Rewa Mahmood Hasan,Mohammed Baqi Hussein
04 نیسان 2019•نوێکردنەوە: 04 نیسان 2019
واشنتۆن-AA
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو "سیستمی S-400 رێککەوتنێکە و کۆتایی هاتووە. ئەمریکا دوایین پێشنیازی تایبەت بە پاتریۆت کرد، بەڵام هیچ گرەنتییەک نییە کە فرۆشتنەکەی ئەنجام بدات".
مەولود چاوشئۆغڵو کە بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ناتۆ بەسەردانێک لە واشنتۆنە لە میانی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی چالاکی هاوبەشی کۆنفرانسی ئاسایشی میونخ و جێرمان مارشاڵ فەند لەژێر ناوی "ناتۆ یەکدەخات: لە تەمەنی ٧٠ ساڵەیدا" گوتەیەکی پێشکەشکرد.
مەولود چاوشئۆغڵو گوتی: "سیستمی S-400 رێککەوتنێکە و کۆتایی هاتووە. ئەمریکا دوایین پێشنیازی تایبەت بە پاتریۆت کرد، بەڵام هیچ گرەنتییەک نییە کە فرۆشتنەکەی ئەنجام بدات.سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لەم ماوەیەی رابروودا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنییدا لەگەڵ سەرکۆمار، رەجەب تەیب ئەردۆغاندا، ئەوەی قبوڵکردووە کە نەفرۆشتنی پاتریۆت لە لایەن ئەمریکاوە بە تورکیا هەڵەبووە. ئێمە ساڵانێک نەمانتوانی ئەمە وەرگرین و بۆیە پێویست بوو بچین لە رووسیای وەرگرین. هەوڵمان دا لە هاوپەیمانەکانی تریشمان وەرگرین، بەڵام ئەویش سوودی نەبوو. سیستمی بەرگری، پێویستییەکی هەنووکەیی تورکیایە. لە ناوچەکەماندا لەوبارەیەوە هەڕەشە هەیە و ناتۆ لە دۆخێکدا نییە کە بتوانێت ئەو بۆشاییەمان پڕ بکاتەوە".
لە بارەی ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەکەن کە تورکیا ناچارە لە نێوان رۆژئاواو رووسیا یەکێکیان هەڵبژێرێت، وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتی: "تورکیا زۆری لێ ناکرێت بۆ بژاردەیەک لە نێوان رۆژئاوا و رووسیادا و تورکیاش خۆی ناخاتە رێگایەکی لەو چەشنە".
مەولود چاوشئۆغڵو گوتی: "سكرتێری گشتیی ناتۆ بەڕوونی رایگەیاند، هەر ئەندامێك، دەتوانێت هەر سیستمێكی بەرگری لە هەر وڵاتێك بكڕێت. ئەمە قسەی سكرتێری گشتیی ناتۆیە".
- پرسی پەیوەندی و پێكەوە گونجانی S-400 و F-35
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو رایگەیاند، سیستمی بەرگریی مووشەكی S-400 ناچارییەكی وەهای نییە كە ببەسترێت لە سیستمەكانی دیكەی ناتۆ و گوتی: "ئەمە ئامانجی ئێمەش نییە. ئەمە تەنها دەبێتە سیستمێكی بەرگری كە ئێمە بەكاری دەهێنین و نابەسترێت لە هیچ لە سیستمەكانی ناتۆ. ئەمەمان بەڕوونی راگەیاندووە. ئەم سیستمە، بە F-35یشەوە، هیچ سیستمێكی ناتۆ وەك دوژمن نابینێت".
وەزیری دەرەوەی تورکیا وەبیریشیهێنایەوە كە پێشنیاریانكردووە بۆ پێكهێنانی گرووپێكی كاری تەكنیكی بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی كە سیستمی S-400 مەترسیی نییە بۆسەر تەكنەلۆجیا ئەمریكییەكان.
لە وەڵامی پرسیارێكدا لەبارەی ئەوەی كە كڕینی سیستمی S-400 لە لایەن توركیاوە كاریگەری لەسەر هەنگاوەكانی ئەم دواییەی ئەمریكا دەكات لەبارەی فڕۆكە F-35ەكانەوە یان نا، چاوشئۆغڵو گوتی:
"پڕۆگرامی F-35 پڕۆگرامێكی گشتگیرە و ئێمەش بەشێكین لەو پڕۆگرامە. ئێمە چەندین پارچەی فڕۆكەی F-35 بەرهەم دەهێنین. تا ئێستا یەک ملیار دووسەد دۆلارمان داوە. دوو ملیار و سێسەد دۆلاری دیكەش لەڕێدایە. وەك وڵاتێكی بەشداربوو لە پڕۆگرامەكەدا، هەموو شتێكمان ئەنجامداوە كە بەرپرسیارێتیی ئێمەبێت. لەبەرئەوە ئەمە پڕۆگرامێكی زۆر گشتگیرە و وەك هەر گرێبەستێكی فرۆشتنی چەك و كەرەستەی سەربازیی دیكەی ئەمریكا نییە كە لەگەڵ وڵاتانی دیكە ئەنجامیداوە بە ئەندامانی ناتۆشەوە. ئێمە بەشێكین لە پڕۆگرامەكە و پێویستە شتەكە هێندە سادە نەبێت".