سەرکۆمار ئەردۆغان: "با ئەو دیوارەی لە نێوان گەلەکەماندا دروستکراوە بڕووخێنین و بەیەکەوە ئایندە بنیات بنێین"
سەرکۆماری تورکیا و سەرۆکی گشتیی ئاک پارتی، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان: "وەک کادرانی ئاک پارتی نابینە بەندی تەڵەی ئەم سیاسەتە ئاست نزم و بێزراوەی دەیەوێت ئێمەی بۆ ڕابکێشێت. ئاک پارتی ئەمڕۆ بەهێزترە و سبەینێ بەهێزتر دەبێت".

Ankara
ئەنقەرە - AA
سەرکۆماری تورکیا و سەرۆکی گشتیی ئاک پارتی، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕایگەیاند: "بەوانەی لە دوێنێوە بێ ڕەوشتانە هەموو بەها مرۆییەکانیان خستووەتە ژێر پێ و بەشێوەیەکی ناشیرین هێرش دەکەنە سەر ئەندامە نوێکانی خێزانی ئاک پارتی دەڵێم دەمت داخە وملت بشکێنە".
لە میانی بەشداری کردنی لە بەرنامەی ٢٤هەمین ساڵیادی دامەزراندنی ئاک پارتیدا کە لە ناوەندی کۆنگرەی ئاک پارتی بەڕێوەچوو، سەرکۆمار ئەردۆغان گوتارێکی پێشکەش کرد.
سەرکۆمار ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کرد کە بە شانازییەکی گەورەوە یادی ٢٤هەمین ساڵەی دامەزراندنی ئاک پارتی دەکەنەوە و، ٢٤هەمین ساڵیادی شۆڕشی ئەنادۆڵو کە ئاسۆ و ئاڕاستەکەی لەلایەن گەلەوە کێشراوە، بە جۆش و خرۆشەوە یاد دەکرێتەوە.
ئەردۆغان باسی لەوە کرد کە هەنگاوێکی لە ٢٥هەمین ساڵەی ئاک پارتی نزیک بوونەتەوە و، لەو شانازییە ڕەوایەدا دەژین کە ٢٤ ساڵیان تێپەڕاندووە کە هەر لاپەڕەیەکی پڕە لە خۆبەخشی و بە سەرکەوتن ڕازاوەتەوە و بە فیداکاری تەنراوە.
ڕاشیگەیاند: "لەم ڕۆژە تایبەتەدا کە ٢٤هەمین ساڵیادی تەمەنمان دەکەینەوە، بە بەشداربوونی نوێ خێزانی ئاک پارتی گەورەتر دەکەین".
سەرکۆمار ئەردۆغان جەختی لەسەر ئەوە کردەوە ملکەچی ئەو نەفس نزمانە نابین کە پلە و پایەیەکیان لە ڕەوشتدا نییە و، جگە لە دەم پیسی و ڕووخسارێکی بێ شەرم هیچ سەرمایەیەکی دیکەیان نییە و، گوتی: "با ئەو کەسە (سەرۆکی گشتیی جەهەپە ئۆزەل) ئەوە بزانێت و تێبگات و هەرگیز لەیادی نەکات کە تا ئەمڕۆ ملمان بۆ ستەمی ئەوانە نەوی نەکردووە و ناکەین، کە بە ڕێگای میدیا و تۆڕی کۆمەڵایەتی هەوڵی تیرۆرکردنی کەسایەتی دەدەن".
ڕاشیگەیاند: "وەک کادرانی ئاک پارتی نابینە بەندی تەڵەی ئەم سیاسەتە ئاست نزم و بێزراوەی دەیەوێت ئێمەی بۆ ڕابکێشێت. ئاک پارتی ئەمڕۆ بەهێزترە و سبەینێ بەهێزتر دەبێت. بەوانەی لە دوێنێوە بێ ڕەوشتانە هەموو بەها مرۆییەکانیان خستووەتە ژێر پێ و بەشێوەیەکی ناشیرین هێرش دەکەنە سەر ئەندامە نوێکانی خێزانی ئاک پارتی دەڵێم دەمت داخە وملت بشکێنە".
سەرکۆمار ئەردۆغان باسی لە بەرزبوونەوەی ئاستی هەناردەی تورکیا کرد و، ڕایگەیاند: "هەناردەمان لەسەر بنەمای ساڵانە کە لە ساڵی ٢٠٠٢دا ٣٦ ملیار دۆلار بوو، لە مانگی تەمووزدا گەیاندمانە بۆ ٢٧٠ ملیار دۆلار".
گوتیشی: "ئەمڕۆ خزمەتگوزاری تەندروستی لە ماڵەوە دەگەیەنین بە ٢،٩ ملیۆن هاووڵاتیمان. تێکڕا ٢٥ نەخۆشخانەی گشتییمان تەواو کردووە کە ٣٧ هەزار و ١٢٧ قەرەوێڵە لەخۆدەگرن".
سەبارەت بە تورکیای بێ تیرۆر، سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: "ئامانجمان ئەوەیە لە سایەی پرۆسەکەوە هەڕەشە و ئەگەری تیرۆریش بە تەواوی سفر بکەینەوە، نەک تەنیا کێشەی تیرۆر چارەسەر بکەین".
ڕاشیگەیاند: "با ئەو دیوارەی لە نێوان گەلەکەماندا دروستکراوە بڕووخێنین و، برایەتی ئەبەدی و ئەزەلیمان پتەو بکەین و، بەیەکەوە ئایندە بنیات بنێین. هەرکەسێک بەشداری لەم پرۆسە خێرخوازەدا بکات کە نوێنەرایەتی خاڵێکی وەرچەرخان دەکات لە ڕێپێوانی ئایندەی تورکیادا، ناوی خۆی لە مێژوودا تۆمار دەکات".
دەربارەی کۆميسیۆنی هاوپشتی نەتەوەیی، برایەتی و دیموکراسی، سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: "دەرئەنجامی بەربەست خستنە بەردەم کارەکانی کۆميسیۆن بە داواکاری ماکسیمالیسمتی و پۆپۆلیستی زۆر قورس دەبێت".
سەرکۆمار ئەردۆغان باسی لەوە کرد کە لەو ناوچە فراوانەی لە سووریاوە تا دەریای ناوەڕاست و لە بەڵقانەوە تا ئەفریقا درێژ دەبێتەوە، هەموومان شاهیدی نیشانەکانی ئەو سیاسەتەین دژی تورکیایە.
ڕاشیگەیاند: "خاوەنی ئەو هێز و ئەزموونەین کە هەوڵەکانی گەمارۆدان تێکبشکێنێت. ئەو سیاسەتە پووچەڵ دەکەینەوە کە ئامانجی ئەوەیە وڵاتەکەمان لە ناوەوە لاواز و لە دەرەوە ماندوو بکات".
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن