ئورفە
یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی تورکیا نەعمان کورتوڵموش و وەزیری خۆراک و کشتوکاڵ مەهدی ئەکەر و وەزیری ناوخۆ ئەفکان ئالا، سەردانی ئەو ئاوارانەیان کرد کە چوونەتە تورکیا و لەناو خوێندنگەی سوروچ دەمێننەوە لەسەر سنووری تورکیا - سوریا.
کورتوڵموش دواتر سەردانی بنکەی تۆماری ئاوارەکانی کرد کە لە لایەن ئافاد (دەزگای رووبەڕووبوونەوەی کارەساتە سروشتییەکان)ەوە کراوەتەوە، هەروەها سەردانی ئەو ناوچەیەی کرد کە بڕیارە چادری تایبەت بە ئاوارەکانی تیادا هەڵبدرێ.
هەر یەک لە شاندی یاوەری کورتوڵموش لەگەڵ ئاوارەکانی سوریادا کەوتنە قسە و دواتر لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنووسان، ئاماژەی بەوەکرد کە بە بەرچاوی جیهانەوە ماوەی سێ ساڵە شەڕی سوریا بەردەوامە.
کورتوڵموش باسی لەوەکرد کە رژێمی سوریا بە بەرچاوی خەڵکەوە "تیرۆر" ئەنجام دەدا و گوتی: "لە ئەنجامدا ئێستا رووبەڕووی پێکهاتەیەک بووینەتەوە کە ناوی داعشە، دوای کۆنترۆڵکردنی زیاتر لە ٢٠ گوند لە ناوچەی کۆبانێ، هاوکات لە سنوورەکانمان نزیک دەبنەوە و دواتر رووبەڕووی شەپۆلێکی کۆچکردن بووینەتەوە، وەک دەزانن لە ئامادەباشیداین بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەموو ئەو سیناریۆیانەی کە پێشمان پێدەگرن، لەم چوارچێوەیەدا لە کۆبوونەوەکاندا خۆمان ئامادەکرد بۆ لەخۆگرتنی زیاتر لە ١٠٠ هەزار کۆچبەر، شەوی رابردوو پێنج هەزار کەس لە ئاوارەی سوریا پەنایان بۆ تورکیا هێناوە و بەمەش ریژەی ئاوارەکان ٦٠ هەزاری تێپەڕاندووە."
کورتوڵموش ئاماژەی بەوەکرد کە تورکیا بووەتە "دەستێکی یارمەتیدەر" بۆ هەموو لایەک و گوتی: "بۆیە ئێمە باوەش دەکەینەوە بۆ ئەو برا سوریانەمان لەهەر رەنگ و ئاین و رەگەزێک بن، پێیان دەڵێین بەخێربێن، ئێستا لە خوێندنگەی سوروچ نزیکەی ٦٠٠ ئاوارەی سوری هەن. لە لایەن ئافادیشەوە ٣٥ چادر دروست دەکرێ هاوکات بیر لە دروستکردنی کەمپێک دەکرێتەوە کە سێ هەزار ئاوارە لەخۆی دەگرێ."
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا کورتوڵموش باسی لەوەکرد کە هەندێک لەو خێزانە سوریانە لە ماڵی کەسوکاریان دەمێننەوە و راشیگەیاند، ئێستا تورکیا رووبەڕووی شەپۆلێکی گرانی کۆچ بووەتەوە، کە تا ئێستا بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە رووبەڕووی بوونەتەوە.
هەروەها گوتی: "جارێکی دیکەش دەمانەوێ ئەوە بڵێین کە داعش هۆکار نییە، ئەگەر تۆ بێی و رێگری بکەی لە بەشداریکردنی سیاسی کوتلەیەکی گەورەی خەڵک لە عێراق و سوریا، ئەگەر رێگە بە ئازادی رادەربڕین نەدەرێ لە سوریا و عێراق و دەرگا بکەیتەوە لەبەردەم ناسەقامگیری ئاسایشدا، ئەوە دەشێ ئەمڕۆ رووبەڕووی داعش ببیتەوە، بەڵام سبەی شتێکی دیکە دروست دەبێ."