێل کردووە".
گوتیشی: "جەنگەکان، برسێتی، کۆچی نایاسایی و کارەساتەکانی کەشوهەوا ئێمەیان خستووەتە بەردەم قورسترین تاقیکردنەوەی مێژووی مرۆڤایەتی. ئەمڕۆ کە ڕۆژی جیهانی هاوکاری مرۆییە، ڕاستییە تاڵەکەی بەردەممان ئەوەیە کە زیاتر لە ٣٠٠ ملیۆن کەس بێبەشن لە پێداویستیە سەرەتاییە مرۆییەکان. ئەم دیمەنە ڕاستییەکە ویژدانی مرۆڤایەتی دەلەرزێنێت و هەموو جیهان بەرەو بەرپرسیارێتی بانگهێشت دەکات".