Hemn Osman
24 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 26 کانوونی یەکەم 2015
سه‌رۆكی په‌رله‌مانی توركیا ئیسماعیل قەهرەمان، ئاماژه‌ی به‌وه كرد كه پێویسته سازان له‌سه‌ر سیستمی په‌رله‌مانی، سیستمی نیمچه سه‌رۆكایه‌تی یان سیستمی سه‌رۆكایه‌تی بكرێت. ئەو باسی له‌وه كرد كه ده‌ستووری نوێ له به‌ڵێنی هه‌ڵبژاردنی هه‌موو پارته‌كاندا هه‌بووه.
سه‌رۆكی په‌رله‌مانی توركیا، ئاماژه‌ی به‌وه كرد كه ته‌واوی پارته‌كان و كۆمه‌ڵگە به‌ته‌واوی هاوڕان له‌سه‌ر گۆڕینی ده‌ستوور و گوتی: "كاتێ به‌ڕێز سه‌ركۆمارمان ده‌ڵێت پێویسته ده‌ستوور بگۆڕدرێت، مه‌به‌ستی له‌وه‌یه كه سیستمی سه‌رۆكایه‌تی، نیمچه سه‌رۆكایه‌تی یان سیستمی په‌رله‌مانی، ده‌بێت دووانیان هه‌ڵبگیرێن. ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ پارتی ده‌سه‌ڵاتدار و سهركۆمار هه‌مان بۆچوونیان نه‌بێت، ئه‌وە توركیا ده‌كه‌وێته كێشه‌یه‌كی زۆره‌وه و سه‌قامگیری تێك ده‌چێت. پێویسته ئیراده‌ی ده‌سته‌به‌ركردنی سه‌قامگیری به‌ش به‌ش نه‌كرێت. له یاسادا یه‌ك بنه‌ما هه‌یه ده‌ڵێت 'ده‌سه‌ڵات دابه‌ش ناكرێت' واتە به‌ش به‌ش ناكرێت. پێویسته ئه‌و بنه‌مایانه بخرێنه به‌رچاو و به‌پێی ئه‌وه هه‌نگاو بنرێت".
قەهرەمان، جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش كرده‌وه كه په‌یوه‌ست به‌و پرسه، پێویسته په‌یڕه‌وی نێوخۆی په‌رله‌مان كه زۆرجار گۆڕاوه تاوتوێ بكرێت و گوتی: "ده‌بێت ئه‌و ماددانه تاوتوێ بكرێن كه كێشه له به‌رده‌م چالاكییه‌كانی یاسادانان دروست ده‌كه‌ن. ده‌بێت سه‌رله‌نوێ گفتوگۆ له‌سه‌ر یاسای هه‌ڵبژاردن و یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانتار بكرێت. له‌م قۆناغه‌شدا هه‌وڵی ئه‌وه ده‌ده‌ین. به ئیزنی خوا ده‌گه‌ینه ئه‌نجام. به‌دڵنیاییه‌وه ئه‌نجامدانی به دانوستان رێگەیه‌كی گونجاوه، له‌سه‌ر ئه‌و رێیه ده‌ڕۆین".
له وه‌ڵامی پرسیارێكدا له‌باره‌ی كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆكوه‌زیرانی توركیا ئه‌حمه‌د داودئۆغڵو، له‌گه‌ڵ سهركردهکانی پارته‌كانی نێو په‌رله‌مان، ئیسماعیل قەهرەمان گوتی: "هه‌ڵویستی به‌ڕێز سه‌رۆكوه‌زیرانمان، تاوتوێكردنی نائاسایی بابه‌ته‌كانه، به‌دوای دانوستاندا ده‌گه‌ڕێت. به‌ئیزنی خوا ئه‌نجامی به‌سوود دەست ده‌كه‌وێت. كۆبوونه‌وه بنه‌مای دیموكراسییه، رێز و حورمه‌ت گرتنه له بۆچوون".