Hemın Othman Mohammed
18 شوبات 2016•نوێکردنەوە: 20 شوبات 2016
وەزیری دەرەوەی توركیا مەولوود چاوشئۆغڵو رایگەیاند "هیچ هێزێك ناتوانێت توركیا پاشگەز بكاتەوە و بەری پێ بگرێت لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و ئەو رێگایەی باوەڕمان پێیەتی. تا كۆتایی بەردەوام دەبین لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر".
لەمیانی سەردانێكیدا بۆ ئازەربایجان، وەزیری دەرەوەی توركیا مەولوود چاوشئۆغڵو لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە كۆبووەوە.
پاش كۆبوونەوەكە، چاوشئۆغڵو لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "یەپەگە لە سووریا، هیچ جیاوازیەكی نییە لەگەڵ رێكخراوە تیرۆریستیەكانی داعش، پەكەكە و DHKP-C. لە هەموو چینەكانی یەپەگەدا ئەندامانی پەكەكە بوونیان هەیە كە لە قەندیلەوە هاتوون. ساڵح موسلیم، خۆیشی لەلایەن رژێمی سووریاوە لە قەندیلەوە بانگهێشت كرا و راستەوخۆ لە ئەسەدەوە فەرمانی وەرگرتووە بۆ ئەوەی دژی توركیا بوەستێتەوە. هەموو بەڵگە و زانیاریەكانمان لەبەردەستدایە. بە هەستیاریەوە لێكۆلینەوە دەكرێت لەبارەی ئەوەی كێ لە پشت هێرشەكەوە بووە. لە كورتترین ماوەدا لە ئەنقەرەوە روونكردنەوەی پێویست بڵاودەكرێتەوە. با ئەوە بزانرێت كە هیچ هێزێك ناتوانێت توركیا پاشگەز بكاتەوە و بەری پێ بگرێت لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و ئەو رێگایەی باوەڕمان پێیەتی. تا كۆتایی بەردەوام دەبین لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر. بۆ ئەوەی لە توركیادا تیرۆر بنبڕبكەین هەنگاوی سیاسیمان هەڵنا. گوتمان یەكیتی میللی، قۆناغی چارەسەر و نیاز باشی خۆمان نیشان دا، بەڵام ئەو نیازباشیەمان لە رێكخراوی تیرۆریستیدا بەدی نەكرد".