سەرکۆمار ئەردۆغان: "لەو پێشکەوتنانەی کە لە ماوەیەکی کەمدا بۆ تورکیایەکی بێ تیرۆر بەدی هاتووە، خۆشحاڵین"
سەرکۆمار ئەردۆغان: "ڕووداوەکانی ناوچە دەریخست کە ئەو قۆناغە (تورکیای بێ تیرۆر) تا چ ڕادەیەک پێویست و هەنگاوێکی ستراتیژییە و دەریش کەوت هەندێک کەس لە ناوخۆی وڵات و لەناو ڕێکخراوەکەشدا بە دوای تێکدانی هەوڵەکانمانن. دەوڵەتەکەمان ناکەوێتە هیچ داوێکەوە".

Ankara
ئەنقەرە - AA
سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند، دڵخۆشن لەو پێشکەوتنانەی کە لە ماوەیەکی کەمدا بۆ تورکیایەکی بێ تیرۆر بەدی هاتووە و گوتیشی، "دەرکەوتووە کە هەندێک کەس لە ناوخۆی وڵات و هەروەها لەناو ڕێکخراوەکەشدا بە دوای تێکدانی هەوڵەکانمانن. دەوڵەتەکەمان ناکەوێتە هیچ داوێکەوە".
سەرکۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دوای کۆبوونەوەی کابینەی سەرکۆماریی لەبارەی پرسەکانی ڕۆژەڤەوە بۆ میدیاکان دوا.
لەسەرەتای قسەکانیدا سەرکۆمار ئەردۆغان ڕەخنەی لە ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکەی گرت و گوتی: "سیستەمی کۆنی تورکیا کە لەلایەن ئۆپۆزسیۆنەوە بۆ بەلاڕێدابردنی ڕۆژەڤ بە بەردەوامی دەخرێتەوە بەرباس، ئیتر لە ڕەفە تۆزاوییەکانی تورکیادا وەک بیرەوەرییەکی تاڵ ڕاگیراون. هیچ کەسێک توانای ئەوەی نییە کە تورکیا بگەڕێنێتەوە بۆ ئەو سەردەمەی کە لە هاوپەیمانییە تەمەن پەپوولە ئاساکاندا جێی دەگرت".
سەرکۆمار ئەردۆغان گوتیشی: "بە ڕیشە داکووتانی سیستەمی سەرۆکایەتی لە تورکیا، بونیادنانەوەی سەدەی تورکیا خێراتریش دەبێت. هیچ کردەوەیەک کە ببێتە هۆی دەرزخستنی بەرەی ناوخۆیی تورکیا بۆمان قبوڵکراو نییە".
لەبارەی قۆناغی تورکیای بێ تیرۆر، سەرکۆمار ئەردۆغان دوا و گوتی: "لەگەڵ ئەو ڕووداوانەی کە لە ناوچەکەماندا ڕوویاندا، بۆمان دەرکەوت کە ئەو قۆناغە تا چ ڕادەیەک پێویست و هەنگاوێکی ستراتیژییە. هەر کاتێک دەستدرێژی بکرێتە سەر ئاسایشی نەتەوەییمان، ئەوە هیچ شتێکمان بۆ گرنگ نابێ و سەری هێرشبەرەکە پان دەکەینەوە. باش دەزانین چۆن تۆپ بگرینە ئەوانەی کە بەرد دەگرنە ئێمە. ئەگەر پێویستە بێت ئەوە دەسەڵات و ئیرادەی خۆمان بە زیادەشەوە پێشان دەدەین".
سەرکۆمار ئەردۆغان گوتیشی: "لەو پێشکەوتنانەی کە لە ماوەیەکی کەمدا بۆ تورکیایەکی بێ تیرۆر بەدی هاتووە، خۆشحاڵین. دەرکەوتووە کە هەندێک کەس لە ناوخۆی وڵات و هەروەها لەناو ڕێکخراوەکەشدا بە دوای تێکدانی هەوڵەکانمانن. دەوڵەتەکەمان ناکەوێتە هیچ داوێکەوە".
سەرکۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان وێڕای ئاماژەدان بە لووتکەی سەرکردەکانی ناتۆ لە ٢٠٢٦دا کە بریارە لە تورکیا بەڕێوەبچێت، گوتی "زمینەی دەرکردنی بڕیار گرنگ فەراهەم دەکەین".
کۆتایی قسەکانی سەرکۆمار ئەردۆغان باس کردن بوو لە پرسی ئاگرتێبەربوونی دارستانەکانی چەند پارێزگایەکی تورکیا و لەم بارەیەوە گوتی: "لە ١ی حوزەیرانەوە لە کۆی هەزار و ٥١٦ ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکان، هەزار و ٥٠٧یان کۆنتڕۆڵکراوە و فڕۆکە و هێلی کۆپتەرەکانمان ٣٣ هەزار و ٢٠٠ تۆن ئاویان پڕژاندووەتە سەر ئاگرەکان. ٣١ کەس بە گومانی پەیوەندیدار دەستگیر کران. ١٠یان بڕیاری دەستبەسەرکردن و ١٠یان بە مەرجی دادوەری ئازاد کراون. بۆ کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکان، ٢٧ فڕۆکە، ١٠٥ هێلی کۆپتەر، ١٤ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و شەش هەزار ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە و ٢٥ هەزار کارمەندی قارەمان بەشدارن".
سەرکۆمار ئەردۆغان لەم بارەشەوە گوتی: "چاوەڕوانیم لە هەموو هاووڵاتیانم ئەوەیە ک لەم دوو مانگەی داهاتوودا هەوڵی تەواو بدەن بۆ پاراستنی سەوزایی نیشتمانمان".
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن