توركيا, جيهان

سەرکۆمار ئەردۆغان: "کوردەکان لە ھەر کوێیەک بژین برای ئێمەن کەس ناتوانێت ئێمە لە یەکتر جیا بکاتەوە"

Özcan Yıldırım  | 02.09.2025 - نوێکردنەوە : 03.09.2025
سەرکۆمار ئەردۆغان: "کوردەکان لە ھەر کوێیەک بژین برای ئێمەن کەس ناتوانێت ئێمە لە یەکتر جیا بکاتەوە"

Ankara

ئەنقەرە - AA

سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەبارەت بە پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر ڕایگەیاند: "تورکیا کێشەیەکی ٤٠ ساڵە چارەسەر دەکات و بە یەکگرتوویی بەرەو داهاتوو هەنگاو دەنێت. لە پرسێکی وەهادا کە پەیوەندی بە داهاتووی تورکیاوە هەیە، ڕاستترین کار ئەوەیە کە سەرنج بخەینە سەر ئەو ڕوونکردنەوانەی کە بە جددییەتێکی دەوڵەتی ئەنجام دەدرێن، نەک ئەوەی گوێ بۆ دەنگۆ و قسە و قسەڵۆک بگرین. ئێمە بە ڕوونی نەخشەڕێگا و ئامانجەکەمان دیاری کردووە. ئەو سەرچاوانەی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر تەرخان کرابوون، ئێستا بۆ گەشەپێدان، بەرهەمهێنان، وەبەرهێنان و هەلی کار خەرج دەکرێن".

دوای کۆتایی ھاتنی ٢٥هەمین لووتکەی ئەنجوومەنی سەرۆکەکانی وڵاتانی ئەندام لە ڕێکخراوی ھاریکاریی شەنگەھای کە لە شاری تیانجین-ی چین بەڕێوەچوو، سەرکۆمار ئەردۆغان، لە کاتی گەڕانەوە لە ناو فڕۆکەکەیدا وەڵامی پرسیارەکانی ڕۆژنامەنووسانی دایەوە.

سەرکۆمار ئەردۆغان باسی لەوە کرە کە چین بە گرنگییەوە لە تورکیا دەڕوانێت و، ڕایگەیاند: "چین لە گرنگیی و کاریگەریی تورکیا لەسەر ئاستی هەرێمیی تێگەیشتووە و وەک کاراکتەرێکی گرنگ دەیبینێت. لە ھەوڵی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانمانین لەگەڵ چین".

سەبارەت بە لووتکەی ئالاسکا، سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: "ئەم گفتوگۆیانە گونجا و پەسەندکراون و ستراتیجێکی بەنرخن. تەنیا دیالۆگی ئاشتیخوازانە دەتوانێت کۆتایی بە جەنگی ئۆکراینا-ڕووسیا بھێنێت. ئێمەیش لەم بارەیەوە، لەگەڵ لایەنەکانی جەنگی ئۆکراینا-ڕووسیا گفتوگۆمان ئەنجامدا، بەتایبەتی لەگەڵ بەڕێز ترەمپ".

گوتیشی: "لە سەرەتاوە تاوتوێی ئەوە دەکەین کە دەکرێت جەنگی ئۆکراینا-ڕووسیا بە ڕێگای دانوستان کۆتایی پێبێت. دانوستانەکانی ئیستانبوڵ سەلمێنەری ئەوەن کە ئەم ڕێگایە کراوەیە".

سەرکۆمار ئەردۆغان ئەوەیشى خستەڕوو کە ئاشتییەکی دادپەروەرانە و بەردەوام بە بەھێزکردنی زەمینەی دانوستان و بەبێ وەلانانی لایەنەکان بەدی دێت و، ڕایگەیاند: "تورکیا لە سەرەتای جەنگەوە بووەتە نموونەی ئەو تایبەتمەندییانەی کە توانیویەتی لەگەڵ ھەردوولا گفتوگۆ بکات و، متمانەی ھەردووکیان بەدەستبهێنێت. ئەگەر ھەموو بەیەکەوە پێشینەی کار بدەین بەدانوستان نەک شەڕوپێکدادان، ئاشتی بیەکەینە پێشینە نەک جەنگ، ئەوا تاکۆتایی دەرفەتی فراوان دەکەینەوە".

سەبارەت بە قەدەغەی ڤیزا ئەمریکا بۆ سەر بەرپرسانی فەڵەستینی، سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: "ئەم بڕیارە لەگەڵ ھۆکاری بوونی نەتەوە یەکگرتووەکان ناگونجێت، لەو باوەڕەداین پێویستە بە زوویی پێیدابچنەوە".

ڕاشیگەیاند: "ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ مشتومڕی پرسەکانی سەر زەوی و دۆزینەوەی چارەسەر بوونی هەیە. نەبوونی شاندی فەڵەستین لە کۆمەڵەی گشتییدا تەنیا ئیسرائیل دڵخۆش دەکات".

سەرکۆمار ئەردۆغان جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە کپ کردنی دەنگی فەڵەستین کارێکی ڕاست نییە و ڕایگەیاند: "ناکرێت ئەم دەنگە کپ و خامۆش بکرێت. ئەوەی لە ئەمریکا چاوەڕوان دەکرێت ئەوەیە بە کۆمەڵکوژی و ستەمکارییەکانی ئیسرائیل بڵێت 'بوەستە'".

هەروەها سەرکۆمار ئەردۆغان ئاماژەی بەو جینۆسایدە کرد کە ئیسرائیل لە غەززە ئەنجامی دەدات و، ڕایگەیاند: "ئەو جینۆسایدەی ئیسرائیل دەیکات ھەرگیز لەبیرناکرێت. دایک و باوکانی خاوەن ویژدانیان لەبیریان ناچێت کۆرپەکان، دایکان و باوکان لە فەڵەستین چۆن کوژران".

سەبارەت بە هەوڵی هەندێک وڵاتانی ئەورووپا بۆ داننان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا، سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: "ھەندێک وڵاتی ئەورووپا خۆیان ئامادە دەکەن لە کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان فەڵەستین وەک دەوڵەت بناسێنن. پێدەچێت ئەمساڵ پرسی فەڵەستین ببێتە دیارترین پرس لە کۆمەڵەی گشتیدا".

دەربارەی نامەکەی ئەمینە ئەردۆغانی هاوسەری بۆ هاوسەری سەرۆکی ئەمریکا، مێلانیا ترەمپ سەبارەت بە کۆتاییهێنان بە قەیرانی مرۆیی لە غەززە، سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: "تورکیا ڕەھەندێکی نوێی خستەسەر دیپلۆماسییەتەکەی بۆ غەززە، ئەوەی سەلماند کە زمانی مرۆیی و ویژدان دەتوانێت کاریگەر بێت لە پەیوەندیيە نێودەوڵەتيیەکاندا".

سەبارەت بە پەرەسەندنەکانی سووریا، سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: "نە ئێمە چاوپۆشی لەوانە دەکەین کە دەیانەوێت لە خاکی سووریادا ئاژاوە بنێنەوە، نە حکوومەتی دیمەشق بەمە ڕازی دەبێت".

گوتیشی: "ئێمە سووریا بە تەنیا جێناهێڵین. بەردەوام لەگەڵیاندا دەبین. پشتیوان بەخودا کەس ناتوانێت ڕێگریی لەوە بکات سووریا سەرلەنوێ هەستێتەوە سەر پێ. بارۆنەکانی جەنگ کە وەبەرهێنان لە ئاژاوەدا دەکەن، ئەمجارە شکستدەهێنن. گەلی سووریا بە هەموو پێکهاتەکانیەوە عەرەب، کورد، تورکمان، نوسەیری، سوننە و کریستیان بەبێ جیاوازی سەردەکەون. دەمەوێت زۆر بە ڕوونی ئەمە بڵێم کە ھەرکەس ھەوڵبدات ئەم پرۆسەیە تێکبدات، باجەکەی دەدات. کوردەکان لە ھەر کوێیەک بژین، برای ئێمەن. کەس ناتوانێت ئێمە لە یەکتر جیا بکاتەوە".

سەبارەت بە پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر، سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: "تورکیا کێشەیەکی ٤٠ ساڵە چارەسەر دەکات و بە یەکگرتوویی بەرەو داهاتوو هەنگاو دەنێت. لە پرسێکی وەهادا کە پەیوەندی بە داهاتووی تورکیاوە هەیە، ڕاستترین کار ئەوەیە کە سەرنج بخەینە سەر ئەو ڕوونکردنەوانەی کە بە جددییەتێکی دەوڵەتی ئەنجام دەدرێن، نەک ئەوەی گوێ بۆ دەنگۆ و قسە و قسەڵۆک بگرین. ئێمە بە ڕوونی نەخشەڕێگا و ئامانجەکەمان دیاری کردووە. ئەو سەرچاوانەی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر تەرخان کرابوون، ئێستا بۆ گەشەپێدان، بەرهەمهێنان، وەبەرهێنان و هەلی کار خەرج دەکرێن".

ڕاشیگەیاند: "براوەی تورکیای بێ تیرۆر تەواوی تورکیایە، براوەی ناوچەی بێ تیرۆریش گشت گەلانی برای ناوچەکەمانن".

سەرکۆمار ئەردۆغان ڕەخنەی لە پارتی ئۆپۆزسیۆنی سەرەکی گرت و، ڕایگەیاند: "دۆخی ناخۆشی ئەو حکوومەتە خۆجێییانەی بەگوتنی 'خزمەت بە گەل دەکەین' سەرکەوتنیان بەدەستهێنا، پارچەیەکە لە ڕێبازی بەڕێوەبردنیان و تەنیا شەڕکردن دەزانن".

هاوکات سەرکۆمار ئەردۆغان باسی لەوە کرد کە ئابووریی تورکیا گەشە دەکات و، بێکاری و ھەڵئاوسان دادەبەزن و ڕایگەیاند: "بەرەنگاری ڕاستگۆیانەمان دژبە گرانی ئەنجامی هەیە و ئەمە بەشێوەیەکی بەھێز بەردەوام دەبێت. گەشە دەکەین و بێکاری و ھەڵئاوسان دادەبەزن. نیگەرانیە داراییەکان کۆتاییان ھاتووە".

ڕاشیگەیاند: "بەپێی پێناسەی بانکی جیهانی ئەگەری ھەیە ئەمساڵ لەداھاتی نەتەوەیی تاکەکەسدا بچینە کۆمەڵەی وڵاتانی خاوەن داھاتی بەرز. وڵاتەکەمان لەداھاتی نەتەوەیی تاکەکەسدا پلەی بەرزدەبێتەوە".

سەبارەت بە ڕێڕەوی زەنگەزور، سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: "بەئاشتیی ھێڵەکانی ئاسن و وشکانی لە ناوچەکەماندا دەبوژێنەوە، دەروازە سنوورییەکان دەکرێنەوە، کاریگەریی ئەرێنیی لەسەر زۆر بوار دەبێت بەتایبەتی بازرگانیی".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın