Miraç Kaya
11 حوزەیران 2022•نوێکردنەوە: 11 حوزەیران 2022
باڵكەسیر - AA
رووداوێكی هاتووچۆ لە قەزای دورسونبەی سەر بە پارێزگای باڵكەسیر روویدا و لە ئاکامدا حەوت كەس گیانیان لەدەستدا و ١١ی دیکەش برینداربوون.
لەسەر رێگەی سەرەکی دورسونبەی-کاپسوت مینی پاسێک و بارهەڵگرێکی کۆکردنەوەی شیری بەیەکیانداکێشا و لەشوێنی رووداوەکەدا دەستبەجێ شەش کەس گیانیان لەدەستدا و ١٢ی دیکەش برینداربوون.
ژمارەیەکی زۆر لە جەندرمە، پۆلیس و تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە، تەندروستی، ئیدارهدانی كارهسات و باری لهناكاو (AFAD) و تيمى بەهاناوەچوونى پزيشكيى نيشتيمانى (UMKE) رەوانەی شوێنی رووداوەکە کران.
بریندارەکان بۆ نەخۆشخانەکانی قەزای دورسونبەی و کەپسوت گوازرانەوە و دواتر لەوێ گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی ئەتاتورکی شاری باڵکەسیر. سەرەڕای هەوڵەکان یەکێک لە بریندارەکان نەتوانرا رزگار بکرێت و گیانی لەدەست دا. چارەسەری ١١ بریندارەکەی دیکە لە نەخۆشخانەکە بەردەوامە.

تەرمی ئەو کەسانەی لە رووداوەکەدا گیانیان لەدەستداوە گەیەندراونەتە مۆرگەکانی نەخۆشخانەکان.
باس لەوە دەکرێت کە ئەو کەسانەی لەناو مینی پاسەکەدا بوون لە دورسونبەی-ەوە بەڕێکەوتن بۆ بەشداریکردن لە ئاهەنگێکی هاوسەرگیری لە باڵکەسیر.
هەروەها ئۆتۆمبێلەکان به هاوكاری كرینێك له شوێنی رووداوهكه گوازرانەوە و دوای کاری پاککردنەوەی رێگاکە هاتوچۆ لەشوێنەکە ئاسایی بووەوە.
- پارێزگاری باڵکەسیر، بەدواداچوونی بۆ رووداوەکە کرد
پارێزگاری باڵکەسیر، حەسەن شلداک کە شانبەشانی تیمەکان لە شوێنی رووداوەکەدا ئامادە بوو، لێدوانی بۆ رۆژنامەنووسان دا و گوتی: "پێدەچێت هۆکاری رووداوەکە بەهۆی خلیسکی ریگاکەوە بووبێت، تیمەکانی هاتووچۆ و جەندرمەمان لێکۆڵینەوەی پێویست دەکەن. ئێمە لە ئێستادا لەگەڵ هاووڵاتیانمانداین، هەموو پێداویستیەکانیان دابین دەکرێت، هەموو رێکارێک دەگرینەبەر. لێرەدا ئەگەر هەڵەیەک هەبێت لەڕووی هاتوچۆ و رێگاوە پشکنینیان بۆ دەکەین. سەرەخۆشی لە کەسوکاری ئەو کەسانە دەکەین کە گیانیانلەدەستداوە و هیوای زووچاکبوونەوەیش بۆ بریندارەکانمان دەخوازم".