Kemal Karadağ,İsmet Karakaş
30 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 30 ئادار 2021
ئەنقەرە- AA
سبەی دادگای دەستووریی تورکیا، یەکەم دانیشتن لەسەر دۆسیەی داخستنی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) ئەنجام دەدات.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست ئاژانسی ئانادۆڵو کەوتوون، ئەو نووسەری دادگا کە ئەرکی خوێندنەوەی دۆسیەکەی پێبەخشرابوو، راپۆرتێکی لەسەر دۆسیەکە ئامادە کرد و پێشکەش بە دەستەی دادگای دەستووریی کرد.
بڕیارە سبەی دادگای دەستووریی یەکەم دانیشتن لەسەر دۆسیەکە ئەنجام بدات بۆ بڕیاردان لەسەر قبوڵکردن یان قبوڵ نەکردنی سکاڵانامەکە.
- قۆناغی دادگاییکردنەکە چۆن بەڕێوەدەچێت؟
ئەگەر سکاڵاکە پەسەند بکرێت ئەوا بۆ بەرگری لەخۆکردن، دۆسیەکە دەنێردرێت بۆ هەدەپە و پێویستە ئەو پارتە لەو ماوەیەدا کە دادگا بۆی دیاری دەکات، بەرگری لەخۆکردن ئەنجام بدات.
دوای یەکەم بەرگری لەخۆکردنی هەدەپە، سەرۆکایەتی داواکاری گشتیی دادگای باڵای ئەنقەرە، بەکر شاهین کە سکاڵانامەکەی ئامادە کردووە، تێڕوانینە بنچینەییەکانی خۆی دەخاتەڕوو.
دوای کۆتاییهاتنی ئەم قۆناغانە نووسەری دادگا تەواوی بەڵگە و زانیارییەکان کۆدەکاتەوە و لە بارەیەوە راپۆرتێک ئامادە دەکات.
دواتر راپۆرتەکە دەدرێتە ئەندامانی دادگای باڵای دەستووریی و سەرۆکی دادگاکە رۆژێک بۆ کۆبوونەوە دیاری دەکات، لەو کۆبوونەوەیەدا ئەندامانی دادگای باڵای دەستووریی راوبۆچوونی خۆیان دەربارەی داخستنی هەدەپە دەخەنەڕوو.
داخستن یاخود بڕینی بەشە بوودجەی پارتەکە پێویستی بە بڕیاری ١٠ ئەندام لە کۆی ١٥ ئەندامی لیژنەی دادگای باڵای دەستووریی هەیە.
دواتر بڕیارەکە بە هەدەپە رادەگەیندرێت و لە رۆژنامەی فەرمیشدا بڵاودەکرێتەوە.