Abdullah Shukur
10 شوبات 2019•نوێکردنەوە: 11 شوبات 2019
ئەنقەرە - AA
وەزیری ناوخۆی تورکیا، سولەیمان سۆیڵو لە میانی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەری لە شاری ئەنقەرە، گوتارێکی پێشکەش کرد.
سۆیڵو جەختی لەوە کردەوە کە ئیتر تورکیای کۆن نەماوە و گوتیشی: "ئەمڕۆ دەنگمان بەرز دەکەینەوە، ئینشائەڵڵا ئۆتۆمبێڵ و فڕۆکەی خۆمان دروست دەکەین. ئەوە بزانن کە ئەمڕۆ لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانمان لە ئیسرائیل و ئەمریکا ناکڕین. بەڵکو رۆڵەکانی ئێمە، ئەندازیارەکانی ئێمە دروستی دەکەن. ئەوان چاودێری دەکەن و پەکەکەش وەک مشک رادەکات".
سۆیڵو ئاشکراشی کرد کە ھێزە دەرەکییەکان دەیانەوێت گوشار لەسەر تورکیا دروست بکەن و گوتیشی: "بە ئێمەیان گوت 'ناتوانن بچنە ناو عەفرینەوە'، چووین و پەکەکەمان رزاندەوە. جا چی ئەمریکا یان ئەورووپا بیڵێت. بە ئێمەیان گوت 'لە باکووری عێراق دەوڵەت دادەنرێت'. یەک ساڵ و نیو پێش ئێستا گشتپرسی کرا، ویستیان لە باکووری عێراقەوە تا عەفرین ھێڵێک رابکێشن. ویستیان پەیوەندی تورکیا لەگەڵ گشت جوگرافیای باشوور بپچڕێنن. ویستیان ئێمە بە بەڕێوەبردنی ئەم شوێنانە لە لایەن پەکەکە قایل بین، بەڵام بشمرین ناهێلین. ھەندێک لایەن لە ٢٤ی حوزەیرانیش ھەمان شتیان کرد. ئێستاش گوایە لە بەشێکی پارێزگاکان پەرلەمانتارانی ھەدەپە کە باڵی سیاسی رێکخراوی تیرۆریستی پەکەکەیە، بەمەبەستی ئازادکردنی "ئاپۆ" لە ئیمرالی رێپێوان بکەن. منیش گوتم، ئەگەر رێگەمان بە رێپێوانتان دا ئەوە ئێمە پیاو نین".