AA
04 شوبات 2016•نوێکردنەوە: 07 شوبات 2016
گوتەبێژی هەدەپە و پەرلەمانتاری ئەو پارتە بۆ پارێزگای قەرس ئەیهان بیلگەن، لەبارەی بەڕێوەچوونی یەكەم كۆبوونەوەی لیژنەی سازان لەسەر دەستوور لە پەرلەمانی توركیا دەلێت،"بەگرنگی دەزانین سەرۆكی پەرلەمان نوێنەری پارتە سیاسییەكان و ئەندامانی لیژنەی سازان لەسەر دەستوور كۆبكاتەوە".
لەمیانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە لقی هەدەپە لە قەرس بیلگەن، بەڕێوەچوونی یەكەم كۆبوونەوەی لیژنەی سازان لەسەر دەستووری بە سەرۆكایەتی سەرۆكی پەرلەمانی توركیا ئیسماعیل قەهرەمان هەڵسەنگاند.
بیلگەن گوتی: "لەلایەك بە بانگەشەكردن بۆ دەستوور كاردەكرێت، لەلایەكی دیكەشەوە بەو دەستوورەی هەیە هەوڵی سەختكردن و سنوورداركردنی سیاسەتكردنی پارتە سیاسییەكان دەدرێت".
بیلگەن ئاماژەی بە گرنگی كاركردن بۆ دەستوور كرد و درێژەی بە گوتەكانی دا.
بیلگەن گوتی: "كۆكردنەوەی نوێنەرانی پارتە سیاسییەكان و ئەندامانی لیژنەی سازان لەسەر دەستوور لەلایەن سەرۆكی پەرلەمانەوە بە گرنگ دەزانم. وەك پێشتریش گوتوومانە ئەوەی لەدەستمان بێت بۆ خزمەتكردن بە ئاشتی دیموكراتیزەكردنی توركیا پێشكەشی دەكەین. ئەندامانی هەدەپە لە لیژنەی سازانی دەستوور، دوو كۆبوونەوەی داخراو لەگەڵ ئەو رێكخراوە دیموكراتییانەی لەبواری دەستووردا كاریان كردووە، رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و دەستپێشخەرانی بوارەكە لە ئەنقەرە و ئیستانبوڵ ئەنجام دەدەن. لە كۆبوونەوەكاندا رۆژنامەوانان و كەسایەتییە ئەكادێمییەكانیش بەشداردەبن و بیرو بۆچوون و پێشنیاز و رەخنەكانیان سەبارەت بە كارەكانی دەستوور و چاوەڕوانیەكانیان لە ئێمە وەردەگیرێت و لەو روانگەوە ئێمە كارەكانمان لە لیژنەی سازان لەسەر دەستوور و چالاكییەكانمان لەناو كۆمەڵگەدا لەبارەی دەستووەرەوە رێكدەخەین".
- روونكردنەوەكانی سەركۆماری توركیا ئەردۆغان
بیلگەن جەختی لەوەكردەوە ئەوەی كە دەستوورێكی دیموكراتی لە چ دۆخێكدا دەنووسرێتەوە ئێجگار گرنگە و لەوبارەیەوە روونكردنەوەكانی سەركۆمار رەجەب تەیب ئەردۆغان مایەی خەم و دڵەراوكێن.
راشیگەیاند ''كاتێك كە لیژنەیەك لە پەرلەمان درووستكراوە و هێشتا یەكەم كۆبوونەوەی نەكردووە، سەركۆمار دێت و باسی دەنگی ٣٣٠ پەرلەمانتار دەكات، ئەمە دۆخێكە مایەی دڵەڕاوكێیە. تەنانەت ئەگەر دەنگی ٣٦٧ پەرلەمانتاریش مسۆگەر بكەن، لەوانەیە نەتوانن دەستوور بخەنە رێفراندۆمەوە، دەتوانن هەموو گۆڕانكارییەكانی لەناو دەستووردا دەكرێت ئەنجامی بدەن، بەڵام ئەنجامدانی گۆرانكاری لەدەستووردا و نووسینەوەی دەستووری نوێ دوو شتی جیاوازن''.
بیلگەن ئاماژەی بەوە كرد كە گۆڕینی یەك ماددەی دەستوور پێویستی بە دەنگی ٣٣٠ پەرلەمانتار هەیە و گوتی: ''بەستنەوەی فەلسەفە و رۆحی دەستوور و نەهێشتنی دەستووری كودەتا و بوونی دەستوورێك كە زۆرینە پشتیوانی لێ بكات و هاوچەرخ، دیموكراتی و ئازادیخوازانە بێت، بەستنەوەی ئەمە بە ٣٣٠ پەرلەمانتارەوە، قەتیسكردنی ئەمە لەچوارچێوەی ئەو ژمارەیە لە پەرلەمانتاران، واتە دابەزاندنی ئاستی شەرعیەتی ئەو دەستوورە نوێیەی كە دەنووسرێتەوە. چیتر پێویستە بەرێز سەركۆمار خۆی لەو گوتە و هەڵوێستانە بەدووربگرێت كە هەژموون بەسەر میكانیزمەكانی نێو پەرلەمانەوە درووست دەكەن''.
- هێرشەكانی قاوەخانەكانی ئیستانبوڵ
گوتەبێژەكەی هەدەپە بە ئاماژەدان بۆ ئەو هێرشانەی لەماوەی سێ رۆژی رابردوودا كراونەتە سەر قاوەخانەكانی ئیستانبوڵ، ئاماژەی بەوە كرد كە روودانی ئەم هێرشانە لەكاتێكدا مشتوومڕ سەبارەت بە دەستوور و سیستمی حوكمڕانی لەئارادایە، هاوشێوەی ئەو هەوڵانەیە كە پێش ١٢ی ئەیلوول دەیانویست كودەتا وەك چارەسەرێك بەسەر كۆمەڵگەدا بسەپێنن.
بیلگەن، باسی لەوە كرد كە پێش رووداوەكانی 12ی ئەیلوول، دۆخێكی هاوشێوەی ئێستا دروست كرا و هاووڵاتیانی مەدەنی دەكرانە ئامانج، لەو رێگەیەشەوە لای خەڵكی هەستی "با سەرباز دەست بەسەر حكوومەت"دا بگرێت بەهێزكرا، گوتیشی: "پێدەچێت لە قۆناغی داهاتوودا سیستمی سەرۆكایەتی بەكاربهێنن وەك رێگایەك بۆ دەرچوون لەو پشێوی و قەیرانە و بڵێن بەو سیستمە چارەسەر دەكرێت".
ئایهان بیلگەن، رەخنەی لەو سزایە گرت كە پێش یاری نێوان فەنارباهچە و چالاكیەكانی ئامەد سپۆرتیف لە جامی زەراعاتی توركیا، بەبیانوی قەرەباڵغی تەماشەكارانەوە سەپێنرا بەسەر تیمی چالاكیەكانی ئامەد سپۆرتیفدا و گوتی: "ئەگەر لە وڵاتێكدا رستەی با منداڵان نەمرن ببێتە هەڕەشە، دەسەڵاتی سیاسیی نیگەران بكات و ببێتە رستەیەكی تۆقێنەر، ئەوا بەڕاستی لەو وڵاتەدا مەترسیەك هەیە كە جێگەی نیگەرانی و خەمە".
هاوكات بیلگەن ئاماژەی بەوە كرد كە لێكۆڵینەوە و لێپرسینەوە سەبارەت بەو 70 ئەكادیمستە دەستی پێ كردووە كە لە زانكۆی ئەنقەرەوە واژۆیان لەسەر بەیاننامەی ئەكادێمیستەكان كردووە بۆ ئاشتی و گوتی: "پێشتر نموونەی خراپی لەم شێوەیە روویانداوە. پێش ساڵی 1960 پارتی دیموكرات لەگەڵ زانكۆكان و ئۆپۆزسیۆندا كەوتە كێشمەكیشمێكی جددیەوە. لەو سەردەمەدا دەستكرا بە راگواستن و دوورخستنەوەی یەكێك لە دێرینترین زانكۆكانی توركیا، یەكێك لە دێرینترین كۆلێجەكانی توركیا بۆ كۆنیا. رەنگە دەسەڵاتی سیاسیی ئەمڕۆ پلانی راگواستن و دوورخستنەوەی زانكۆكانی نەبێت بۆ شارێكی دیكە، بەڵام كاتێك لە یەك زانكۆدا 70 ئەكادێمیست بۆچوونی خۆیان رادەگەیەنن و لێكۆلینەوەیان لەگەڵ دەكرێت و بۆچوونەكەیان بە هەڕەشە دەبینرێت، ئەوە بەڕاستی مایەی نیگەرانیە".