Bilal Altıok
08 ئەیلوول 2022•نوێکردنەوە: 11 ئەیلوول 2022
بوردور - AA
شاری مێژوویی ساگالاسۆس کە بە "شاری عاشقان و ئیمپراتۆرەکان" ناسراوە دەکەوێتە قەزای ئاغڵاسون سەربە پارێزگای بوردور لە رێگای درۆنی FPVی تیمی ئاژانسی ئانادۆڵوەوە وێنەی گیرا.
شارەکە کە لە ساڵی ٢٠٠٩دا، خرایە ناو لیستی میراتی جیهانیی یونیسکۆ، بە کۆڵانە مێژووییەکانی سەردانیکەرانی دەگەڕێنێتەوە بۆ سەردەمی رۆمانییەکان.
لە شارە کۆنەکەدا کە باشترین نموونەکانی تەلارسازی رۆمانی نمایشکراوە و یەکێکە لە پێنج گەورەترین ناوەندی بەرهەمهێنانی سیرامیکی ئەو سەردەمە، سەردانکەران چانسی بینینی گەرماوە کۆنەکان و کۆشکی شارەکەیان هەیە.
سەردانکەران هەروەها سەردانی نافورەی ئەنتۆنین دەکەن کە بە "نافورەی عاشقان" ناسراوە و دەگوترێت ئەو کەسانەی لە ئاوی ئەو نافورەیەدا دەخۆنەوە عاشق دەبن.
شارە مێژووییەکە کە لە بەرزایی هەزار و ٧٠٠ مەتر لە قەدپاڵی چیای ئاکداغ دامەزراوە، رەنگدانەوەی شوێنەوارەکانی سەردەمی ئیمپراتۆریەتی رۆمانییە لە ماوەی هەشت مانگدا، میوانداری ٤٠ هەزار سەردانکەری کردووە.
جێگری سەرۆکی تیمی کنەوپشکنین، پرۆفیسۆر دکتۆر پیتەر تالۆین بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە بۆ یەکەمجار لە سەردەمی ئەلێکساندەری گەورە لە سەرچاوە نووسراوەکاندا ئاماژە بە 'ساگالاسۆس' کراوە.
پرۆفیسۆر دکتۆر پیتەر تالۆین بە ئاماژەدان بەوەی کە ساگالاسۆس لە سەردەمی ئیمپراتۆریەتی رۆمانیدا بووە گەورەترین و یەکەم شار لە ناوچەی پسیدیا، گوتی: "لە سەدەی حەوتەمی زایینیدا بوومەلەرزەیەکی گەورە شارەکەی هەژاند و زۆربەی شوێنەوارە کۆنەکان رووخان".

- "شوێنەوارەکانی شارەکە بە باشی پارێزراون"
جێگری سەرۆکی تیمی کنەوپشکنین، پرۆفیسۆر دکتۆر پیتەر تالۆین ئاماژەی بەوە دا کە پێیان وایە ژمارەی دانیشتووانی ناوەندی شارەکە لە سەردەمی رۆمانییەکاندا، نزیکەی پێنج هەزار کەس بووە، گوتی: "هەندێک تایبەتمەندی لە ساگالاسۆس هەیە کە لە شارە مێژووییەکانی دیکەدا نابینرێت. شوێنەوارەکانی شارەکە بە باشی پارێزراون. ساگالاسۆس بەرزترین شانۆی جیهانی کۆنی تیادا بونیاد نراوە، هەروەها لە بەرهەمهێنانی گۆزەدا زۆر بەناوبانگ بووە."
مامۆستا لە زانکۆی کۆچ، پڕۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر ئینگە ئویتەرهۆڤن ئاماژەی بەوە دا کە لە رابردوودا خەڵکی زۆر دەوڵەمەند لە شارە کۆنەکەدا دەژیان، گوتی: "پێیان وایە کۆشکی شارەکە سەربە خێزانێکی دەوڵەمەند بووە".
بەڕێوەبەری مۆزەخانەی بوردور، موراد کالیاغاسئۆغڵو رایگەیاند لە ماوەی هەشت مانگدا، ٤٠ هەزار کەس سەردانی ئەو شارە مێژووییەیان کردووە و پێشبینی دەکەین تا کۆتایی ساڵ ژمارەی سەردانکەران بگاتە ١٠٠ هەزار کەس.