سەرکۆمار ئەردۆغان: "دژ بە ستەم بەرپرسیارێتی هەڵدەگرین و بۆ ئاشتی و دادپەروەری ئەرک لە ئەستۆ دەگرین"
سەرکۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان: "وەک خێزانی مرۆڤایەتی گەورەترین ئەرکمان بۆ گەلی فەڵەستین دادپەروەرییە. ڕێگای ئەوەش جێبەجێکردنی دیدگای چارەسەری دوو دەوڵەتییە لەسەر بنەمای سنوورەکانی ساڵی ١٩٦٧".
Ankara
ئەنقەرە - AA
سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند، "بەرپرسیارێتی دەگرینە ئەستۆ بەرانبەر پێکدادان، قەیران و ستەمەکانی دەوروبەرمان. لەپێناو ئاشتی و دادپەروەرییدا کارە قورسەکە هەڵدەبژێرین نەک ئەوەی ئاسانە".
دوای پێشوازیکردن لە سەرۆکی ڤاتیکان، پاپا لیۆی چواردەهەم و کۆبوونەوە لەگەڵی، سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، لە هۆڵی کتێبخانەی نیشتمانیی سەرۆکایەتی کۆمار، گوتارێکی پێشکەش کرد.
لەسەرەتای گوتارەکەیدا، سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: "لەو باوەڕەدام ئەو پەیامانەی کە لە تورکیاوە (بە ڕێگەی پاپاوە) دەدرێت، لە جیهانی تورک-ئیسلامەوە دەگات بە جوگرافیای مەسیحی و ئەوەش ئومێدە بۆ ئاشتی لە جیهاندا".
سەرکۆمار ئەردۆغان سەردانەکەی پاپا لیۆی چواردەهەمی بە گرنگ زانی و ڕایگەیاند، لە ڕووی ڕووداوە هەرێمی و جیهانییەکاندا سەردانەکە لە کاتێکی زۆر گرنگ و هەستیاردا ئەنجامدراوە.
لە گوتارەکەیدا سەرکۆمار ئەردۆغان باسی لە جەنگی نێوان ڕووسیا-ئۆکراینا و هەوڵەکان بۆ کۆتاییپێهێنان بەو دۆخە کرد و گوتی: " بە وردی چاودێری هەوڵەکانی ڕۆژانی ڕابردوو دەکەین بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ڕووسیا و ئۆکراینا، هەوڵ دەدەین پشتیوانی و هاوکاری پێویست پێشکەش بکەین. بانگەوازەکانی میوانە بەڕێزەکەمان بۆ ئاشتی و دیالۆگ، لە ڕووی سەرکەوتنی پڕۆسەی دیپلۆماسی زۆر بەهادارن".
لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا سەرکۆمار ئەردۆغان باسی لە هێرش و پەلامارەکانی ئیسرائیل لە فەڵەستین کرد و گوتی: "حکوومەتی ئیسرائیل سەرقاڵی بۆردومانکردنی شوێنە سڤیلەکان لەوانەش کڵێسا و مزگەوتەکانە. یەک لەو پرستشگایانە کڵێسای خێزانی پیرۆز لە غەززە بوو. بەرپرسیارێتی دەگرینە ئەستۆ بەرانبەر پێکدادان، قەیران و ستەمەکانی دەوروبەرمان. لەپێناو ئاشتی و دادپەروەرییدا کارە قورسەکە هەڵدەبژێرین نەک ئەوەی ئاسانە".
سەرکۆمار ئەردۆغان گوتیشی: "وەک خێزانی مرۆڤایەتی گەورەترین ئەرکمان بۆ گەلی فەڵەستین دادپەروەرییە. ڕێگای ئەوەش جێبەجێکردنی دیدگای چارەسەری دوو دەوڵەتییە لەسەر بنەمای سنوورەکانی ساڵی ١٩٦٧".
ڕاشیگەیاند: "پاراستنی ڕەوشی مێژوویی قودسی پیرۆز زۆر گرنگە. بەردەوام دەبین لە پێکەوە کارکردن دژ بە هەر جۆرە کردەیەکی دەستدرێژیکارانە، کە زیان بە ناسنامەی مێژوویی قودسی ڕۆژهەڵات بگەیەنێت".
سەرکۆمار ئەردۆغان گوتیشی: "ئارام نەگرتن پێکدادان دروست دەکات، پێکدادانیش ڕق و کینە. دوژمنایەتی کردنی ئیسلام و بیانییەکان لە ڕۆژاوا کە تا دێت ڕوو لە هەڵکشانە دەرئەنجامی ئەم بازنە بەتاڵەیە".
لە کۆتاییدا سەرکۆمار ئەردۆغان جارێکی دیکە بەخێرهاتنی پاپا لیۆی چواردەهەم بۆ تورکیا کرد و گوتی: "ئەم سەردانە بە هەنگاوێکی زۆر گرنگ دەبینم، کە زەمینەی هاوبەشمان بەهێز دەکات".

دواتر پاپا لیۆی چواردەهەم قسەی کرد و وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی خۆی بە سەردانەکەی بۆ تورکیا، ڕایگەیاند: "ئێوە (تورکیا) خاوەنی پێگەیەکی گرنگن لە ئێستا و داهاتووی دەریای ناوەڕاست و تەواوی جیهاندا".
پاپا مەترسییەکانی سەرهەڵدانی جەنگێکی جیهانی بەبیر خستەوە و گوتی: "(پێکدادانە جیهانییەکان) ئەمە بەشێوەیەکی پلەبەندی زەمینە بۆ جەنگێکی جیهانی سێهەم کە بەڕێوەدەچێت، خۆش دەکات. هەرگیز نابێت مل بۆ ئەمە کەچ بکەین. داهاتووی مرۆڤایەتی لە مەترسیدایە.
گوتیشی: "لەدوای دوو جەنگی جیهانیی، شایەتحاڵی سەردەمێکی ململانێی زۆر توندین لەسەر ئاستی جیهان، کە ستراتیجی هێزی ئابووریی و سەربازیی زاڵە بەسەریدا".
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
