واشنتۆن
یاریدەدەری تایبەتی ئۆباما و بەڕێوەبەری كاروباری رۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە كۆشكی سپی، ئەفریقا و ناوچەی كەنداو فیلیپ گۆردۆن گوتی: "لە شەڕی دژی داعش نەتەنیا لە رووی سەربازییەوە بەڵكو لە رووی ئایدئۆلۆژی، شەڕڤانە بیانییەكان و رێگریكردن لە فرۆشتنی نەوت لە لایەن داعشەوە، پێویستیمان بە ھاوكار و ھاوبەش ھەیە و توركیا لەو چوارچێوەیەدا ھاوبەشێكی زۆر گرنگە. بۆیە ھەر وەكو ھاوپەیمانانی دیكە دەتوانین لە نزیكەوە لەگەڵ توركیایش كار بكەین."
گۆردۆن لە میانی گوتارێكدا كە لە كۆنفرانسی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست كە لە لایەن ناوەندی ستراتیژیكی جی سی ئیسەوە رێكخرابوو، پێشكەشی كرد گوتی: "بۆ شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش توركیا دەتوانێ رۆلێكی زۆر گرنگ بگێڕێ و لە ئێستادا توركیا دەرگای بۆ ھەزاران پەنابەری توركیا كردووەتەوە و ھەر لەسەرەتای قەیرانەكە لە نزیكەوە ئاگاداری كێشەكانی سوریا بووە."
گۆردۆن ھەروەھا گوتی: "توركیا ئەندامێكی سەرەكی پەیمانی ناتۆیە و ساڵانێكی درێژە ھاوپەیمان و ھاوبەشی ئەمریكایە، من پێم وایە توركیایش وەكو ئەمریكا ھەم پشتگیری لە گۆڕانكاری سیاسی لە سوریا دەكا ( كە لەم چەند ساڵەی دوایی توركیا بۆ ئەنجامدانی گۆڕانكاری سیاسی لە سوریا ھەوڵی زۆری داوە) ھەم لە ھەڕەشە و مەترسییەكانی تیرۆریستانی داعش تێدەگا، چەندین جار لە نزیكەوە لەگەڵ توركەكاندا دانیشتین، ئۆباما هەفتەی رابردوو بە تەلەفۆن پەیوەندی بە ئەردۆغان كرد و جێگری سەرۆكی ئەمریكا جۆ بایدن لە نیویۆرك لەگەڵ ئەردۆغان كۆ بووەوە، بۆیە زۆر راستە ئەگەر بڵێم لەو جۆرە پرسانەدا توركیا و ئەمریكا بەرەژوندی ھاوبەشیان ھەیە و پێم وایە كە توركیا ھاوبەشێكی زۆر نزیكی ئێمەیە."
ئەو بەرپرسەی كۆشكی سپی بە گرنگی زانی بە تایبەتی لە چەندین بواردا هەماهەنگی لەگەڵ توركیا بكرێ و لەو بارەوە گوتی: "ئەگەر بێتوو باس لە پرسی رێگریكردن لە رۆیشتنی شەڕڤانی بیانی بۆ نێو داعش و گەڕانەوەیان بۆ وڵاتانی دیكە بكەین ئەوا ھەست بەوە دەكەین بە ھۆی ھاوسنووری توركیا لەگەڵ سوریا، بۆمان دەردەكەوێت كە پێویستییەكی زۆرمان بە توركیا ھەیە، ئەمەیش بەشێكی گرنگی ھاوپەیمانی و ھاوبەشی نێوانمانە و ھەروەھا لە بواری فرۆشتنی نەوتی داعشیشدا بەو جۆرە پێویستیمان بە توركیا ھەیە."