دیاربەکر
ھاوسەرۆکی پارتی ئاشتی و دیموکراتیBDP رایگەیاند: پارتەکەی ئەوان خوازیارە کۆنگرەی نەتەوەیی کورد بەزوویی ساز بکرێ و چیتر دوانەخرێت، دەمیرتاش گوتی " باش دەزانین ھەندێک ھێزو لایەن ھەن کە ناخوازن کۆنگرەی نەتەوەیی سازبکەین، بەڵام دەبێ ئێمە لەبەرژەوەندیی گەلی خۆمان بڕیاربدەین، دواخستنی ئەمجارەی کۆنگرەی نەتەوەیی کورد بەھۆی خۆئامادەکردن بووە بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بەڵام ئومێدەوارین ئیتر دوانەخرێ و لەکاتی خۆیدا ساز بکرێت".
دەمیرتاش ھاتە سەر باسی پرۆسەی ئاشتی لەتورکیاو گوتی " پرسێکی سەد ساڵە ھەیە دەبێ بەجدی بیر لەچارەسەرکردنی بکرێـتەوە، ئومێدەوارین حکومەتی تورکیا رێز لەئیرادەی سیاسی کورد بگرێت و بەپچووکی تەماشای کورد نەکات، پێویستە ھەنگاوی جدی بنێ و پرۆسەی ئاشتی بەباشی بەرەو پێش بەرێ".
ھاوسەرۆکی BDP بەو جۆرە ھەڵسەنگاندنی کرد بۆ کردنەوەی بەشی کوردی ئاژانسی ئانادۆڵو " ھەنگاوێکی زۆر گرنگەو بەپچووکی تەماشای ناکەم، بەڵام ئەگەر زمانی کوردی بۆ حکومەت ئازاد بێ و بۆ لایەنی کوردی قەدەغە بێ، ئەوا شتێکی دروست نییە. حکومەتی تورکیا دەبێ باش بزانێ کورد حەقی ئەوەی ھەیە بەزمانی دایکی خۆی بخوێنێ و پەروەردە بکرێن".