ئورفە
هاوسەرۆكی پارتی هەدەپە سەڵاحەدین دەمیرتاش و شاندی یاوەری لە رێگەی دەروازەی مورشید پنارەوە بە مەبەستی لێكۆڵینەوە چوونە شارۆچكەی كۆبانێ، لەكاتی گەڕانەوە دەمیرتاش كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ساز كردو گوتی: "چەكدارانی داعش بە دوو كیلۆمەتر لە شارۆچكەی كۆبانێوە دوورن، ئەگەر ئەمڕۆ دەست بخەینە ناو دەست ئەوا دەتوانین داهاتوومان بونیات بنێین."
هەروەها دەمیرتاش لە كۆنگرە رۆژنامەوانیەكە لەسەر سنووری توركیا رایگەیاند: "لەسێ لاوە گەمارۆی كۆبانێ دراوە، تەنیا لەدیوی سنووری توركیا لە ناوچەی سوروچ داعش گەمارۆی كۆبانێی نەداوە، بەڵام لێَرەشدا لە دیوی سنووری توركیاوە كێشەی جددی هەیە، كۆبانێ لەدڵی مرۆڤەكانە، بۆ پارێزگاری و پشتیوانی لە كۆبانێ لە هەموو شوێنێكی توركیاوە روو لە شارۆچكەی سوروچ دەكەن."
هاوكات دەمیرتاش گوتیشی: "وەك ئەوەی سەرۆكوەزیران ئاماژەی پێكرد، داعش هەڕەشەیە بۆ سەر گەلی توركیا و ماوەیەكی درێژە ئەوەمان گوتووە، پێویستە درك بەوە بكەین كە بەرژەوەندی گەلانی توركیا و رۆژئاوا هەمان شتە."
هاوسەرۆكی پارتی هەدەپە باسی لە رەوشی خراپی كۆبانێ كردو گوتی: "خەڵكی كۆبانێ بە توانایەكی كەم بەرخودان دەكەن و بەردەوامیشن."
دەمیرتاش گوتی: "ئەو كوردانەی لە سوریا دەژین هەڕەشە نین بۆ سەر توركیا. بۆ ئەوە نییە كێشە بۆ خەڵكی سوروچ دروست بكەین، بۆ چارەسەركردنی كێشەكان ئامادەین لەوێ، هەڕەشەی راستەقینە بە دووری دوو كیلۆمەترە لەتوركیا، پێویستە پێكەوە لەدژی ئەوانە بوەستینەوە، پێویستە ئەو بیرە خراپە پێكەوە بوەستێنین، ئەگەر دەست بخەینە ناو دەست دەتوانین رێگری لەوانە بكەین، پێویستە گەلانی توركیا دەست بخەنە ناو دەست ئەو كات دەتوانین داهاتوومان بونیات بنێین، لەم كاتەی ئێمە قسە دەكەین لە بەرەكان شەڕ بەردەوامە لە دژی داعش، لەگەڵ كەمی ئیمكانیەتەكان گەلی كۆبانێ بەردەوامە لە بەرخودان، داعش كە چەكی نوێ و تەكنەلۆژیای ئەمریكی و روسی هەیە بە خێراییەكی زۆرەوە بەردەوامە لە داگیركاری، بۆ رزگار بوون لەو وەحشیگەرانەیە تەنیا دەست لە ناوەدەست و یەكێتییە، ئەگەر باس لە بەردەوامی ئەو پرسە بۆ دووساڵ دەكرێ ئەوا ئەمڕۆ رۆژی یەكلایی كردنەوەیە."